رۆژنامەی ھەولێر

میدیای دژ.. ڕۆڵی لە هەڵوەشاندنەوە و لاوازکردنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتیدا

شێرکۆ حەبیب
میدیا یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی هوشیاری و ئاگادارکردنەوەی جەماوەر لە کاروباری وڵات و ڕووداوەکانی کۆمەڵگا. بە تایبەتی بواری ڕۆژنامەگەری، کە بەهۆی ڕۆڵی گرنگی لە چاودێریکردنی دەسەڵات و ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان، بە دەسەڵاتی چوارەم، و خاوەن شکۆ ناسراوە ئەو کاتەی پابەند دەبێت بە بنەما و پێوەرەکانی کاری پیشەیی و ئەخلاقی ڕۆژنامەگەری.
بەڵام، بەداخەوە، هەندێک میدیا هەیە کە لە جیاتی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی و ڕاستییەکان، دەبێتە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای سیاسی و حزبی و کەسی، دوور لەراستی ئەم جۆرە میدیایە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست، دەنگۆ و زانیاریی بێ بنەما، هەوڵ دەدات ڕاستییەکان بشێوێنێت، گومان و ناکۆکی بخاتە نێوان هاووڵاتیان و ئاگری دووبەرەکی لە کۆمەڵگادا هەڵبگیرسێنێت.
ئەم میدیایە بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت و خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی ناکات، بەڵکو هەوڵ دەدات متمانەی نێوان هاووڵاتی و دامەزراوەکانی دەوڵەت لاواز بکات، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی تێکبدات و جیاوازیی بۆچوون بگۆڕێت بۆ ناکۆکی و دوژمنایەتی.
لەوەش گرنگتر، پێویستە جیاوازی لە نێوان میدیای دژ و میدیای ڕەخنەگر بکرێت. ڕەخنەگرتن لە حکومەت و دەسەڵات و دامەزراوەکان مافی ڕەوایە و بەشێکە لە بنەماکانی دیموکراسی، بەڵام کاتێک میدیا دەست دەکات بە درۆ، شێواندنی ڕاستی، هاندان بۆ ڕق و دوژمنایەتی و بڵاوکردنەوەی تۆمەت، چیتر ئەوە ڕەخنەی پیشەیی نییە، بەڵکو بەکارهێنانی میدیا بۆ زیانگەیاندنە بەو کۆمەڵگایە.
لە بڕی ئەوەی میدیا پردێک بێت بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لە دەستی ئەم جۆرە میدیایەدا دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ هاندان و پەرەپێدانی ناکۆکی. نەرێنییەکان گەورە دەکرێن، ئەرێنییەکان پشتگوێ دەخرێن، چیرۆکی بێ بنەما دروست دەکرێت و وەک ڕاستی پێشکەش بە جەماوەر دەکرێت. ئەمەش بە قۆستنەوەی نەزانی و زانیاریی کەمی هەندێک کەس، لەگەڵ خێرایی بڵاوبوونەوەی هەواڵ لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، مەترسییەکەی زیاتر دەبێت.
مەترسیی میدیای دژ تەنها لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروستدا نییە، بەڵکو لە کاریگەریی درێژخایەنی ئەو هەواڵانەدایە لەسەر بیرکردنەوە و هۆشیاریی کۆمەڵگا. ئەم جۆرە میدیایە گومان لە دڵەراوکە لە نێوان کۆمەڵگادا دەچێنێت، هیوا لاواز دەکات و متمانە بە دامەزراوەکان و پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان کەم دەکاتەوە، تا ئەو ڕادەیەی تاک هەست دەکات هیچ شتێک شایەنی متمانە نییە.
لێرەدا ڕۆڵی ئەم میدیایە لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگادا زیاتر دەردەکەوێت، کاتێک خەڵک متمانەیان بە یەکتری لەدەست دەدەن، شار و ناوچەکان دەبنە گۆڕەپانی تۆمەتبارکردن، جیاوازییە سیاسییەکان دەبنە هۆی دوژمنایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن. ئەمە قۆناغێکی مەترسیدارە، چونکە هەڵوەشاندنەوەی ناوخۆیی و تێکچوونی متمانەی کۆمەڵگا، هەندێک جار مەترسییەکی گەورەترە لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی.
لە کوردستاندا، کە خەڵکەکەی خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدان و ئەزموونی سیاسییە، پێویستە میدیا ڕۆڵێکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی بگێڕێت، نەک ببێتە هۆی دابەشبوون و لاوازکردنی یەکڕیزی. جیاوازیی سیاسی و حزبی بەشێکە لە ژیانی دیموکراتی، بەڵام نابێت ئەم جیاوازییانە ببنە هۆی دوژمنایەتی لەنێوان هاووڵاتیان یان زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵگا.
میدیای ڕاستەقینە ئەو میدیایەیە کە ڕاستی وەک خۆی دەگوازێتەوە، بەبێ ساختەکاری و زێدەڕۆیی، ئەو میدیایەیە کە ڕەخنە دەگرێت بۆ چاکسازی، نەک بۆ تێکدان، و هەڵەکان ئاشکرا دەکات بۆ ڕاستکردنەوەیان، نەک بۆ ناوزڕاندن و تۆڵەسەندنەوە. میدیای پیشەیی دەبێت دەنگی هاووڵاتی بێت، چاودێریی دەسەڵات بکات و ڕاستی بگوازێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕاستییە لەگەڵ بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکی سیاسییشدا نەگونجێت.
بۆیە، پێویستە جەماوەر هۆشیار بێت و هەر هەواڵ و زانیارییەک بەبێ پشتڕاستکردنەوە وەربگرێت. هاووڵاتی دەبێت جیاوازی بکات لەنێوان میدیای پیشەیی و بەرپرسیار، و ئەو میدیایەی کە بە درۆ و دەنگۆ و هاندان بازرگانی بە هەست و ئازاری خەڵک دەکات.
لە هەمان کاتدا، لەسەر ڕۆژنامەنووسانی پیشەیی بەرپرسیارێتییەکی گەورە هەیە، ئەوەی پابەندی ئەخلاقی پیشەکەیان بن و ڕێگە نەدەن قەڵەم و دەنگ و وێنەکانیان ببنە ئامراز لە دەستی ئەوانەی کە بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتی و سیاسیی خۆیاندا دەگەڕێن. چونکە وشە هێزێکی گەورەیە، دەتوانێت کۆمەڵگایەک بنیاد بنێت، هیوایەک دروست بکات و نیشتمانێک بەهێز بکات، هەروەها دەتوانێت متمانە تێک بدات و کۆمەڵگایەک بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببات.
لە کۆتاییدا، میدیا دەتوانێت ببێتە هێزێکی بنیادنان کە یەکڕیزیی کۆمەڵگا دەپارێزێت و هۆشیاریی گشتی بەهێز دەکات، یان ببێتە هێزێکی وێرانکەر کە متمانە و پێکەوەژیان تێک دەدات. بەرپرسیارێتیی ئەم هەڵبژاردنە تەنها لەسەر شانی خاوەن قەڵەم و کامێرا و شاشە نییە، بەڵکو لەسەر شانی ئەو کەسانەشە کە دەخوێننەوە، سەیر دەکەن و گوێ دەگرن.
چونکە میدیا تەنها ئاوێنەی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو دەتوانێت ئاراستەی بیرکردنەوە و چارەنووسی کۆمەڵگاش دیاری بکات.