رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم…ئەمین محەمەد

یاسین قادر بەرزنجی
ئەمین محەمەد ناوێکی دیاری بواری نووسینی ئەدەبی منداڵانە، ساڵانێکە شیعرو چیرۆک دەخاتە بەر چاوە گەشەکانی منداڵانی کورد، هەروەها چەند
ڕۆمانیکیشی پێشکەش بە مێرمنداڵان کردووە.
کاک ئەمین لە سەرەتای ساڵی هەشتاکانەوە شیعری نووسیوەو پاشان ڕوو لە جیهانە بێگەردو ئەفسووناوییەکەی منداڵان بووەو بە شیعرو چیرۆک و لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی منداڵان و ڕۆمان بۆ مێرمنداڵان خزمەتێکی بەرچاوی کردووە.
بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری کورد جینەیسی تایبەت بە منداڵان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری کورد جینەیسی پەروەردەیی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی هەردوو گۆڤاری هەڵمەت و وارانە.
شیعری (ژینگەی کوردستان)ی خراوەتە پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی سێی قوتابخانە سەرەتاییەکان.
بەرهەمە چاپکراوەکانی لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٢٦ بریتین لە :
*هەڵوێست، شیعری بەرگری.
*حەوت کۆمەڵە شیعر بۆ منداڵان بە ناوەکانی:
ماڵی باران، هاوڕێی نوێ، خەونی چۆلەکە، هەنگە وردیلە، گۆرانی هەورەکان، بەرسیلە.
*ئامادەکردنەوی دیوانی(جریوە)ی مامۆستا ع.ع.شەونم.
*زمانڕەوانی و جۆرەکانی کێشی بڕگە لە شیعری منداڵاندا، لێکۆڵینەوە بە هاوبەشیی چەند نووسەرێک.
*سێ ڕۆمان بۆ مێرمنداڵان بە ناوەکانی:
کچی دوورگە بچکۆلەکان، ملوانکەی ئەفسووناوی، بەردە میهرەبانەک.
لە ئێستاشدا ئەم ئەدیبە دڵسۆزو خەمخۆرە چەند بەرهەمێکی دیکەی نوێی لە شیعرو چیرۆک و وەرگێڕان ئامادەن بۆ چاپ.
یەک لەو ژانرانەی ئەم نووسەرە بەرهەمی لێ نەخشاندووە ڕۆمانە بۆ مێر منداڵان، کە بە خەیاڵی واڵاو سەرنج ڕاکێشەوە نووسیونی دوورن لە ئامۆژگاری ڕاستەوخۆ، بە شێوەیەکن مێرمناڵان سوودو چێژی لێ وەردەگرن.
مامۆستا مەحمود عەبدولکەریم باجەلان سەبارەت ڕۆمانی (کچی دوورگە بچکۆلەکان) وتوویەتی :
[دەتوانم بڵێم کە ئەم ڕۆمانە لە ڕووی داڕشتن و نووسینەوە کارێکی نوێیەو توانیویەتی لە سنووری کوردستان دەربچێت و لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا خۆی نمایش بکات، کارێکە کە خەیاڵ و فەنتازیا سەرتاپای داپۆشیوەو جوانیی زیاتری پێداوە].
هەر ئەو بەڕێزە لە پێشەکیی (ماڵی باران)دا نووسیویە:
[کاک ئەمین هەوڵی داوە بێ دووبارە بوونەوەو سواویی، شیعر بۆ منداڵان بنووسێت، جیاواز تر لەوانەی بۆ منداڵ دەنووسن].
سەبارەت ڕووکردنە نووسینی بەرهەمی ئەدەبیاتی منداڵان، کاک ئەمین دەڵێت:
[خۆشەویستی زۆرم بۆ منداڵان و مێرمنداڵان و خەمخۆریم بۆ پەروەردەی درووستیان و خزمەتکردنیان، وایان کرد ڕوو لەو بوارە گرنگ و هەستیارە بکەم، ئەدەبی منداڵان هۆکاری پێشخستنی کۆمەڵگەو دابینکردنی دواڕۆژێکی جوانە، بەڵام کارکردن لەو ژانرە ئەدەبییەدا قورس و پڕ گرفتە، دەتوانم بڵێم ئەدەبی منداڵان، لە خزمەتی ژیاندایە و پەروەردەی نوێیە لە پێناوی داهاتوویەکی گەش و پرشنگدار].
خەرمان بەرەکەت کاک ئەمینی خاوەن بەخشش و بەتوانا، هەمیشە بەردەوام و سەرفراز بیت هاوڕێی خۆشەویست.