دلاوەر شێخ محەمەد هەرکی
شیکاریی شێوە و ڕێنووسیی نموونەی (دووکانی، دوو کانی، دوو کانیی) لە ڕوانگەی فۆنۆلۆژی، مۆڕفۆلۆژی و ڕستەسازییەوە شیکردنەوەی وردی ئەم سێ شێوەی نووسینە جیاواز لە زمانی کوردیدا دەکەین، کە بریتین لە:
۱. گوندەکە دووکانی لێ هەبوو.
۲. گوندەکە دوو کانی خەڵووزی لێ هەبوو.
۳. گوندەکە دوو کانیی لێ هەبوو.
سەرەڕای ئەوەی هەرسێکیان لە ڕووی واتایی و پەیوەندیی لۆژیکییەوە لە چوارچێوەی زماندا پەسەند کراون و دروستن، بەڵام لە ڕوانگەی زانستیی زمانەوانییەوە لە ڕووی فۆنۆلۆژی (دەنگسازی)، مۆڕفۆلۆژی (پێکهاتەسازی و وشەسازی) و ڕستەسازییەوە خاوەنی چەندان جیاوازی و تایبەتمەندیی وردن، کە بە بەڵگەی زانستی دەخەینە ڕوو.
یەکەم: لە ڕوانگەی فۆنۆلۆژییەوە (دەنگسازی و بڕگە)
لە ڕوانگەی دەنگسازییەوە، زمانی کوردی زمانێکی خاوەن سیستەمێکی دەنگیی تایبەتە کە تێیدا ڕێساکانی کێشانەوەی بڕگە و هێز و کاتی دەربڕین کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر شێوەی نووسین هەیە.
گوندەکە دووکانی لێ هەبوو.
لە ڕستەی یەکەمدا (دووکانی): وشەکە وەک یەک یەکەی وشەیی یەکگرتوو دەخوێنرێتەوە. لە ڕوانگەی فۆنۆلۆژییەوە، بڕگەکانی پێک دێن لە (دوو – کا – نی). لێرەدا پیتێکی بزوێن لە کۆتاییدا هەیە، کە دەنگی (ی)یە و وەک پیتێکی ڕەسەن لە پێکهاتەی وشەکەدا جێگیر بووە.
پاڵەپەستۆی دەنگی، یان سەنتەری کێش لەسەر بڕگەی کۆتایی، یان ناوەڕاست بەپێی شێوازی شیتەڵکردنی گشتی دەبێت، بەڵام لە ڕووی دەنگییەوە هیچ تێکچوونێک لە کێشی بڕگەکاندا ڕوو نەداوە.
دووکان، وشەیەکە و (ی) جێناوی کەسیی لکاو بۆ کەسی سێیەمی تاک بۆ ناوی گوندەکە دەگەڕێتەوە و هیچ پەیوەندییەکی مۆڕفۆڵۆژی و پێکاتەیی بە وشەی پێش خۆیەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکە ڕستەسازییە، (دووکان + ی).
گوندەکە دوو کانی خەڵووزی لێ هەبوو.
لە ڕستەی دووەم، (دوو کانی):
لێرەدا دوو یەکەی سەربەخۆی دەنگی و مۆڕفۆلۆژی لە تەنیشت یەکەوە دەر دەکەون، کە بریتین لە هاوەڵناوی ژمارەیی، یان ناوی ژمارەی (دوو) و ناوی (کان) و (ی).
مەبەست لە وشەی (کان) کانی خەلووزە، لێرە لە ڕووی مۆڕفۆڵۆژییەوە، وشەی (دوو) هیچ پەیوەندییەکی بە پێکهاتەی دروستبوونی وشەی (کان)ەکەوە نییە، تەنیا پێکەوە گرێیەکی ناوییان دروست کردووە، (دوو + کان + ی)، دیارخەر و دیارخراون.
هەر دوو وشەکەش پێویستییان بە پشوو، یان بڕگەی سەربەخۆ هەیە.
لە ڕوانگەی مۆڕفۆلۆژییەوە (پێکهاتەی وشە و وشەسازی)
شیکاریی مۆڕفۆلۆژی بۆ (دوو کانی):
لێرەدا دوو مۆڕفیمی جیاواز بوونیان هەیە:
١. (دوو): مۆڕفیمی ئاراستەکاری ژمارەیی، دیارخەرە.
