رۆژنامەی ھەولێر

“فیستیڤاڵی داهێنانی زانستی پێویستە”

فەزیلە شۆرش
فیستیڤاڵەکانی بەرهەمهێنان، بازاڕکردن و فرۆشتنی کەلوپەل، بەرهەمی کشتوکاڵی یان کاری دەست، ڕۆڵێکی گرنگ لە پێشکەوتنی ئابووریی کۆمەڵگە بەگشتی و خێزان بەتایبەتی دەگێڕن. لەم ساڵانەی دواییدا، ئەم فیستیڤاڵ و چالاکییە بەرهەمهێنەرانە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ڕێک دەخرێن، بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە بازاڕکردن و هاندانی خەڵک بۆ کڕینی بەرهەمی خۆماڵی. لە هەمان کاتدا، دەرفەت بە ئافرەتانی خاوەنکار دەدەن بۆ ناساندنی بەرهەمەکانیان و گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازییە بچووکەکان لە کوردستاندا؛ ئەمەش بووەتە سەکۆیەک بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی ئافرەتانی دەستڕەنگین و بەتوانا.
بەدرێژاییی مێژوو، توانا زانستی، ئەدەبی و سیاسییەکانی ئافرەتانی کورد دەریان خستووە کە ئافرەتان خاوەنی لێهاتوویی، زیرەکی و داهێنەریی بێسنوورن و بەشدارییەکی بەرچاویان لە پەرەپێدانی شارستانیەت و خەباتی سیاسی و زانستیدا هەبووە و هەیە. سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و پیاوسالارییەی کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە، توانیویانە بە بەردەوامی جێگەی خۆیان لە ئاستەکانی زانست، پێشەنگی و ئەدەبدا مسۆگەر بکەن.
جێگەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ کوردستان بە سەدان ئافرەتی هەیە کە لە زانکۆ جیهانییەکان و ناوەندە پزیشکی و ئەندازیارییەکاندا دەخوێنن یان کار دەکەن. بۆیە، گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر ـ بەتایبەتی لە بواری زانستدا ـ تواناکانی ئافرەتان تەنها لە بواری کاری دەستی و کشتوکاڵیدا پۆلێن نەکەین، بەڵکو لە چالاکییە زانستییەکانیشدا، وەک پێشانگا نێودەوڵەتییە زانستییەکان لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوەیدا، ژمارەی بەشداربووانی ئافرەت بە ڕێژەیەکی زیاتر و بەرچاوتر هەبن، ئەوەش بۆ ئەوەی وزە و توانای ئافرەتی کورد بە تەواوی لە بواری داهێنەریی زانستید ڕەنگ بداتەوە و ببێتە هاندەرێک بۆ چوونەناوەوەی ئافرەتان بۆ بوارەکانی داهێنانی زانستی، تەکنەلۆژیا و ئەندازیاری. پێویستە ئافرەتیش خۆی زیاتر متمانەی بە توانا زانستی و هەوڵەکانی هەبێت و لە شکست نەترسێت، تاوەکو بتوانێت لە نێوان توێژینەوەی ئەکادیمی و داهێنانی زانستیدا بەهێزتر دەربکەوێت. بێشک، ئافرەتی کورد کەسایەتییەکی بەهێزە و خاوەن بەهرەیەکی زۆرە، بەڵام بێگومان خێزانیش ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە هاندان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی فێرکاری بۆ پەرەدان بە بەهرە و تواناکانی ئافرەت.
پێگەی ئافرەتان لە کوردستان بەرەو وەرچەرخانێکی گەورە ڕۆیشتووە لە بوارەکانی زانست و داهێنانی زانستیدا، و ئەمەش خۆی لە خۆیدا جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە بوارە زانستییەکان تەنها بۆ پیاوان قەتیس نەکراون؛ هەر بۆیەشە «فیستیڤاڵی داهێنانی زانستیش پێویستە».