ئازاد جندیانی
دەسەڵاتی عەرەبی شیعەی عیراق، کە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرۆک وەزیرانەکەیدا بەرجەستە ئەبێ، هەر لە سەردەمی کابینەکانی مالکیەوە سیاسەتیان بەرامبەر بە کورد بە ئاراستەی ئاڵۆزکردن و گرژیدا بردووە، تا لە ٢٠١٧ دا گرژیەکەیان گەیاندە داگیرکردنەوەی کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی تری دابڕێندراو لە هەرێم و پەلهاوێشتن بۆ دەستدرێژی کردنە سەر هەرێم. لەو سەردەمیشەوە تا ئەم ساتەوەختە سیاسەتگەلی ستراتیژی فرە ڕەهەندی بە ئاراستەی بەکارتۆنیکردن و پوکاندنەوەی قەوارەی هەرێم بەخەستی پەیڕەوکردووە.
کورد، هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە (١٩٢١) لە دەرەنجامی ئەزموونی کوڵەکەبوودا متمانەی مکوم یان جێگیری بەوە نەبووە کە عەرەب لە بانگەشەی برایەتی لەگەڵ کورددا ڕاستگۆبێ، بەڵام وەک گریمانەیەکی لەرزۆک دەستی پێوەگرتووە و هەموو شکستخواردنێکی بەناو برایەتیەکەی بەوە پاساوداوە، کە ئەوە دەسەڵاتی تەنیا تایفەیەکی ئایدۆلۆژی و میلیتاری عیراقە برایەتی لەگەڵ کورد ناکات و تاوانە گەورەکانی ئەنفال و کیمیاباران و هیتریش نموونەی دوژمنایەتیکردنی کوردبووە نەک برایەتی.
بەوپێیە پتر لەهەشتا ساڵ (١٩٢١ – ٢٠٠٣) کورد وای مەزەندە ئەکرد، کە لە فەرمانڕەوایی تایفە عەرەبە زۆرینەکەی تردا برایەتیەکە مانا و ڕەهەندە ئەرێنیەکانی برایەتیەکە پراکتیزە ئەکرێ، بە تایبەت، کە هەشتا ساڵ لە چەوساندنەوە و نەهامەتیەکاندا بەڕێژەی جیاجیا هاوبەش بووین، هەر بۆیەش لە ڕۆژگاری شەڕی عیراق-ئێران و شەڕی یەکەمی کەنداو و تا ڕوخانی ڕژێمی بەعس بە هەردوو دۆخی پڕۆتۆکۆلمەندی و جەنتلمەنیەوە برایەتیەکە لە هاوپشتی و هاوپەیمانەتی و جارناجار لە هاوسەنگەریشدا بەرجەستەبووە. پەندێکی کوردی هەیە ئەڵێ هاوڕێیەتی لە پێکەوە گەشتکردندا تاقی ئەکرێتەوە، بۆیە ئێمەی کوردیش لە باشووردا، کە بەڕێژەی جیاواز لە سوننە و شیعە پێکدێین، پێمان وابوو کە دەسەڵاتی شیعەی عەرەب دەسەڵاتی برایانە ئەبێ، کەچی بەداخەوە لە گەشتی حوکمڕانی پێکەوەمان لە عیراقی دوای سەددامدا، بەکردەوە بۆمان دەرکەوت، کە ئێمە (بەخۆشمەوە ) لەوبارەوە ئەگەر ساویلکەش نەبووبین ئەوا هەڵە بووین. ئێستا لەهەموو وەختێک زۆرتر دروستی ئەو وتەیەکان بۆ ساغ ئەبێتەوە، کە لە ناو ئەزمووندارانی کورددا بڵاو بوو و ئەیانووت (عەرەب هەر عەرەبە) لێکدانەوەی ئەو وتەیە بەومانایەیە، کە عەرەب خۆی بەشایستەی برایەتی لەگەڵ کورد نازانێ، یاخۆ بە دەربڕینی تر کورد بەشایستەی ئەوە نازانێ عەرەب برایەتی لەگەڵ بکا.
نەوەنوێکانی کورد، بەوانەشەوە کە هێشتا تۆلازو کیژۆڵەن، ئێستا لەوە ئەگەن کە برایەتی ئاماژەپێدراوی کورد و عەرەب (کورد و هەموو ئەوانی تر) لە دۆخی بێ سەروەری و بێ دەوڵەتی کورددا ساویلکەیی و هەڵە و دروشمی شاعیرانەی نەوەکانی پێش خۆیانە و هیچی تر نیە.
لە کۆتاییدا ئەبێ هاوکارییەکی فەرمانڕوایانی بەغدا بکەم و ئەو ڕاستیەیان پێ بڵێم، کە بەرژەوەندیان لەوەدا نیە کورد تا ئەو ئەندازەیەی ئێستا سەخڵەت و بەدگومان بکەن بە ئەندازەیەک، کە لە بەراوردکاری ناچاری دۆست و دوژمندا بە خورتی و بێ دوودڵی بچنەوە سەر وتەکەی (عەرەب هەر عەرەبە).
