ئیبڕاهیم مەلازادە
بەشی دووەم و کۆتایی
یۆنانییەکان بۆ دەستەواژەی ژیان دوو چەمکی جیاوازییان بەکارهێناوە. یەکەمییان زۆیێ (Zoē)، بە مانای ژیانی سروشتی، یان زیندەیی (بایۆلۆژی)، ئەو ژیانەی کە مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵ و ڕووەکدا هاوبەشە. ئەوەی جیای دەکاتەوە جیاوازیی (هەناسەدان، خواردن، زاوزێ و مانەوەیە). دووەمییان بایۆس (Bios)ـــە، بەمانای ژیانی سیاسی، شارستانی و ئەخلاقی؛ ئەو ژیانەی کە خاوەن ماف، بەها، شەڕەف و پێگەی سیاسییە لە ناو کۆمەڵگەدا. لە ڕوانگەی ئاگامبیندا ژیانی ڕووت ئەوەیە کە بایۆس “مافی سیاسی و ئەخلاقی” لە مرۆڤ وەردەگیرێتەوە و تەنها زۆیێ واتە پێگە (زیندووەکەی) بۆ دەهێڵێتەوە و دەبێتە مرۆڤێکی ڕووت (بایۆلۆژی). ئالێرەدایە، مرۆڤ دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ ئاژەڵ، مەیدانی سروشتی بە ئاژەڵ چۆڵ دەکات و لەگەڵ زیندوێتی ئاژەڵدا کێبڕکێ دەکات و لەوێدا سیماکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ تێکەڵ دەبن. مەبەستی فۆکۆش لە جۆری سیاسەتی هاوچەرخی مرۆڤ، دابەزینە بۆ پێگەی ئاژەڵ. لەو حاڵەتەشدا ئەو جۆرە سیاسەتە تەواوی بوون وەکو مرۆڤێکی ئاقڵ، دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خۆ ئەگەر هەمان ئەو مرۆڤە ڕێگە بە ئەندامانی نەتەوەیەک نەدات سیاسەت بکەن یاخود سیاسیی بن بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە سەروەریی خود، لەهەر ئاستێکدا بێت، پێگەی ئەو ئەندامانە لە پێگەی ئاژەڵیش خوارتر دەڕوات، چونکە زۆر بە سادەیی مرۆڤێکە بێ سیاسەت، لە کۆتاییشدا مرۆڤێکی دیلە، وەکو بوونەوەرێکی زیندووش مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت.
ئێستا لە چوارچێوەی ئەو وێناکردنەدا؛ ئێمە لەبەردەم مرۆڤێکی بایۆلۆژی داین، کە ڕووتکراوەتەوە لەهەموو بەها مرۆییەکان و مافە سیاسییەکان، ڕێک ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لەگەڵ چەمکێکی دیکە ئەویش مرۆڤی سەروەرە. “سەروەریی” ئەو دەستەڵاتە باڵایەیە، کە مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر دۆخی نائاسایی خۆی بدات و دیاری بکات کێ ژیانی بەهادار و پارێزراوی هەیە بە هەموو مافە بنەڕەتییەکانییەوە، کێش دەکرێت بکوژرێت بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێت. بۆیە لە ڕوانگەی ئاگامبین “خاوەن سەروەریی، بەهۆی خاوەندارێتیی دەستەڵاتی یاسایی بۆ ڕاگرتنی بەڕێوەچوونی یاسا، بە شێوەیەکی یاسایی خۆی دەخاتە دەرەوەی یاسا، ئەمەش مانای وایە دەکرێت ئەم پارادۆکسە بەم شێوەیەش دابڕێژرێت: یاسا لە دەرەوەی خۆیدا دەژی..، یان من کە سەروەرم لە دەرەوەی یاسام، ڕای دەگەیەنم کە هیچ شتێک لە دەرەوەی یاسادا نییە” (Agamben, 1998:15). ئەم لۆژیکە بەقەد دژبەیەکبوونەکەی قوڵاییی هەیە. کەسێک کە خاوەنی سەروەریی خۆی بێت، دەشتوانێت خۆی بخاتە دەرەوەی یاسا. هەر ئەم لۆژیکەشە وا لە داگیرکەر دەکات، لەڕێی سەروەریی خۆیەوە لە دەرەوەی هەموو یاسا نێودەوڵەتی و بەها و نۆڕمەکانەوە مرۆڤی کورد بخاتە چوارچێوەی مرۆڤی ڕووت، بەو ئاراستەیەیدا ببات کە بۆخۆی دەیهەوێت، لە نابووتکردنەوە تا کوشتن. لێرەدا ڕێک دەچیینە پانتایی ژیانێکی سروشتیی، وەکو ژیانی هەر ئاژەڵێک کە هیچ سنووردانانێک نییە بۆ لەناوبردنی، مەگەر خوودی سنووردانانەکە بۆ قەڵەوکردن و باشکردنی بێت بۆ ئەوەی دواتر بەکاری بێنن، بەبێ ئەوەی دەستەڵات یان کۆمەڵگە بە تاوانی بزانن.
