رۆژنامەی ھەولێر

لە قوتابخانەوە بۆ کۆمەڵگە؛ بنیاتنانی کولتووری ڕێز و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی

ڕۆڵی توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە هۆشیارکردنەوە و پێشگرتن لە توندوتیژی
بینا حسن ڕەسول*
مانگی نۆڤەمبەر، لە چوارچێوەی هەوڵە جیهانییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان، دەرفەتێکی گرنگە بۆ نوێکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها ئەرکی دامەزراوە یاسایی و تەندروستییەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی خێزان، قوتابخانە و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەیە. چونکە توندوتیژی تەنها بە بریندارکردنی جەستە کۆتایی نایەت، بەڵکو دەتوانێت شوێنەواری قووڵ لەسەر دەروون، کەسایەتی، و متمانەبەخۆبوون و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ بەجێبهێڵێت. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، ئەگەر چی قوتابخانە شوێنێکە بۆ گواستنەوەی زانست و زانیاری، لەگەڵ ئەوەشدا قوتابخانە کۆمەڵگەیەکی بچووکە کە تێیدا دیاردە و کێشەکانی کۆمەڵگەی تێدا ڕەنگ دەدەنەوە. بۆیە، هەر ئەو ڕەفتار و پەیوەندییانەی لە خێزان و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا فێری منداڵ دەبن، دەتوانن بە شێوەیەک لە قوتابخانەدا دەربکەون؛ لە توندوتیژیی دەربڕین و سووکایەتیکردنەوە تا هەڕەشە،و هەراسانکردن،و جیاکاری و توندوتیژیی جەستەیی. لێرەوە گرنگیی ڕۆڵی توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە قوتابخانەدا دەردەکەوێت؛ چونکە ئەم ڕۆڵە نابێت تەنها بە چارەسەرکردنی کێشە دوای ڕوودانیان سنووردار بکرێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای پێشگیری، چاودێریی پێشوەختە، هۆشیارکردنەوە و دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ قوتابیان بنیات بنرێت. زۆرجار ئەو منداڵەی ڕەفتاری توندوتیژانە پیشان دەدات، یان ئەو منداڵەی بەردەوام قوربانیی سووکایەتی و ئازاردانە، پێویستی بە تێگەیشتن و یارمەتیی پسپۆڕانە هەیە، نەک تەنها سەرزەنشتکردن و سزا. چونکە لە پشت هەندێک ڕەفتاری نالەباردا، ڕەنگە ترس،و بێ‌ئارامی،و کەمی متمانەبەخۆبوون یان ئەزموونی توندوتیژی لە ژینگەی خێزان و کۆمەڵگەدا هەبێت. لە هەمان کاتدا، خێزان وەک یەکەمین دامەزراوەی کۆمەڵایەتیکردنی منداڵ، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە فێرکردنی ڕێز،و هاوسۆزی،و گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانەدا هەیە. منداڵ لە ماڵەوە فێر دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆی و کەسانی دەوروبەری بکات؛ بۆیە ئەگەر توندوتیژی ببێتە شێوازێکی ئاسایی لە پەیوەندییە خێزانییەکاندا، ئەگەری ئەوە هەیە لە ژینگەی دەرەوەشدا دووبارە بێتەوە. لەبەر ئەوە، پەیوەندیی بەهێز و بەردەوام لەنێوان قوتابخانە و دایک و باوکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە، بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکانی ڕەفتار و دۆخی دەروونیی قوتابیان لە کاتی خۆیدا بناسرێن و بە هاوکاریی خێزان و قوتابخانە چارەسەر بکرێن. هەروەها پێویستە لە ڕێگەی سیمینار، چالاکیی پەروەردەیی، گفتوگۆی کراوە و بەرنامەی هۆشیارکردنەوەوە، منداڵان فێری مافی خۆیان،و سنووری کەسی،و ڕێزگرتن لە جەستە و کەرامەتی خۆیان و کەسانی تر بکرێن؛ هەروەها فێر بکرێن کە داوای یارمەتی کردن لاوازی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی بوێرانەیە بۆ پاراستنی خۆیان. لە کۆتاییدا، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە تەنها بە یاسا و سزا کۆتایی نایەت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕینی هەڵوێست و کولتووری مامەڵەکردن لە خێزان،و قوتابخانە و کۆمەڵگەدا هەیە. ئەگەر بتەوێت کۆمەڵگەیەکی ئارام و بێ‌توندوتیژی بنیاد بنێیت، دەبێت لە پەروەردەی منداڵەوە دەست پێبکەیت؛ چونکە منداڵی ئەمڕۆ بنەمای کۆمەڵگەی سبەیە. قوتابخانەیەک کە تێیدا فێری ڕێز،و دادپەروەری،و هاوسۆزی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەها بن، یەکەمین هەنگاوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بێ‌توندوتیژی. کە بە هۆشیاری و هاوکاری کۆتایی پێدێت

*ڕاهێنەرو ڕێنمایکاری پەروەردەیی