یاسین قادر بەرزنجی
هونەرمەندی شێوەکار دلێر محەمەد شەریف لە کەرکوک لەدایک بووەو لە هەولێر دەژی، دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدینە، لە ١٩٨٤ تا ١٩٩١ پێشمەرگە بووەو لەو ساڵانەدا دوو پیشانگای گەڕۆکی تایبەتی کردووەتەوەو بەشداریی دوو پیشانگای هاوبەشیشی کردووە لە نێو بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەدا.
تا ئێستا ١٠ پیشانگای تایبەتی لە شارەکانی کوردستان کردووەتەوەو بەشداریی لە ٣٢ پیشانگای هاوبەشیشدا کردووە لەگەڵ هونەرمەندانی هەولێرو سلێمانی و کەرکوک و دهۆک.
ساڵی ٢٠١٦ بە شەش تابلۆ لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی دیکەدا بەشداریی ڤێستیڤاڵی لۆمانتیی کردووە لە پاریس و
لە زۆربەی گۆڤارە کوردییەکاندا مۆتیفی بڵاوکردووەتەوە،
ئەم هونەرمەندە ئەندامی سەندیکاکانی پارێزەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و یەکێتیی پەرلەمانتاران و کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانە.
لە ٥ی ئازاری ١٩٩٤دا، ڕەوانشاد کاک دارۆی شێخ نوری، لە تۆماری پیشانگایەکیدا نووسیویەتی :
[بە خۆشحاڵی و شانازییەوە ئەمڕۆ پیشانگای هونەرمەندو پێشمەرگەو لاومان کردەوە، لەبەردەمی یەک یەک تابلۆکان هەستم بە سۆزی کاکە دلێر کرد، گوێم لە ترپەی دڵ و گەرمیی هەناسەو جوڵانەوەی ویژدانی کرد].
کاک دلێر لە پیشانگای (ئاوازەکانی ڕەنگ)دا بە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) ی وتووە :
*ئەم ئەزموونەی کارەکانم کۆمەڵێک حاڵەتی هەڵچوون و کارتێکردنی دەوروبەرە لەسەر هەستی خۆم، گوزارشت لە حاڵەتێکی زەمەنی وشوێنێکی دیاریکراو دەکەن.
-لە تەموزی ١٩٩٧یشدا لە گەلەری زاموا ئەم هونەرمەندە هێژایە پیشانگای (تارماییە شینەکان) ی کردووەتەوە، سەبارەت پیشانگاکەی، لە ڕۆژنامەی (ڕێگای کوردستان) دا وتوویەتی :
*شین سەرقافڵەی ڕەنگەکانە، ڕەنگی دەریایە، ڕەنگی ئاسمانە، چاوی شینیش حاڵەتێکی ئەندێشەی مرۊڤە، شین دەربڕینێکە بۆ ژیان و هێمنی و خەونە ئەبەدییەکان.
هەروەها وتوویەتی :
*من هەمیشە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا دەکەم، لەگەڵ ژیانیداو لەگەڵ مردنیدا، کەسەکانی هەر کارێکی من ئاشنای منن، دوێنێ هاوڕێی نزیکم بوون و ئەمڕۆ دەیانبینم و لەگەڵ مندا دەتوێنەوە.
-سەبارەت پێنجەمین پیشانگایشی کە لە هۆڵی میدیا کرابووەوە، نووسەری بەڕێز تاریق کارێزی لە ڕۆژنامەی (برایەتی) دا نووسیویە:
*هەمان سیمای جاران لە تابلۆکانی دلێردا بەدی دەکرێ، دیدو گۆشەیەکی بچووکی سوریالییانە لە هەندێ تابلۆیدا، فیگەری ملکەچی خواستی خەون و ئارەزووەکانی کردووە، کارتێکرنی هونەری نیگارکێشیی عێراقی، لە داڕشتنی هەندێ لایەنی تابلۆکاندا بەدی دەکرا.
مایەوە بڵێین، کاک دلێر لە ئێستادا زۆربەی کاتەکانی بە نیگارکێشان و خوێندنەوەی کتێب و بابەتە شێوەکارییەکانەوە بەسەردەبات، بەهیوای بەردەوامی و ژیانی پڕ لە سەرفرازیم بۆ ئەم هاوڕێ و هونەرمەندە ئازیزەمان.
