رۆژنامەی ھەولێر

یەک خاک و یەک چارەنووسمان هەیە

شێرکۆ حەبیب
دەڵێن: (یەکڕیزی هۆکاری سەرکەوتنە). ئەم وتەیە تەنها پەندێکی کۆن نییە، بەڵکوو ئەزموونێکی مێژووییە کە گەلانی زۆر بە درێژایی ژیانیان تێگەیشتوون، بەڵام بەداخەوە وا دیارە هەندێک لە لایەن و کەسایەتییەکانی ناو ئێمەی کورد هێشتا لە واتا و قووڵایی ئەم پەندە تێنەگەیشتوون.

هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین، یەک خاک و یەک پارچەیە، و یەک چارەنووسی هاوبەشە. جیاوازیی ناوچە، شێوەزاری زمان، بۆچوونی سیاسی و ڕوانگەی جیاواز، نابێتە هۆی ئەوەی ئەم ڕاستییە مێژووییەمان لەبیر بکەین یان ببینە هۆکاری دابەشکردنی کۆمەڵگە و لاوازکردنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان.
من پێم وایە، ئەوەی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی پێیەتی، ئەوەیە هەموومان جارێکی تر لە خۆمان بپرسین: بۆچی ئەو هەموو قوربانییەمان داوە؟ بۆچی نەوەکانی پێشوو خەباتیان کردووە؟ ئایا بۆ ئەوە بووە کە ئەمڕۆ بە دەستی خۆمان ئەو دەستکەوتانە لاواز بکەین کە بە خوێنی شەهیدان، خەباتی پێشمەرگە و ماندووبوونی نەوەیەک لە خەڵکی کوردستان بەدەست هاتوون؟
کوردستان بە ئاسانی نەگەیشتووەتە ئەم قۆناغە. ئەزموونی دیموکراتی کوردستان، دامەزراوەکانی، پەرلەمان، حکوومەت، هێزە پێشمەرگە و دەستکەوتە سیاسی و نەتەوەییەکان، بەرهەمی ساڵانێکی درێژی خەبات و خۆڕاگریی گەلەکەمان بووە، ئەم ئەزموونە هەڵبەتە کەموکوڕی و کێشەی هەیە، وەک هەر ئەزموونێکی سیاسی لە جیهاندا، بەڵام چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، یاسا، دامەزراوە و ڕێککەوتنی سیاسییەوە دەبێت، نەک بە هەوڵی تێکدانی بنەماکانی ئەو ئەزموونە.
لەو چوارچێوەیەدا، ناتوانین باسی مێژووی خەبات و دروستبوونی ئەزموونی سیاسی و دیموکراتی کوردستان بکەین، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ڕۆڵی مێژووییی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین. ئەم پارتەی کە لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ دامەزراوە، بە درێژایی مێژووی خۆی لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی نەتەوەیی و سیاسیی کورددا ئامادە بووە و بەشداری لە پاراستنی ناسنامە، ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان کردووە. لە خەباتی چەکدارییەوە تا بەشداری لە دامەزراندنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی ئەم حزبە بەشێکە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان.
هەروەها، باسکردن لە ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی کوردستاندا گرنگە. ئەو لە ماوەیەکی درێژی کاری سیاسییدا، جگە لە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە قۆناغە گرنگەکانی دروستکردنی دامەزراوە دیموکراتییەکانی هەرێم، بەهێزکردنی پرۆسەی سیاسی و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی هێزە سیاسییەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و ڕێککەوتن، ڕۆڵی هەبووە.
لە ساڵی ١٩٩١ەوە، کاتێک کوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێی سیاسی دەچوو، بانگەوازی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی، هەنگاوێکی گرنگبوو بەرەو دامەزراندنی ئەزموونێکی نوێی سیاسی.
بە بڕوای من، ئەو مێژووە پەیامێکی ڕوونی بۆ هەموومان هەیە: هیچ ناکۆکییەکی سیاسی نابێت لە پێویستیی پاراستنی کوردستان و بەرژەوەندیی بەرزی گەلەکەمان گەورەتر بێت. ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە بانگەشە بۆ یەکڕیزی و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لە چوارچێوەی ئەم ئەزموونەدا دەبێت هەمیشە لەبەرچاو بگیرێت.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە هەندێک کەس لەبری ئەوەی هەوڵ بدەن کوردستان بەهێزتر بکەن، هەموو هێزی خۆیان بۆ دروستکردنی دابەشکاری، قووڵکردنەوەی ناکۆکی و تۆو کردنی دووبەرەکی بەکار دەهێنن. بەڵام دەبێت بزانن، لاوازکردنی دامەزراوە و بنەماکانی کوردستان، چارەسەری کێشەکان نییە، بەڵکوو دەتوانێت هەموو کۆمەڵگەکە بخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەترەوە.
ڕەخنەگرتن مافی هەمووانە، دژایەتیی سیاسی بەشێکە لە دیموکراسی، و هیچ کەس و لایەنێک نابێت خۆی لە سەرووی ڕەخنە و پرسیارەوە ببینێت. بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەو کەسەی کە بۆ چاکسازی ڕەخنە دەگرێت و ئەوەی کە بە ناوی ڕەخنەوە هەوڵی تێکدانی متمانەی گشتی، لاوازکردنی دامەزراوەکان و شکاندنی یەکڕیزیی نەتەوەیی دەدات. نابێت ئەم دوو بابەتە تێکەڵ بکرێن.
کوردستان موڵکی هیچ حیزب و کەسایەتییەک نییە، بەڵکوو ماڵی هەموو کوردستانیانە. لەبەر ئەوە، هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە بە بەرژەوەندیی تەسکی سیاسی، چارەنووسی هاوبەشی گەل بخاتە مەترسییەوە.
ئەوەی پێویستە ئەمڕۆ بیری لێ بکەینەوە، ئەوەیە کە جیهان بە خێرایی دەگۆڕێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و دەرفەت و مەترسییەکان بە یەکەوە دێن. لەم بارودۆخەدا، کوردستان پێویستی بە یەکڕیزی، هۆشیاری، دامەزراوەی بەهێزی خاوەن بیر و بەرپرسیارییەتی هەیە، نەک بەردەوامبوونی ناکۆکی و تێکدانی متمانەی نێوان پێکهاتەکانی.
با لەبیرمان نەچێت، ئەوانەی ئەمڕۆ هەوڵی دابەشکردنی کوردستان و لاوازکردنی ئەزموونی دیموکراتی دەدەن، دەبێت لەبەردەم ویژدانی خۆیاندا وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە: دوای ئەو هەموو قوربانییە، چی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێ دەهێڵین؟
من لەو باوەڕەم کە کوردستان بە یەکڕیزی دەپارێزرێت، بە دیموکراسی بەهێز دەبێت و بە هۆشیاریی سیاسی بەرەو داهاتوو دەڕوات. ئەگەر ناکۆکیمان هەیە، با لە مێزی گفتوگۆ چارەسەری بکەین، ئەگەر ڕەخنەمان هەیە، با بە ئامانجی چاکسازی بێت، ئەگەر جیاوازیی بۆچوونمان هەیە، با ڕێزی لێ بگرین. بەڵام نابێت هیچ ناکۆکییەکی سیاسی لەوە گەورەتر بێت کە کوردستان و چارەنووسی گەلەکەمان بخاتە مەترسییەوە.
کوردستان یەک پارچەیە، گەلەکەمان یەکە و چارەنووسمان هاوبەشە لە زاخۆ تا خانەقین.