رۆژنامەی ھەولێر

مەلای جەزیری لەدایکبوونی شیعری کلاسیکی کوردی

نووسینی: نزار ئاگری

وەرگێڕانی بۆ کوردی:
سیروان جەمال نەقشبەندی

لە دوا کتێبی خۆیدا، کە بە زمانی ئینگلیزی لە ستۆکهۆڵم بڵاوکراوەتەوە و تایبەتە بە شاعیری سۆفیی کورد، مەلای جەزیری، کە لە سەدەی حەڤدەی زایینیدا ژیاوە، نووسەر فەرهاد شاکەلی هەوڵ دەدات وێنەیەکی نوێ لە مەلای جەزیری و سەردەمەکەی بخاتە ڕوو. لەم پێناوەدا بە دوای یەکدا باس لە مێژوو، ژیاننامە، زمان، عەرووز، تەسەوف و بیرۆکەی وەحدەتی وجوود لای جەزیری دەکات.

ئایا شاکەلی توانیویەتی مەلای جەزیری بۆ خوێنەرانی دەرەوەی بازنەی کوردی ئاشنا و تێگەیشتوو بکات و لە چوارچێوەی گەورەی شیعری سۆفیگەریی ئیسلامیدا شوێنی شیاوی خۆی پێ ببەخشێت؟
پێکهاتەی کتێبەکە لەوە دەوڵەمەندترە کە ناونیشانەکەی دەیگەیەنێت. کتێبەکە لە شەش بەشی سەرەکی پێکهاتووە: بارودۆخی سیاسی، ئایینی و کولتووری؛ ژیان و دیوانی جەزیری؛ پێکهاتەی شیعری؛ زمانی جەزیری؛ جەزیری وەک شاعیرێکی سۆفیی باوەڕمەند بە وەحدەتی وجوود؛ و لە کۆتاییدا لێکۆڵینەوەیەکی جوانیناسی و پێکهاتەیی لە شیعرەکانی، کە بە خوێندنەوەی ستوونیی شەش هۆنراوە و خوێندنەوەی ئاسۆییی چەند دێڕێکی هەڵبژێردراو کۆتایی دێت.
شاکەلی تەنها لێکۆڵینەوە لەم شاعیرە سۆفییە ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی ئەوەوە هەوڵ دەدات ساتی لەدایکبوونی نەریتێکی ئەدەبی کلاسیکی کوردی دووبارە بخاتە بەرچاو.
ئەو پێی وایە سەرهەڵدانی میرنشینە کوردییە نیمچە سەربەخۆکان لە نێوان دوو هێزی سیاسیی عوسمانی و سەفەویدا، ژینگەیەکی گونجاوی ڕەخساند کە یارمەتیی گەشەکردنی کولتوور و نووسینی شیعر بە زمانی کوردی دا.
شاکەلی لەوەیش زیاتر دەڕوات و مەلای جەزیری بە یەکێک لە یەکەمین ئەو کەسانە دەزانێت کە بە کوردییان نووسیوە، لە سەردەمێکدا کە نەریتێکی نووسراوی کوردیی جێگیر و بەهێز نەبووە تا شاعیر پەیڕەویی بکات. بۆیە ئەزموونی ئەو، بە مانایەک، بە ئەزموونێکی پێشەنگایەتی و دامەزرێنەرانە وەسف دەکات.
لێرەدا بەراوردکردنی جەزیری لەگەڵ حافزی شیرازی، مەولەوی ڕۆمی و ئیبن عەرەبی گرنگییەکی زۆری هەیە. بەڵام مەبەست ئەوە نییە بگوترێت جزیری وەشانێکی کوردیی ئەوانەیە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو شێوازەیە کە چۆن میراتێکی فراوانی شیعری و سۆفیگەریی ئیسلامیی وەرگرتووە و لەناو زمانی کوردیدا بە شێوەیەکی نوێ بەرهەمی هێناوەتەوە.
هەوڵی شاکەلی لەسەر ئەوە دامەزراوە کە بیسەلمێنێت تەسەووف لای جەزیری تەنها چینێکی لێکدانەوە نییە کە دواتر زیاد کرابێت بۆ سەر شیعری ئەوینداری، بەڵکو نزیکەی ئەوەیە کە تەسەووف خۆی ئەو تۆڕ و پێکهاتەیە بێت کە شیعرەکە لێی پێکهاتووە. کتێبەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە زۆربەی شیعرەکانی جزیری سۆفییانەن.
لێرەدا دەتوانین بپرسین: تا چەند ئارەزووی شاکەلی بۆ جێگیرکردنی پێگەی دامەزرێنەرانەی جەزیری وای لێ دەکات تایبەتمەندی و یەکتاییی ئەو زیاتر لە ڕادەی خۆی گەورە بکاتەوە؟ ئایا هەموو وێنەیەکی یار و مەی و جوانی دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ وەحدەتی وجوود؟ خۆشەویستیی مرۆیی لە کوێ کۆتایی دێت و خۆشەویستیی خودایی لە کوێ دەست پێ دەکات؟ ئایا خوێندنەوەی جەزیری لە چوارچێوەی سیستەمی فکریی ئیبن عەرەبیدا هەمیشە ڕووناکی دەخاتە سەر شیعرەکانی، یان هەندێک جار هۆنراوەکە دەگۆڕێت بۆ بەڵگەنامەیەکی فەلسەفی؟