٢. (کانی): ناوی تاک کە لێرەدا وەک ناوی دیارخراو دەر کەوتووە (وەک کانی و کانزا). لێرەدا هیچ جێناوێکی لکاو بەکار نەهاتووە، بەڵکوو تەنیا ناو و ژمارەن.
شیکاریی مۆڕفۆلۆژی بۆ (دوو کانیی):
ئەم شێوەیە لە ڕووی مۆڕفۆلۆژییەوە زۆر دەوڵەمەندە.
وشەی (کانی) کۆتایییەکەی بە پیتێکی (ی)ی بنەڕەتی هاتووە، کە بەشێکە لە پێکهاتەی خودی وشەکە، پاشان بۆ گەیاندن، یان لکاندنی جێناوی کەسیی لکاو لە کۆمەڵەی یەکەم، بۆ ناوی گوندەکە دەگەڕێتەوە.
کەواتە لێرەدا دوو (ی) لە دوای یەک دەر دەکەون: یەکەمیان پیتی بنەڕەتیی وشەکەیە، و دووەمیان مۆڕفیمێکی ترە
ئەرکی ڕستەسازیی هەیە.
سێیەم: شیکاری لە ڕوانگەی ڕستەسازییەوە.
ڕستەسازی لێکۆڵینەوەیە لە چۆنیەتیی ڕێکخستنی وشەکان لە ناو ڕستەدا و دیاریکردنی ئەركی ڕستەیییان (وەک نیهاد، تەواوکەر، کار و… هتد) دەکات.
لە زمانی کوردیدا، ڕێسای سەرەکیی ڕستەسازی ئەوەیە، کە کەرەستەکان بە شێوازێک ڕێک بخرێن کە واتای مەبەست بە ڕوونی بگەیەنن.
شیکاریی ڕستەی یەکەم (گوندەکە دووکانی لێ هەبوو):
لەم ڕستەیەدا، وشەی (دووکان) وەک یەکەیەکی یەکگرتوو ئەرکی تەواوکەری سەرەکی هەیە، (ی) پەیوەندیدار نییە لە پێکهاتەکەی.
بوونی ئەم شێوە نووسینە بۆ کاتێک گونجاوە، کە مەبەست لێی بوونی دووکانێک بێت بە شێوەیەکی گشتی و بێ پێویست بوون بە وردەکاریی ژمارەیی دیکە.
شیکاریی ڕستەی دووەم (گوندەکە دوو کانی خەڵووزی لێ هەبوو):
لەم ڕستەیەدا، کە ڕستەی (دوو کان) وەک گرێیەکی ناویی دەر دەکەوێت، کە پێک هاتووە لە هاوەڵناوی ژمارەیی، یان ناوی ژمارەی (دوو)، کە دیارخەرە و ناوی دیارخراو (کان)ە.
لە ڕووی ڕستەسازییەوە، ئەم گرێیە بە تەواوی جیاکراوەیە و لەناو ڕستەدا ئەرکی دیاریکراوی خۆی هەیە، بێ ئەوەی پێویستیی بە نووسینی دوو پیتی (ی) هەبێت.
شیکاریی ڕستەی سێیەم (گوندەکە دوو کانیی لێ هەبوو):
لەم ڕستەیەدا، گرێی (دوو کانی) بە شێوەیەکی زانستییانە ڕێک خراوە بۆ نیشاندانی پەیوەندیی خاوەندارێتی، یان لکاندنی جێناوی کەسیی لکاو لە دوای گرێی ناوی (دوو کانی)
وشەی (کانی) کۆتایییەکەی بە پیتێکی (ی) هاتووە، و لەبەر ئەوەی جێناوی کەسیی لکاو (ی) پێویست بووە پێوەی ببەسترێتەوە، بۆ پاراستنی ڕەسەنبوونی پیتی یەکەم و جێبەجێکردنی ڕێسای ڕێنووسی، دوو (ی) لەدوای یەک نووسراون.
یەکەمیان پیتە بنەڕەتییەکەی وشەکەیە و دووەمیان جێنای کەسیی لکاوی ڕستەسازییە.
لێرەدا ژمارەی کانییەکان بە ڕوونی دیاری کراوە، (کە دوو کانیی ئاو) هەیە.