لەسەر بنەمای تێزەکەی ئاگامبین کە لەسەر بیرۆکەی هۆمۆ ساکەر دامەزراوە، لە فۆڕمە گشتییەکەیدا مرۆڤی هاوچەرخ ڕووت کراوەتەوە، بەو مانایەی تەواوی خەمی مرۆڤ کورتکراوەتەوە لە “مانەوە لە ژیاندا”، کە بریتییە لە خواردن، پاراستنی جەستە لە نەخۆشی و ئاساییش. لەو جۆرە حالەتەدا کە تەنها بیرمان لەسەر مانەوە و خۆپاراستن بێت ئەقڵ و ڕەخنە و بەها ئەخلاقییە بەرزەکان هەپڕوون بە هەپروون دەبن. نزیکدەبینەوە لە کێڵگەی ئاژەڵان و جیاوازییەکان لەگەڵ بوونەوەرەکانی دیکە نامێنن. لە هەموو ئەو بەهایانەی وەکو دڵسۆزی، هاوسۆزی و ڕاستگۆیی دادەبڕێت و دەبێتە بوونەوەرێک کە ئامادەیە هەموو شتێک بکات تەنها جەستە ڕووتەکەی بمێنێتەوە. ئەوە فۆڕمە مرۆییە گشتییەکەیە. ئەی کە دادەبەزینە فۆڕمە تایبەتییەکەی ناو کێڵگەی بیرکردنەوەی داگیرکەر، کە لە بنەڕەتدا بۆخۆی لە فۆڕمی ئاژەڵێکدا خەریکی بەرهەمهێنانی سیاسەتە، تەواوی خەمی ئەو مانەوەیە لە زیندانی ئەو خوودگەراییەی کە پێی وایە تەنها ئەو مافی سەروەری و بەرهەمهێنانی سیاسەتی هەیە، گرنگ نییە چ جۆرە سیاسەتێک بێت، با لە دەرەوەی هەموو بەها و نۆڕمە مرۆییەکانیش بێت، گرنگ ئەوەیە مرۆڤی کورد لە دەرەوەی فۆڕمی سیاسەتدا دەبینێت.
حکوومەتی عێراق لە نیوەی دووەمی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بێجگە لە شارە گەورەکان، تەواوی باشووری کوردستانی ئاخنییە ناو ئۆردوگا زۆرەملێکان. کۆمەڵگەی کوردی لەهەموو بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان دابڕی، دوای ئەوەی لە یادەوەری و خاک و کولتوور و بەها و نۆرمەکانی دابڕی. لەوێوە توانی بەسەریاندا زاڵ بێت و زیاتر لە نیوملیۆن مرۆڤ بخزێنێتە ناو گروپە چەکدارەکان و چەکداری و میلیتاریزم بکات بە سەرچاوەی ژیان. ئەوەی بۆ مرۆڤی کوردی ناو ئۆردوگا زۆرەملێکانی هێشتەوە ژیانێکی ڕووت بوو، جۆرێک بوو لە حەشامات، کەڵەکەکردنی مرۆڤەکان بەسەر یەکەوە. شەپۆڵەکانی ئەو ڕووتکردنەوە و نابووتکردنەش هێشتا گینگل دەدەن و بەهێزتر نەبووبن، لاوزاتر نەبوون، لە پێشەوەی هەموو بەهاکانیش ئەقڵ نەشکانە بە سەروەری، وازهێنان و دابەزینە لە تەواوی سەروەرییەکانی خۆی، لەبەرامبەر ژیانێکی ڕووت. داگیرکەر لەناو پاناتیی بەرهەمهێنانی یاسا و کوردیش لە دەرەوەی یاسا و کردنی بە تێکدەر (مخرب).
لێرەدا ڕاستەوخۆ دەکەوینە بەرامبەر چەمکی ئۆردوگا (کەمپ) و دۆخی گۆشەگیریی و زیندان. ئەمڕۆ نموونەی هەرە زیندووی کورد لە وەها دۆخێکدا گۆشەگیری و دابڕینی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردن لە جەستەی سەرکردەیەکی کوردی وەکو عەبدوڵا ئۆجەلان. کە ئۆجەلان بە دیل دەگیرێت، تەواوی پرسی کورد و بزووتنەوەی کوردیی باکوریش دەکرێتە دیل و دەستی بەسەردا دەگیرێت و کاریگەرییەکەی درێژدەبێتە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، بەجۆرێک تا چرکەساتی ئەو نوسینەش لە ناو کاردانەوەکانی ئەو دیلبوونەدا دەژین؛ ئەو دیلبوونە پرسی کورد لەناو زینداندا قایم دەکات و بەلارێیدا دەبات، دووری دەخاتەوە لە مەبەستە سەرەکییەکەی و لەو گەرموگوڕییەی کە بەر لەو پڕۆسەیە پرسەکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەخۆیەوە دەیتیت. دەکرێت کاریگەری و نابووتکردنەکانی ئەو دوورخستنەوەیە درێژ ببنەوە بۆ دەیان ساڵ و چەندین وەچە؛ نەک هەر دوای دەخات و دووری دەخاتەوە لە ئامانجە سەرەکییەکەی، بەڵکو ڕێک پێچەوانەی دەکاتەوە بۆ هۆمۆساکەر، مرۆڤی ڕووت، لەپێناو داماڵینی لەهەموو جۆرە مافێکی تایبەت وەکو کورد.