بادەمان بە دەستی ئەو نۆشی
هەڵبژاردنی ناونیشانێکی شیعری بۆ کتێبەکەی فەرهاد شاکەلی دەربارەی مەلای جەزیری هەروا بە ڕێکەوت نییە:«بادەمان بە دەستی ئەو نۆشی: لێکۆڵینەوەیەک لە سەردەم، ژیان و شیعری شاعیری سۆفیی کورد، مەلای جەزیری».
ئەو مەیەی لە ناونیشانی کتێبەکەدا هاتووە، تەنها وردەکارییەکی ڕازاوە نییە کە لە فەرهەنگی شیعری سۆفیگەری وەرگیرابێت، بەڵکو نزیکەی ئەوەیە کە ببێتە کلیلی چوونە ناو ئەو جیهانەی شاکەلی هەوڵ دەدات لە درێژایی زیاتر لە سێسەد لاپەڕەدا دووبارە بینای بکاتەوە.
ئەو جیهانە شاعیرێکی لەخۆ گرتبوو کە لە کۆتایی سەدەی شازدەهەم و نیوەی یەکەمی سەدەی حەڤدەهەمدا ژیاوە؛ لە ناوچەیەکی جوگرافیی پڕ لە ئاڵۆزی، لە نێوان دوو ئیمپراتۆریەتی گەورەدا.
بەڵام ئەو شاعیرە توانیی لەو ناوچەیەوە، کە ئەگەر لە ئیستانبووڵ یان ئەسفەهانەوە سەیری بکرێت وەک ناوچەیەکی پەراوێزخراو دەردەکەوێت، زمانێکی شیعری دروست بکات کە دواتر دەبێتە یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی شیعری کلاسیکی کوردی.
دەتوانرێت ئەو پێگەیە تێبگەین کە مێژووی ئەدەبی کوردی بە مەلای جەزیریی بەخشیوە، وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی شیعری کلاسیکی کوردی.
شاکەلی گفتوگۆ لەسەر ئەم پێگەیە دەکات، بەڵام وەک دروشمێکی نەتەوەیی کە بێ گفتوگۆ وەرگیرابێت مامەڵەی لەگەڵ ناکات.
لەو تێڕوانینەدا، جەزیری تەنها بە نووسینی چەند دێڕێکی جوان بە کوردی نەوەستاوە، بەڵکو بە سوودوەرگرتن لە نەریتە ئەدەبییە عەرەبی و فارسییەکانی پێش خۆی، بەشداریی کردووە لە هێنانە ناوەوەی غەزەل، قەسیدە، سیستەمی سەروا و عەرووز بۆ شیعری نووسراوی کوردی. بەم شێوەیە شتێک ڕووی داوە کە دەکرێت بە «خۆماڵیکردنی» سیستەمی شیعری کلاسیکی ئیسلامی لەناو زمانی کوردیدا ناوی ببەین.
یەکێک لە باشترین ئەو کارانەی شاکەلی لە کتێبەکەیدا کردوویەتی ئەوەیە کە لەم پەیوەندی و کاریگەرییانە شەرم ناکات و هەوڵ نادات پاکییەکی کوردیی خەیاڵی بۆ مەلای جەزیری دروست بکات. چونکە جەزیریی شاعیر لەناو بۆشاییەکی فراوانی کولتووریی ئیسلامیدا دەجووڵێتەوە، کە زمانی عەرەبی و فارسی و کوردی تێیدا لە تەنیشت یەکترن؛ قورئان، حەدیس، شیعری فارسی، تەسەووف و فەلسەفە، هەروەها مەولەویی ڕۆمی، جامی، حافز، ئیبن عەرەبی و کەسانی دیکەش لەو فەزایەدا ئامادەن.
بەم شێوەیە جەزیری وەک میراتگری نەریتێکی زەبەلاح دەردەکەوێت، بەڵام میراتگرێک نییە کە تەنها میراتەکە وەربگرێت، بەڵکو لەناو زمانی تایبەتی خۆیدا دووبارە ڕێکی دەخاتەوە و بە شێوەیەکی نوێ دابەشی دەکات. لەوانەیە هەر ئەم خاڵەش بێت کە کتێبەکە بۆ خوێنەری ناکوردیش گرنگ دەکات، چونکە جەزیری چیتر تەنها شاعیرێک نییە کە تایبەت بێت بە مێژووی کورد، بەڵکو دەبێتە ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکانی ئەو جیهانە ئەدەبییە ئیسلامییە فرەزمانە.
لەو جیهانەدا وێنەی شیعری و بیرۆکەی سۆفیگەری لە عەرەبییەوە بۆ فارسی و لە فارسییەوە بۆ تورکی و کوردی و ئۆردوو و زمانەکانی دیکە دەگوێزرایەوە، بەبێ ئەوەی ئەو زمانانە تایبەتمەندیی خۆیان لە دەست بدەن.