چوارەم: ئەنجامگیریی زانستی و ڕێنووسی
لە ئەنجامی ئەم شیکارییە فۆنۆلۆژی، مۆڕفۆلۆژی و ڕستەسازییە دەر دەکەوێت کە:
هەر سێ شێوەکە لە ڕوانگەی زمانی کوردییەوە دروستن، بەڵام هەر یەکەیان لە بارودۆخێکی تایبەتدا بەکار دەهێنرێن، کە پەیوەندی بەو مەبەستە واتایییەی نوسەرەوە هەیە دەیەوێت بیانگەیەنێت.
نووسینی وشەی (دووکانی) بە یەک (ی) کاتێک باوە، کە وشەکە بەتەواوی یەکگرتوو بێت وەک ناوێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
نووسینی (دوو کانی) کاتێکە، کە ژمارە و ناو جیا و بێ لکاندنی جێناوی کەسیی لکاو، دەر دەکەون.
نووسینی (دوو کانیی) بە دوو (ی) پێویستییەکی مۆڕفۆلۆژی و ڕستەسازییە بۆ جیاکردنەوەی پیتی بنەڕەتیی وشەکە لە جێناوی لکاوی لکێنراو پێیەوە، کە ئەمەش لووتکەی وردبینییە لە ڕێنووسی زمانی کوردیدا و بۆ توێژینەوە زانستییەکان باشترین و سەرنجڕاکێشترین بژاردەیە.
(دوو + کانی + ی)
ئەنجام
بۆ ئەم بابەتە هەر تەنیا شێوە ڕاستەکانمان نووسین، خۆ بۆ هەر ژینگەیەکی ئەم ڕستانە، کەم و زیادیی نووسینی (ی)یەک، یان کەم و زیادیی لە سپەیس دیسانەوە هەڵەی ڕێنووس دروست دروست دەبێت.
بۆ نموونە:
ئەگەر مەبەست لە ڕستەی یەکەم بێت، کە (دووکان) لە گوندەکە هەیە، دانانی سپەیس و بۆشاییی لەنێوان (دوو، کان)، بەم شێوەیە:
دوو کان، ئەو کات هەڵەیە، یان ئەگەر بۆ ڕستەی یەکەم دوو (ی) بنووسین بەم شێوەیە:
دووکانیی، دیسان هەڵەیە.
بۆ ڕستەی دووەم، ئەگەر سپەیس و بۆشایی نەبێت، بەم شێوەیە:
دووکانی، دیسان هەڵەیە، ئەگەر بە دوو (ی)ش بنووسین هەر هەڵەیە.
بۆ ڕستەی سێیەم، ئەگەر سپەیس و بۆشایی نەبێت، یان بە یەک (ی) بەم شێوەیە:
دووکانی، هەڵەیە، خۆ ئەگەر بە یەک (ی)ش بنووسین دیسانەوە هەڵەیە.
کەواتە لە ژینگەی نووسینی ئەم جۆرە ڕستانە لابردن و نەنووسین، یان دانان و نووسینی سپەیس و بۆشایی، یاخود یەک (ی) و دوو (ی)، کاریگەریی زۆری هەیە لە گۆڕین و مانا و مەبەستی ڕستەکان، یان ڕاست و هەڵەی شێوە و ڕێنووسی ڕستەکاندا، لێرەوە بۆمان ڕوون بووەوە، کە سپەیس و بۆشایی، یان نووسین و نەنووسینی پیتێک مانا و واتای ڕستە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە ڕاست و هەڵەی ڕستەسازی یەکلایی دەکەنەوە.
شێوەی نووسین و ڕاستنووسین بنەمایەکی ڕێنووسی و ڕێزمانی و واتاسازیی خۆی هەیە، دەبێت پێیەوە پابەند بێن و بەهەڵە نەنووسین.
سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
ــ چەند ئاسۆیەکی تری زمانەوانی، پ.د وریا عومەر ئەمین، هەولێر، دەزگای ئاراس، ٢٠٠٤
ــ زمانی کوردی
له ئاستی ڕستەسازیدا
وریا عومەر ئەمین
هەولێر، ٢٠٢٣
ــ مۆڕفیمە ڕێزمانییەکانی کار
د. عەبدوڵڵا حوسێن ڕەسوڵ
هەولێر، ٢٠١٤
ــ ڕێبەری ڕێنووس و خاڵبەندیی وەزارەتی پەروەردە، دیاکۆ هاشمی، هەولێر، ٢٠٢٦