لەناو تۆڕی پلانەکانی لەکاریگەریخستن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو جومگە بەهێزەکانی داگیرکراو؛ ئاگامبین دێت و پێما دەڵێت ئۆردوگا “سەربازگە، کەمپی پەنابەران، نەخۆشخانە تووندەکان، یان تەنانەت کۆمەڵگە دەستبەسەرکراوەکانی وەکو گیتۆکان یان ئەو کەمپانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی میدیاکاندا دەمێننەوە و بە ترسێکی بەردەوام گەمارۆ دەدرێن. بۆیە دەڵێت “کەمپەکانی کۆکردنەوە (کە کۆکراوەکان تیایدا لە دۆخی تیرۆر و زۆرەملێدا دەژین) تاقیگەن بۆ تاقیکردنەوەی کۆنتڕۆڵی ڕەها و گشتگیر؛ چونکە سروشتی مرۆڤ چۆن بێت، ئەم ئامانجە تەنها لە ژێر بارودۆخە پەڕگیر و توندەکانی دۆزەخێکی دەستکردی مرۆڤدا دەکرێت” (Agamben, 1998:120). لە چوارچێوەی ئەو تێگەیشتنەشدا؛ ئۆردووگا زۆرەملێکانی باشووری کوردستانیش، وەکو ئۆردوگای کۆکردنەوە، شوێنێک بوون، لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی داگیرکەردا، ژیانی مرۆڤەکان تیایدا بووبووە ژیانێکی ڕووت. لەو ئۆردوگایانەدا مرۆڤەکان تەنها ژمارە بوون، تەنها جەستەیەکی داپۆشراو بوون و هەناسەیان دەدا. مرۆڤەکان لەپڕ خۆیان لە دەرەوەی مرۆڤبووندا دۆزییەوە، بە جۆرێک لە هەموو دەستەڵاتێک داماڵران و چارەنووسی خۆیان لە دەست خۆیاندا نەما. ئەو هاوکێشەیە بۆ مرۆڤی دونیای ئێمە بە گشتی تا ئەمڕۆش بە ڕێژەی جیاواز هەر ڕاستە، بەتایبەتیش بۆ زۆرینەی مرۆڤی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەک هەر لە دۆخی بێ دەوڵەتیدا بەڵکو دەیخاتە دۆخی دژە دەوڵەتیش، وەک ئەوەی لە باکوور ڕوودەدات.
کەواتە گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ئەوە نییە کە مرۆڤ لەڕووی جەستەییەوە لەناوببرێت و کۆتایی بە ژیانی بهێندرێت، بەڵکو ئەوەیە کە لە سەروەری خۆیان دابماڵرێن و بخرێنە دەرەوەی قانون و دۆخی پیرۆزگەرایی ئاگامبین وەربگرن، دابماڵرێن لە هەموو مافەکانیان، ئەقڵ و بەها ئەخلاقییەکانیش، بۆیە بۆ هەموو کەسێکیش هەبێت بیکوژێت. تەنانەت بەکەڵکی قوربانیش نەمێنێت. ئەوەتا وا لە کورد دەکرێت تەنها جەستەیەک بێت و خەمی گەورەی ئەوەبێت تەنها و تەنها پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات. لە وەها دۆخێکدا ژیانی ڕووت زاڵ دەبێت و ئازادییەکان وەک ماکیاج و شتی زیادە تەماشا دەکرێن؛ کتومت نزیک دەبینەوە لە کێڵگەی ئاژەڵان، ئەگەر پانتایی ژیانیش نەکرێت بە پانتاییەکی کێڵگە ئاسای وەکو ئۆردوگا زۆرەملێکان و گیتۆکان و گەڕەکە پەراوێزخراوەکان.
سەرچاوەکان
Agamben, G. and Sacer, H., 1998. Sovereign power and bare life.
Elias, N., 1978. What is sociology? Columbia University Press.
Elias, N. and Scotson, J.L., 1994. The established and the outsiders.
Locke, J., 2026. Second treatise of Government. Primento Digital sprl.
Rohloff, A., 2012. Shifting the focus? Moral panics as civilizing and decivilizing processes. In Moral panic and the politics of anxiety (pp. 71-85). Routledge.
van Krieken, R., 2017. Norbert Elias and figurational sociology. The Wiley‐Blackwell Encyclopedia of Social Theory, pp.1-3.