کێشەی کەمیی زانیاریی مێژوویی
بەڵام شاکەلی هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە کە هیچ توێژەرێکی مەلای جەزیری ناتوانێت خۆی لێ لا بدات؛ ئەویش کەمیی سەرچاوە و زانیاریی مێژوویی دەربارەی ژیانی جەزیریی شاعیرە.
ئێمە لێرەدا لە بەرامبەر کەسایەتییەکی وەک مەولەوی ڕۆمی نیین، کە کتێبی مەناقیب، هەواڵ، قوتابی، چیرۆک و ژیاننامەی زۆر دەوریان دابێت، بەڵکو لە بەرامبەر شاعیرێکداین کە بەشێکی فراوان لە ژیانی لە تاریکیدا ماوەتەوە. بۆیە دیوانەکەی خۆی دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ ناسینەوەی خاوەنەکەی.
لێرەدا توێژەر دەچێتە ناو بوارێکی زۆر هەستیاری ڕێبازناسییەوە: کەی ئەو «من»ەی لە شیعردا قسە دەکات خودی شاعیری مێژووییە، و کەی تەنها دەنگێکی شیعرییە؟ ئایا دەتوانین لە دێڕێکی سۆفییانەوە ڕووداوێکی ڕاستەقینەی ژیانی شاعیر دەربهێنین؟ ئایا یار کەسێکی ڕاستەقینە بووە کە ژیاوە، یان هێمایەکە، یان دەرکەوتنێکی جوانیی خوداییە، یان هەموو ئەمانەیە لە یەک کاتدا؟
شاکەلی ئاگاداری ئەم کێشەیەیە، بۆیە هەوڵ نادات ژیاننامەیەکی ڕۆمانسی بۆ جزیری دروست بکات. لە جێی ئەوە، ئەو پارچە زانیارییانە کۆ دەکاتەوە کە بەردەستن و لە تەنیشت زانیارییە سیاسی و کولتوورییەکان، دەستنووسەکان و نەریتەکانی دواتر دایاندەنێت. بەم شێوەیە هەوڵ دەدات لە کەسایەتیی جەزیری نزیک ببێتەوە، بەبێ ئەوەی بانگەشە بکات کە توانیویەتی بە تەواوی بیناسێت.

