مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ رایگەیاند: “جەختمان لەسەر مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان کردەوە و گەیشتووینەتە ئەنجامی زۆرباش.”
گوتیشی: “جێگەی دڵخۆشییە، کە لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان ئێمە و حکوومەتی عێراق هەبووە، بەتایبەتی لەسەر ئەوەی کە وەکو یەک هەرێم و یەک میزانییە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت، ئەمەش جێگەی دڵخۆشی ئێمە و هیوادارم جێگەی دڵخۆشی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت.”
سەرۆکی حکوومەت روونیشی کردەوە: “لەسەر بابەتی کۆڕمۆر هەردوولامان هاوڕابووین ئەمجۆرە هێرشانە لەسەر کێڵگە نەوتی و گازییەکان کۆتاییان بێت و لیژنەی لێکۆڵینەوەش لەسەر ئەم بابەت دروستکراوە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک، هیوادارین دوای ئەوە هەر تاوانبارێک لەو بابەتە بەدەرکەوت بە سزای یاسایی خۆی بگات.”
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانیشەوە رایگەیاند: “مووچەی هەرێمی کوردستان مسۆگەر و بەردەوام دەبێت.”

