عارف ڕوشدی
لە پێناوی پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و زیندووکردنەوەی دامەزراوە یاسایی و جێبەجێکارییەکانی، پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پشتیوانی و هاوکاریی چەند لایەنێکی نیشتمانپەروەری سیاسی (پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بەرەی گەل، پێکهاتە سەربەرزەکانی کوردستان لە تورکمان و مەسیحییەکان، و ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانە وڵاتپارێز و ڕێزدار و سەرفرازە سەربەخۆکان)، لە بەرواری (٤/١١/٢٠٢٦)، دوای پشوودرێژییەکی لەڕادەبەدەر و دواخستنی بەئەنقەستی دووساڵەی کارانەکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن هەندێک لایەنی بەشداربووی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هەڵکشانی مەترسییەکانی پیلانگێڕیی سەندنەوەی (ڕەوایی یاسایی) لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە لایەکی دیکەوە، هەنگاوێکی (یاسایی و سیاسیی پێویست و گونجاو)ی نایەوە و توانرا ویستی نەیاران لەبارەی سەندنەوەی ڕەوایەتیی یاسایی لە هەرێمی کوردستان پووچەڵ بکرێتەوە.
ئەم مانۆڕە سیاسییە، بووە هۆکاری حەسانەوەی زۆربەی هەرە زۆری جەماوەری خەڵکی کوردستان و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕێزگرتنی نوێنەرانی وڵاتانی جیهان. هەر دوێنێ (٥/١١/٢٠٢٦)، زۆرینەی کونسوڵگەرییەکان سەردانی تەلاری پەرلەمانیان کرد و دەستخۆشی و پێزانینیان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرجەم ئەندام پەرلەمانەکان کرد. هەروەها ئەو کردە سیاسی و یاساییە ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی هەبوو لە لێدوان و دەربڕینی هەڵوێست لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لێرەدا پێویستە ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشدار نەبوون لە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەماندا، دوور بکەونەوە لە هەڵوێستی زیانبەخش و نەرێنی، و وەکوو ئەرکێکی نیشتمانی بەشدار بن لە چالاککردنی پەرلەمان و چارەسەرکردنی هەر گرفتێک کە لە ئارادابێت لەژێر چەتری دامەزراوەی هەڵبژێردراوی گەلەکەماندا.
بەڵام، ئەگەر لایەنێک هەبێت و پێداگیر بێت لەسەر درێژەدان بە هەڵوێستی بەشداری نەکردن، دەبێت ئەندام پەرلەمانە ئازادیخواز و نیشتمانپەروەرەکان هاوشێوەی هاوڕێ بەشداربووەکانیان لە دانیشتنی کاراکردنەوەی پەرلەماندا، بڕیاری بەرپرسانەیان هەبێت و بەشدارییەکی کاریگەریان هەبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی دامەزراوەی ڕەوابەخشی یاساداناندا.