دیوانی مەلای جەزیری و لێکۆڵینەوەی دەستنووسەکان
وردبینی و توندوتۆڵیی زانستیی نووسەر بە شێوەیەکی ڕوونتر دەردەکەوێت کاتێک دەگاتە دیوانەکەی خۆی. لێرەدا کارێکی ڕوونی فیلۆلۆژی، واتە لێکۆڵینەوەی زمان و دەقە کۆنەکان، لەسەر دەستنووس و چاپە جیاوازەکان ئەنجام دراوە. شاکەلی مامەڵە لەگەڵ «دیوانی جەزیری» ناکات وەک ئەوەی تەنها یەک دەقی یەکگرتوو بێت کە بە وەشانێکی کۆتایی و نەگۆڕ گەیشتبێتە دەستمان. یەکێک لە ئەنجامە گرنگەکانی، دوای بەراوردکردنی دەستنووس و چاپە جیاوازەکان، ئەوەیە کە زۆربەی دەستنووسەکان وا دیارە دەگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە یان نموونەیەکی هاوبەش. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئەنجامە، لە نێوان بەڵگەکانی دیکەدا، پشت بە لێکچوونی زۆری ڕیزبەندیی هۆنراوەکان دەبەستێت.

عەرووز و بنیاتنانی شیعری کوردی
پاشان باس لە عەرووز دەکرێت، کە یەکێکە لە بەشە تەکنیکییە گرنگەکانی کتێبەکە. شاکەلی گرنگییەکی تایبەت دەدات بەو شێوازەی کە جەزیری سیستەمی عەرووزی عەرەبیی لە شیعری کوردیدا بە کار هێناوە.
ئەم بەشە لە یەکەم نیگادا وا دەردەکەوێت کە زۆر پسپۆڕانەیە و لە ناوەڕۆکی ئەزموونی شیعری دوورە، بەڵام لە ڕاستیدا وەڵامی پرسیارێکی گەورەتر دەداتەوە: چی ڕوو دەدات کاتێک زمانێک سیستەمێکی کێش و ئاوازی شیعری وەردەگرێت کە لە بنەڕەتدا بۆ زمانێکی دیکە دروست کراوە؟
عەرووزی عەرەبی کاتێک گوێزرایەوە بۆ فارسی، وەک خۆی نەمایەوە. هەروەها کاتێک لە فارسی و عەرەبییەوە گەیشتە کوردی، ڕووبەڕووی پێکهاتەیەکی دەنگیی جیاواز بووەوە. بۆیە پێویست بوو شاعیر ڕێگەچارەیەک لە نێوان توندی و وردیی یاساکانی کێشی شیعری و سروشتی زمانی خۆیدا بدۆزێتەوە. بەم شێوەیە کێشی شیعری لای جەزیری دەبێتە بەشێک لە خودی پڕۆژەی دامەزراندنی شیعری کلاسیکی کوردی، نەک تەنها تەکنیکێکی دەرەکی.

