رۆژنامەی ھەولێر

مانگی یەکەمی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ٥٠% داشکان بۆ ھاوبەشانی نوێ دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرەڕای ئەو ھەموو شەڕەی بە ھەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، دروستکردنی کێشە لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ حکوومەتی ھەرێم، لە سنووری ھەر دوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک کارەبای نۆ قەزای دیکە بووە ٢٤ کاتژمێری. جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، پڕۆژەی ڕووناکی سەرکەوتووانە توانیویەتی تێچووی کارەبا بۆ زۆرینەی ھاووڵاتییان کەم بکاتەوە، بە جۆرێک ٨٠%ـی ھاوبەشان ئێستا پارەیەکی کەمتر لە جاران دەدەن.

پڕۆژەی رووناکی، پڕۆژەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کوردستانە کە کارەبای ٢٤ کاتژمێری دابین دەکات و خەڵک لە بڕی دانی دوو پارە، تەنیا یەک پارە دەدات، ھەروەھا بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی کارەبا، ئەم مانگە زۆرینەی خەڵکی کوردستان تەنیا ٣٥ ھەزار دیناریان بۆ ھاتووەتەوە.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، تاوەکو کۆتایی مانگی سێی ٢٠٢٦، نزیکەی ٤.٥ ملیۆن ھاووڵاتی کە زیاترە لە ٧٠%ـی ھاووڵاتییانی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، لە مانگی ئایاریشدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.
پڕۆژەی ڕووناکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ ھەموو کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ دابین دەکات. ئێستا سەنتەری ھەموو شارەکان کارەبای ٢٤ کاتژمێریان بۆ دابینکراوە.
لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستپێشخەرییەکی نوێ و بەرفراوان ڕادەگەیەنێت بە مەبەستی پشتگیریکردنی ھاووڵاتییان لە بابەتی دابینکردن و دانانی “گیزەر و سیستەمی سۆلەر” (وزەی خۆر).
قەزای کۆیەش چووە نێو پڕۆژەکەوە کە خاوەنی ٣٧ ھەزار و ٨٥٠ ھاوبەشە، ماڵێک لەو شوێنە نەماوەتەوە کارەبایان نەبووبێتە ٢٤ کاتژمێری، لەگەڵ جێگیربوونی پڕۆژەی ڕووناکی ٧١ مووەلیدەی ئەھلی لە سنوورەکە کوژاونەتەوە.
بەھۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەی گرتۆتەوە وایکرد کەمێک کارەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەدروستی لە کاتی خۆی ئەنجام نەدرێت، سەرەڕای ئاڵۆزیەکان و کەمبوونەوەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، کارەبای تەواوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە قەزا، ناحیە و گوندەکانیەوە بوو بە ٢٤ کاتژمێری، سنوورەکە خاوەنی ٦ قەزایە، سەنتەری سۆران، خەلیفان، مێرگەسۆر، چۆمان، ڕواندز و سیدەکان، ھەموو بە یەکەوە ٩٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبایان ھەیە، دابەشی سەر ماڵان، میری، کشتوکاڵی، پیشەسازی و بازرگانی بوونە، بەوەش تەواوی ھاووڵاتییان لەم خزمەتگوزارییە گرنگە سوودمەند دەبن. بەرپرسانی کارەباش لەو سنوورە داواکارن لە ھاووڵاتییانی خۆشەویست بەرچاوڕوونیان ھەبێت و بەپێی پێویست کارەبا بەکاربێنن، لەبەرئەوەی لەلایەن تیمی پڕۆژەی ڕووناکی بە نرخی نوێ یەکەکانی بەکارھاتوو ھەژمار دەکرێت.
تا ئێستا ٧٠٠ ھەزار ھاوبەش لە دھۆک سوودمەندن لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری و زۆرینەیان لە پڕۆژەکە ڕازین. شاکر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کارەبای دوو قەزای دیکە بووە ٢٤ کاتژمێری، لەوانە سێمێل کە ٦٦ ھەزار ھاوبەش لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ ئاکرێ کە ئەویش ٤٢ ھەزار ھاوبەشی ھەیە، بەوەش لە تەواوی سنووری دھۆک تەنیا دوو قەزا ماون کارەبایان ببێت بە ٢٤ کاتژمێری، ئەوانیش قەزاکانی شێخان و بەردەڕەشە، لەو دوو قەزایەش بەردەوام کار دەکرێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی بە ئەوانیش بگات.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دھۆک، گوتیشی: پێش کۆتایی ئەمساڵ، لە پارێزگای دھۆک بە ھەموو شارۆچکە و شارەدێیەکانەوە کارەبای ناوچەکە دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، بەمەش ژمارەیەکی یەکجار زۆری مووەلیدە دەکوژێنەوە و خەڵک کارەبای بەردەوامی دەبێت.
لە ھەر نۆ قەزاکە فەرمانگەکانی کارەبا داوا لە ھاووڵاتییان دەکەن لەمەودوا دەست بە کارەباوە بگرن، بەکارھێنانی ئامێرە کارەباییەکان کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی پارەی کەمتان بۆ بێتەوە، چونکە شار و ناوچەکانی دیکە پێشتر تووشی ئەم حاڵەتە ببوون، کە پارەی زۆرت بۆ ھاتەوە ھیچ ناکرێت دەبێت پارەکەت بدەی، بۆیە خۆپاراستن لە ئێستاوە لە ھەموو شتێک باشترە، موژدەیەکیش بۆ ئەو قەزایانەی کارەبایان بووەتە ٢٤ کاتژمێری، مانگی یەکەم ٥٠% داشکان بۆ ھاوبەشانی نوێ دەکرێت، مانگی دووەم ٢٥% و مانگی سێیەمیش ١٥%.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پڕۆژەکە بووەتە ھۆی ئەوەی ٨٠%ـی ھاووڵاتییان کەمتر لە جاران پارەی کارەبایان بۆ بێتەوە، بۆ نموونە لە مانگی شووباتدا نزیکەی نیوەی ھاوبەشانی پڕۆژەکە تەنیا بڕی ٣٦ ھەزار دینار پسوولەیان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمەش نیشانەی گونجانی ھاووڵاتییانە لەگەڵ سیستەمە نوێیەکە و دوورکەوتنەوە لە زێدەڕۆیی.
لە بارەی بڕینی کارەبا لە کاتی نەدانی کرێکەیدا، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ڕوونی کردەوە، سیستەمەکە بە شێوازێکە کە ھیچ ھاووڵاتییەک دەمودەست کارەبای لێ نابڕدرێت، بەڵکو ٥٠ ڕۆژ دەرفەتی پێ دەدرێت و سێ جار ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا پابەند نەبوو، ئەو کاتە سیستەمەکە بە شێوەیەکی خۆکارانە کارەباکەی دەبڕێت، بەھۆی ئەو داشکاندنانەی حکوومەت لە پڕۆژەی ڕووناکیدا کردوویەتی، نزیکەی ١٠ ملیار دینار بۆ گیرفانی ھاووڵاتییان گەڕاوەتەوە.
لەڕووی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانەوە، عەزیز ئەحمەد، گوتیشی: لە ماوەی سێ مانگی داھاتوودا ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بەردەست دەبێت کە ڕێگە بە ھاووڵاتییان دەدات ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان بکەن و بڕی بەکارھێنانی کارەباکەیان ببینن.