فازڵ میرانی
بودجە یاسایەکە لە ڕووی سەرچاوەی دەرچوونییەوە، بەڵگەنامەیەکی یاساییی پابەندکەرە. هاوکات ماوەکەی سنووردارە، بۆیە خەسڵەتێکی کاتیی هەیە. تا گەیشتن بە قۆناغی ئامادەبوون، بە چەندین وێستگەدا تێدەپەڕێت؛ ئەمەش نیشانەی فرەیی ئەرکەکان و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە. پاش خستنەبواری جێبەجێکردنیشەوە، دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە و لە کۆتاییشدا لە ڕێگەی (حیساباتی خیتامی) هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
پەسەندکردنی یاسای بودجە ئەو کاتە دروستە، کە بە شێوەیەکی واقیعییانە سەرچاوەکانی داهات و دەروازەکانی خەرجی یەکلا بکاتەوە؛ لەگەڵ دەستنیشانکردنی درز و کورتهێنانەکان، هۆکارەکانیان و دۆزینەوەی میکانیزمی چارەسەرکردنیان.
ڕاستییەکەی، بودجە یاسایەکی سیاسییە، جا لە پەرلەمانێکی یەکحزبییەوە دەربچێت یان فرەحزبی؛ بەڵام هەرگیز نابێتە یاسایەکی سوودبەخش و کاریگەر ئەگەر مێشکێکی ئابووریی داهێنەر داینەڕێژێت. هەروەها نابێتە فاکتەرێکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگە و دەوڵەت، مەگەر حکوومەتێکی دەستپاک و هۆشیار سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی بکات؛ حکوومەتێک کە حیسابی بۆ بچووکترین وردەکارییەکان کردبێت، هاوسەنگیی لە نێوان سەرچاوە مرۆیی و داراییەکانیدا خوڵقاندبێت، ئامرازەکانی خۆی بەگەڕ خستبێت و درکی بە هەستیاری و مەترسیی بەرپرسیارێتییەکانی کردبێت. حکومەتێک کە لە ڕۆڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی خۆی تێگەیشتبێت و هێڵی جیاکەرەوەی لەنێوان ئینتیمای حزبی و ئەرکی جێبەجێکردندا کێشابێت.
ئەم پێوەرە بۆ پەرلەمانیش ڕاستە؛ کە دەبێت نەرمی و تێگەیشتنێکی قووڵی سیاسی هەبێت، بە جۆرێک قەوارەی سیاسیی دەوڵەت نەکاتە گۆڕەپانی مانۆڕ و سازشکردن بۆ بەرژەوەندیی کەسی، حزبی یان نێودەوڵەتی، لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان.
پێش هەموو ئەمانە، و لە کاتی جێبەجێکردن و دواتریشدا، وا پێویست دەکات داڕێژەران و جێبەجێکارانی ئەم یاسایە، بە تەواوی ڕۆچووبنە نێو ڕۆحی دەستوور و یاساکانەوە، و بە وردی لە جوگرافیای وڵات، ئاراستەی گۆڕانکاریی نەوەکان، و وردەکاریی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیبوون تێگەیشتبن.
یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی وڵاتی ئێمە “گرێی دەسەڵات”ـە؛ بەتایبەتیش مامەڵەکردن لەگەڵ لێشاوی دارایی لە کاتی زۆری و کەمییدا. مەبەستم لەو گرێیەیە کە دەیەوێت دەست بەسەر دەماری ئابووریدا بگرێت؛ ئەو ئابوورییەی کە سروشتە ڕەیعییەکەی شێواوە و ئاراستەی سوودەکەی لە زۆرینەی خەڵکەوە گۆڕدراوە بۆ کەمینەیەک.
ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە؛ یەکێک لەوانە، شێوانی ئەو تیۆرییە بوو کە پێشتر لەژێر ناوی “سۆسیالیزم”دا پیادە دەکرا، پاشانیش دەسەڵات دەستی کرد بە بانگەشەکردن بۆ “بازاڕی ئازاد” بێ ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع زەمینەی ئەو گۆڕانکارییە بڕەخسێنێت. لەبەر ئەوەی جێبەجێکردنەکە خراپ بوو و ئەو بنەمایەشی پشتی پێ دەبەسترا بێ ناسنامە بوو، گۆڕانکارییەکە لە قۆناغێکی زانراوەوە بۆ دۆخێکی نەزانراو ڕوویدا، کە باجە قورسەکەی زۆرینەی گەل دای و گورزێکی کەمەرشکێنی لێدان. ئەمە جگە لە دەستدرێژیی ئاشکرا بۆ سەر سامانی گشتی و گیرۆدەکردنی نەوەکانی داهاتوومان بە قەرز و بارگرانیی هەڵاوسانەوە.
واز لە سەرجەم سیاسەتەکانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ بهێنە و تەنیا ورد بەرەوە لە دەرەنجامەکانی سیاسەتی ئابووری و بودجە؛ سەیر بکە چۆن پارە بەهەدەر دەدرێت و بەشێکی زەبەلاحی دەکەوێتە گیرفانی ئەوانەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان تاڵانیان کردووە! ئەوکات دادوەرییەکی دروست بەسەر عەقڵ و ویژدانی بکەرەکانی ئەم دۆخەدا دەکەیت؛ کە نەک هەر تاوانبارن، بەڵکو زۆربەیان پاساوی فیکری و تیۆری بۆ ئەو تاوانانە دەهێننەوە کە دەرحەق بەم میللەتە دەیکەن، لە کاتێکدا ئێستا لە هەموو کەس زیاتر لە لێپرسینەوە و سزادان پارێزراون.
یاسای بودجە و شێوازی جێبەجێکردنی، ڕاستگۆترین ئاوێنەی ئاشکراکردنی عەقڵیەت و زیمەی دەسەڵاتن.

