سلێمان تاشان – ههولێر
گرووپە میلیشیاکانی عێراق بوونەتە سەرئێشە بۆ دامەزراوە سەربازی و حکوومیەکانی عێراق و لە ماوەی ڕابردوو بەئامانجگرتنی ئەو گرووپانە لە لایەن ئەمریکا زیانی بە ژێرخانی سەربازی و دامەزراوە فەرمییەکان گەیاندووە و عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسیی پشێویی ناسەقامگیرییەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری داوە، بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە دوو ناوچەی نزیك سنووری سووریا لە میلیشیاكان و تەنانەت سوپای عێراقیش بستێنێتەوە و خۆی کۆنترۆڵیان بکات و ئەرکەکە بە ئەستۆ بگرێت و لە ڕێی پۆلیسی فیدراڵییەوە ئاسایشیان دابین بکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە هەردوو قەزای ڕومانە و قائیم لەسەر سنووری سووریا، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە هێزەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری وەردەگیرێتەوە و بە لیوای 24ی پۆلیسی فیدراڵی دەدرێن.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران بەهۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری و پێشڕەویی هێزەکانی دیمەشق زۆر ئاڵۆز ببوو.
هێزەکانی ئەحمەد شەرع لە چەند پارێزگایەکی سووریا پێشڕەویان کرد و بەشێک لەو ناوچانەیان لە ژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەرهێنا کە چەند ساڵ بوو لە لایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەبرا. هێزەکانی دیمەشق توانیان بەشێک لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا کۆنترۆڵ بکەن کە لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاسایشیان دەپارێزرا.
تا ئەو کاتەی هەسەدە لەو سنوورە هەبوو عێراق ترسێکی ئەوتۆی لە هێزەکانی سووریا نەبوو بەڵام دوای ئەمە جگە لە سوپای عێراق چەند لیوایەکی حەشدی شەعبیش لە سنوورەکان جێگیر کران بۆ ئەوەی ڕێ لە پێشڕەویی هێزە سوننە توندڕەوەکان بە تایبەتی پەڕینەوەی چەکدارانی داعش بۆ ناو خاکی عێراق بگرن.
لە پێنج هەفتەی ڕابردوودا کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێ کردووە دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە. ئەو گرووپە میلیشیایانە لە جیاتی ئەوەی لەبیری کۆنترۆڵی سنوورەکان و دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆی عێراقدا بن، خۆیان بوونەتە مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق و درۆنیان لە دامەزراوە سەربازی و دیپلۆماسییەکان و تەنانەت شوێنە گشتییەکان گرتووە.
ئەو گرووپانە کە دەبوایە ئاسایشی عێراق بپارێزن ئێستا لە عێراقەوە بوونەتە مەترسی بۆ سەر دەرەوەی سنوور و لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک درۆنیان ئاراستیە بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانیش کردووە.
لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە، ئەم بڕیارەیان لە چوارچێوەی پلانێكی ئەمنی دێت بۆ پاراستن و سەقامگیریی سەرجەم شارەکانی عێراق. هەنگاوەکە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو لایەنە سوننەكانی عێراق داوایان كرد میلیشیاكان لە شارەكان دوور بخرێنەوە، چونكە بارەگاكانیان بۆردمان دەكرێن و ژیانی خەڵكی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە.
هێزەکانی ئەمریکا لەو چەند هەفتەیەی جەنگدا دەیان هێرشیان کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی و ئەو گرووپانەی بە بەرەی مقاوەمە ناسراون و دەیانی لێ کوشتوون و زیانی زۆری پێگەیاندوون.
دوێنێ شەممە گرووپە میلیشیاکانی بەرەی مقاوەمە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایانگەیاند کە تەنیا لە ماوەی بیست و چوار سەعاتدا نۆزدە هێرشیان کردووە و دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیان بەکار هێناوە و چەندین شوێنیان لە ناوخۆی عێراق و دەرەوە کردووەتە ئامانج. ئەوان دەڵێن لە سەرەتای جەنگەکەوە سەرووی حەوتسەد هێرشیان کردووە. گرووپەکان بەرپرسیاریێتی زۆربەی ئەو هێرشانە لە ئەستۆ گرتووە کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەگەر لە تەواوی عێراق سنووریک بۆ ئەو پاشاگەردانییەی گرووپە میلیشیاکان دیاری نەکرێت ئەوا عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی زیان و مەترسیی گەورەتر دەکەنەوە و کاتی ئەوە هاتووە نەک وەزارەتی ناوخۆ بەڵکوو لە ئاستی حکوومەت و پەرلەمان و دادگای فیدراڵی رێوشوێنی توند لە دژیان بگیرێتە بەر.

