رۆژنامەی ھەولێر

گۆڕانکارییەکانی سەردەمێکی هاوچەرخ

عارف ڕوشدی
لەو باوەڕەدام ڕووداوەکانی ئێستای وڵاتانی ئەوروپا، کەڵەکەبوونی دەرهاوێشتەی تەنگژەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتین و زیاتر لە دوو دەیە دەبێت بەدەستییەوە دەناڵێنن. هەرچەندە لەم ساتەدا لەژێر دروشمی گرانی و هەژاری و بێکاریدا بزووتنەوەی هەڵچوونی جەماوەری خۆی پێناسە دەکات، بەڵام لە بنەڕەتدا، گەڵاڵەبوونی پرۆسەیەکی مێژووییە لە ئاراستەی کڵپەسەندنی هزری (نەتەوەیی نیشتمانی) گەلانی ڕەسەنی ئەوروپی. ئەمەش بەرەو ئاقاری گۆڕانکاریی چۆنایەتی و زیندووکردنەوەی بنەماکانی ڕێککەوتنەکانی ناسراو بە (وێستفالیای ساڵی ١٦٤٨) هەنگاو دەنێت. بەمەبەستی داڕشتنی سیستمێکی نوێی جیهانی، مەزەندە دەکەم مەرجی بونیادی دامەزراندنی (دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتمانی) بەردی بناغەی دەبێت. بەپێی ڕێککەوتنی ئاماژەپێکراو، گەلانی ئازادیخواز قۆناغی ململانێی خوێناوی، هەرەسهێنانی ئابووری، باڵادەستیی هزری فراوانخوازی و چەوساندنەوەی نەتەوەییان تێپەڕاند و ڕوویان لە قۆناغی سەروەریی نیشتمانی کرد.
هەروەها بەدووری نابینم پەیوەندییەکانى نێونەتەوەیی لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی چالاکتر و چاکسازکراودا سەرلەنوێ ڕێکبخرێنەوە، بەڵکو پێویستی بە پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی دەیان بڕیاری ستەمکار و هەڵەی مێژوویی دەکات، هەر بۆ نموونە: ڕێککەوتنەکانی (سایکس-پیکۆ، لۆزان، گرفتی قوبرس و ئێرلەندا).
لە لایەکی دیکەوە، ڕووداوەکان جاڕدانی هەرەسهێنانی بیرکردنەوە کرچوکاڵەکانی وەک (برایەتی گەلان و هاووڵاتیبوونی تێکشکاو و کۆمەڵگەی خەیاڵیی دیموکراتیک) لەخۆ دەگرن، بە هەمان شێوەی داڕووخانی کۆمەڵگە داخراوەکانی سەردەمی سۆڤیەت.
ئیتر با بزانین ئاراستەی ڕووداوەکان چۆن و کەی لەنگەر دەگرن.