مەلای جەزیری، سۆفیگەری و وەحدەتی وجوود
بەڵام بە بۆچوونی من، دڵی ڕاستەقینەی کتێبەکە لەو شوێنەدا دەست پێ دەکات کە شاکەلی دەگاتە مەلای جەزیریی سۆفی. لێرەدا لێکۆڵینەوەکە لە مێژوو و فیلۆلۆژی و زمانەوە دەگۆڕێت بۆ پرسیاری مانا، و ئیبن عەرەبی بە شێوەیەکی بەهێز ئامادە دەبێت، لە تەنیشت تەریقەتی نەقشبەندی و چەمکەکانی وەحدەتی وجوود.
شاکەلی نایەوێت تەنها بەو دەستەواژە دووبارەکراوەیە ڕازی بێت کە دەڵێت جزیری «شاعیرێکی سۆفی»یە، بەڵکو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لەو ئاسانییە دەگرێت کە هەندێک جار شاعیران بە سۆفی ناو دەبرێن، تەنها لەبەر ئەوەی وشەکانی خۆشەویستی، مەرگ، گەردوون و هەندێک ئاماژەی ناڕوون لە شیعرەکانیاندا دەبینرێت.
ئەو پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە سەلماندنی پەیوەندیی جەزیری بە ئیبن عەرەبی یان وەحدەتی وجوودەوە، پێویستی بە شتێکی زیاتر هەیە لە تەنها لێکچوونی وشەکان. بۆیە بەشێکی فراوانی کتێبەکە تەرخان دەکات بۆ ڕوونکردنەوەی بنەمای فکریی وەحدەتی وجوود و مێژووی ئامادەبوونی ئەم بیرۆکەیە لە هەندێک لە ژینگە نەقشبەندییەکاندا. پاشان دەگەڕێتەوە بۆ شیعری جەزیری و بەدوای پێکهاتەی چەمکی و فکریدا دەگەڕێت، نەک تەنها وشەیەکی جیاکراوە. لێرەدا دەگەینە یەکێک لە دەوڵەمەندترین و لە هەمان کاتدا مشتومڕهەڵگرترین بەشەکانی کتێبەکە.
کاتێک شاکەلی مەی، جام، بادە، ساقی، مەستی، یار، جوانی و ڕووناکی لە شیعری جەزیریدا دەخوێنێتەوە، ئەوانە لەناو تۆڕێکی یەکگرتووی سۆفیگەریدا لێک دەداتەوە:
مەی: زانین و مەعریفەت یان خۆشەویستیی خودایی.
ساقی: مورشید یان ناوەندێک بۆ گەیاندنی فەیزی ڕۆحانی.
مەستی: دەرچوون لە سنوورەکانی هۆشیاریی ئاسایی.
یار: دەرکەوتنێکی جوانیی ڕەها.
ئەزەل: ساتێکی میتافیزیکی کە پێش کاتی مرۆیی بوونی هەیە.
لە یەکێک لەو شوێنانەی کتێبەکە شیکاری دەکات، ئەو مەیەی شێخ دەیڕێژێتە ناو جامی موریدەکانەوە دەبێتە هێمای خۆشەویستیی خودایی یان مەعریفەت، و بڕی ئەو مەیەش بە پێی ئاستی ئامادەیی و توانای وەرگر جیاواز دەبێت.

