رۆژنامەی ھەولێر

خێزان و قوتابخانە بەرەو یەک ئامانج

خەرمان كەمال پیربال
دایبابان هاوبەشی سەرەكیی قوتابخانەن بۆ دروستكردنی نەوەیەكی پێگەیشتوو. بوونی پەیوەندیەكی پتەو لەم نێوەندەدا بۆ یەكخستنی ئامانجەكان هەم كارئاسانی بۆ قوتابخانە دەكات و هەم بۆ خێزان، ئامانجی دایك و باوك و مامۆستا دەبێت یەك بێت بۆ دروستكردنی كەسایەتیەكی ژیر، هۆشیار و تەندروست. ئەم هاوبەشی و پەیوەندیە پێویستە بەردەوام بێت لەلای دایك و باوكانەوە بەتایبەتی سەردانی بەردەوامی قوتابخانە بكەن لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی ڕۆڵەكەیان بن. لە ڕووی دەروونیەوە قوتابیش هەست بە ئارامی دەكات كە لە خێزانێكی خەمخۆرەوەیە و پشتگیری دەكرێت كاتێك قوتابی تێبینیی هاوكاری و ڕێز و تەباییی نێوان مامۆستاكانی و دایك و باوكی دەكات ئەبێتە نموونەیەكی باڵای دواڕۆژی ئەم كۆمەڵگایە، قوتابیەكە خۆی لە ژیانی داهاتوودا هەمان ڕۆڵ دەگێڕێتەوە.
قوتابی كاتێك دەزانێت دایك و باوكی گرنگیی پێ دەدات باشتر ئەركەكانی جێبەجێ دەكات تەنانەت ئەگەر لەبەر خاتری ئەوانیش بێت فشار خستنە سەر قوتابی كارێكی باش نیە بەڵام قەدرونرخ زانین و هاندانی قوتابی هەمیشە باشترینە. ئەو منداڵانەی كە زیاتر گرنگییان پێ دەدرێت تێبینیی ئەو گرنگیپێدانەی دایك و باوكیان دەكەن توانای كۆمەڵایەتیبوونی باشتریان هەیە و متمانەبەخۆبوونیان زیاترە. ڕۆڵی قوتابخانە بەرپرسیارێتیەكی گرنگی لە دروستكردنی ئەم هاوبەشیەدا هەیە، ئەم پەیوەندیە پێویستە بە شێوەیەكی ڕێكخراو بێت بەردەوام و دوولایەنە بێت، هەردوو لا دەرفەتی دەربڕینی بۆچوون و گەیاندنی كێشەیەك یان پێداویستیەكیان هەبێت، ئەمەش بۆ دروسكردنی پردی متمانەیە لە لای قوتابی.
كۆبوونەوەی دایبابان و گفتوگۆی تەنیا خێزانەكان و ڕاپۆرتی بەردەوام لەسەر توانای قوتابی و گەشەكردنی و بەشداریی خێزانەكان لە هەندێك چالاكیی پەروەردەییدا دەکرێت ئەم پردی متمانەیە بەهێزتر بكەن. پێویستە قوتابخانەكان هەلومەرجی جیاوازی خێزانەكان لەبەرچاو بگرن بە تایبەتی ئەو بارودۆخەی ئێستا تێیدا دەژیین چونكە هەموو خێزانێك هەمان كات، توانای ماددی یان دەرفەتی بەشداری یەكسانیان نیە، كەواتە لێرەدا سەركەوتن ئەوەیە هاوبەشیەكی بەهێز دروست بكرێت كە دەرفەت بۆ بەشداریی هەموو خێزانەكان دروست بكات. لە كۆتاییدا هاوبەشیی ڕاستەقینە لە نێوان خێزان و قوتابخانە بەرپرسن لە پەروەردەكردنی نەوەی داهاتوو.