گوڵاڵە ساڵح
مرۆڤایەتی لە چەند سەدەی ڕابردوودا بەردەوام لە هەوڵی شکاندنی کۆتوبەند و دابونەریتی کۆنەپەرستانەدا بووە کە مرۆڤیان زنجیر کردووە؛ بەڵام هێشتا لەم سەدەیەدا و لە هەندێک گۆشەی ئەم جیهانە تاریکەدا دیاردەیەکی نامرۆڤانە هەیە کە وەک شێرپەنجە لە جەستەی کۆمەڵگەدا بڵاو دەبێتەوە و ڕۆژانە گیانی مرۆڤێکی بێتاوان دەخوا، کە ئەویش دیاردەى ژنکوشتنە به ناوی نامووس و شەرەف و عورفەوە، کە تەنها بیانوویەکی سواون بۆ شاردنەوەی بێتوانایی و نامەردی و بێویژدانیی ئەو کەسانەی ناتوانن لەگەڵ بوون و هۆشیاری و ئازادیدا بژین.
ژن نەک هەر نیوەی کۆمەڵگەیە بەڵکو دروستکەری بەشێکی زۆری ژیانە و ئەوەی مێشکێکی دواکەوتووی نەبێت، ناتوانێت بە چەقۆ و فیشەک و توندوتیژی ڕووبەڕووی لۆژیک و زەبری ئیرادەی ژن ببێتەوە.
کە باس لە کوشتنی ژنێک دەکرێت هەندێک کەس لە پهنای پیاوەتییە درۆیینەکەیانەوە دەست دەکەن بە پاساوهێنانەوە و بیانووهێنانەوە بۆ تاوانبارەکە و ئەمەش گەورەترین کارەساتە، چونکە کۆمەڵگەیەک پاساو بۆ کوشتن بهێنێتەوە مانای وایە هێشتا لە قۆناغی دڕندەییدا دەژیێت و لە مرۆڤایەتی دوور کەوتووەتەوە؛ لە کاتێکدا مرۆڤی ئازاد و هۆشیار هەرگیز قبووڵی ناکات هیچ مرۆڤێک بە ناو و بیانووی بێبنەما بکوژرێت؛ چونکە ژیان مافێکی سەرەتاییە و کەس مافی ئەوەی نییە قەڵەمی ژیان لە دەستی کەسێکی تر بسەنێتەوە و کۆتایی بە هەناسەکانی بهێنێت تەنها لەبەر ئەوەی ئەو ژنە ویستوویەتی وەک مرۆڤ بژیێت نەک وەک کاڵایەک لە ماڵدا بشاردرێتەوە یان بفرۆشرێت.
دیارە توندوتیژی لە دژی ژنان تەنها کێشەیەکی خێزانی نییە بەڵکو کێشەیەکی جیهانییە کە پێویستی بە هەڵمەتێکی هۆشیاری هەیە و دەبێت یاسا هێندە توند بێت کە هیچ بکوژێک نەتوانێت بە لێخۆشبوون یان بە بەهانەی نەریت خۆی لە سزای دادپەروەرانە دەرباز بکات؛ کە تاوانبار بزانێت سزایەکی قورس چاوەڕێی دەکات سڵ لە تاوان دەكاتەوە، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە چاوی خۆی لە تاوان داخست، ئەوا تاوانباران باڵادەست دەبن و ڕێژەی کوشتن زیاتر دەبێت؛ ئێمە وەک کۆمەڵگە دەبێت بێدەنگی بشکێنین؛ ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بە هەموان پێکەوە بێینە دەنگ دژی هەر دەستدرێژی و هەر هەڕەشەیەک کە لە ژنان دەکرێت؛ پێویستە منداڵەکانمان فێر بکەین کە مرۆڤاتی بە پلەی یەکەم بە ڕێزگرتن لە ژیان دەست پێ دەکات نەک بە کوشتن و تۆڵەسەندنەوە و بێڕێزیکردن بە کەرامەتی کەسانی تر؛ ئاخر ژنکوشتن نیشانەی لاوازییە نەک ئازایەتی؛ هیچ پاڵەوانێتییەک لە کوشتنی کەسێکی بێدەسەڵاتدا نییە و دەبێت بکوژان وەک ترسنۆکترین کەسانی کۆمەڵگە سەیر بکرێن و دادگاییکردنێکی ڕووکەشانی و بێئەنجام بەس نییە بۆ ڕێگەگرتن لەم دیاردەیە؛ بەڵکو پێویستە هۆشیارییەکی گشتی دروست بێت کە کەرامەتی مرۆڤ لە سەرووی هەموو دابونەریتێکی کۆنەوە بێت و با هەموومان پێکەوە بڵێین؛ نەخێر بۆ ژنکوشتن. نەخێر بۆ توندوتیژی و، بەڵێ بۆ یەکسانی و ژیانێکی ئارام بۆ هەمووان.

