حەیدەر نووری گەرعاوی، بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی گوت، “78 بنکە خراونەتە کار بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران”، ئاماژەی بەوەش کرد، “دوو شوێنی گەورەی دیکە لە شارەکانی موسەننا و کەربەلا کراوەتە کە توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە 340 هەزار تۆن گەنمی هەیە.”
روونیشیکردەوە، “دەیان بنکەی وەرگرتنی گەنمی لە نەینەوا و سەلاحەددین و پارێزگاکانی دیکە دامەزراندووە، بە ئامانجی وەرگرتنی تەواوی گەنمی جووتیاران لە ناوچە چێنراوەکان.”
حەیدەر نووری هۆشداریشی دا لەوەی هەندێک لە “بازرگانان و کەسانی دیکە لە هەوڵی تێکەڵکردنی گەنمی کۆن و خراپ بوون لەگەڵ بەرهەمی نوێدا”، ئاماژەی بەوەش دا، “تاقیگەکانیان زۆر وردن لە دیاریکردنی ئەو گەنمانەی تووشی شێ یان مێرووەکان بوون”.
ڕاشیگەیاندووە “کەشوهەوا و بەردەوامی سەرما و باران، بووەتە هۆی دواکەوتنی رێژەیی لە دەستپێکردنی پرۆسەی دروێنەکردن”، دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت “لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا دروێنە دەستپێبکات”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو”ستافی تەکنیکی و کارگێڕی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە کاتژمێر پێنجی بەیانییەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی دروێنەکردن.”
ئەمەش لە کاتێکدایە، نیگەرانییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەمی بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ساڵ دوای ساڵ حکوومەتی عێراق ئەو بڕە گەنمە بە ڕێژەی کەمتر دیاری دەکات کە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت بەراورد بە جووتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