لە نێوان جوانیی مرۆیی و جوانیی خوداییدا
لەوانەیە مەلای جەزیری خۆی لە هەر هەوڵێک بەهێزتر بێت کە بیەوێت لە یەکێک لەو دوو لایەنەدا سنوورداری بکات. چونکە جیهانی شیعریی ئەو لەسەر ئەو ناوچە ناڕوون و تێکەڵە دامەزراوە کە تێیدا چیی تر ناتوانرێت بە ئاسانی بزانرێت جوانیی جەستەیی لە کوێ کۆتایی دێت و جوانیی خودایی لە کوێ دەست پێ دەکات.
تەنانەت لەوانەیە هەر ئەم تێکەڵی و ناڕوونییە بنەڕەتی ئەزموونی شیعریی سۆفیگەری بێت: گەیشتن بە خودا نەک لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی جیهان، بەڵکو لە ڕێگەی بینینی ئەو لەناو جیهاندا.
ڕووخسار جوانە چونکە ڕووخسارە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاوێنەیەکیشە.
مەی مەست دەکات چونکە لە خەیاڵی شیعریدا مەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا یادەوەریی مەستییەکی کۆنتر لەخۆ دەگرێت.
یار تاکەکەسێکە، بەڵام دەبێتە ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە گشتی و ڕەها.
بۆیە هێزی جەزیری لەوەدا نییە کە بیروباوەڕی سۆفیگەری لەناو دێڕە غەزەلییەکاندا بە شێوەی نهێنی کۆد بکات. بەڵکو لەوەدایە کە ئەو بیروباوەڕە دەگۆڕێت بۆ ئەزموونێکی جوانیناسی، بە شێوەیەک کە خوێنەر ناتوانێت بیرۆکە لە وێنەی شیعری جیا بکاتەوە.
پەیوەندیی جەزیری بە ئیبن عەرەبییەوە یەکێکە لە هەستیارترین بابەتەکانی کتێبەکە. شاکەلی مێژووی وەحدەتی وجوود، چەمکەکانی و چۆنیەتیی گواستنەوەی ئەم بیرۆکەیە دەخاتە ڕوو. هەروەها ئاماژە بە ئامادەبوونی فراوانی ئەم بیرۆکەیە لە شیعرە نووسراوەکانی زمانە جیاوازەکانی جیهانی ئیسلامیدا دەکات.
لە هەمان کاتدا باس لە پەیوەندییە فکری و مێژووییەکانی ئەم بیرۆکەیە بە کەسایەتییە گرنگەکانی نەریتی نەقشبەندییەوە دەکات؛ لە محەمەد پارسا و عوبەیدوڵڵاهی ئەحرارەوە تا عەبدولڕەحمانی جامی. ئەمەش وا دەکات گەیشتنی ئەو بیرۆکانە بۆ ئەو ژینگەیەی کە مەلای جەزیری تێیدا پێگەیشتووە، لە ڕووی مێژووییەوە شتێکی ئەگەردار و عەقڵانی بێت، نەک تەنها گریمانەیەکی ڕەخنەیی کە دواتر دروست کرابێت.
بەڵام لە کۆتاییدا گرنگیی مەلای جەزیری لەوەدا نییە کە تا چەند لەگەڵ ئیبن عەرەبی یەک دەگرێتەوە. ئەگەر شیعرەکانی تەنها داڕشتنێکی کوردیی بیرۆکەکانی کتێبی «فصوص الحکم» بوونایە، ئەوا نەیدەتوانی وەک شاعیرێکی گەورە بمێنێتەوە.
گەورەیی مەلای جەزیری لەو ساتەدا دەست پێ دەکات کە ئیبن عەرەبی چیتر تەنها فەلسەفەیەکی وەرگیراو نامێنێت، بەڵکو لەناو زمانی کوردیدا دەبێتە وێنەی شیعری، ئاواز و کێش، یار، مەی و ڕووناکی.

زانیاریی کتێبەکە
ناونیشانی ئینگلیزی:
Farhad Shakely: We Drank the Wine from His Hand: Studies on the Time, Life and Poetry of the Kurdish Sufi Poet Malay Jaziri, Uppsala University, Uppsala, Sweden, 2024. (329 pages).
نووسەر: فەرهاد شاکەلی
ناونیشان: «بادەمان بە دەستی ئەو نۆشی: لێکۆڵینەوەیەک لە سەردەم، ژیان و شیعری شاعیری سۆفیی کورد، مەلای جەزیری»