گوهدار شوكری ئاكرەیی
ئایا خۆپەرستی، سروشتی سەرەتایی مرۆڤە یان بەرهەمی شێوازی ژیانی سەر زەوییە ؟زۆر جار لەگەڵ ناخ و دەروونی خۆما بدوێم، بڵێم ئەگەر مرۆڤ بەڕاستی خۆپەرست بێت، بۆچی لە پێناو مردنی کەسێکی تردا دەتوانێت ژیانی خۆی بۆ ماوەیەکی درێژ بێمانا بکات! هەموو شتێکمان دەکەین بۆ یادکردنەوە و خۆشەویستیی ئەو کەسە.
بۆ زیاتر چاوڕوونی وەک تاقیکردنەوەیەکی فەلسەفی، نەک وەک چەمکێکی ئایینی، ئەگەر مرۆڤ بەڕاستی تەنها خۆی بوێت، هەندێ جار بیر لە خۆشی خۆی دەکاتەوە، وێنای بەهەشت دەکات، کەچی نایەوێت بەتەنها خۆی لە خودی بەهەشتدا بێت! چونکە خۆی باش دەناسێت چ بوونەوەرێکە! بەڵام زۆرێک لەخوێنەر دەپرسێت، بۆچی مرۆڤ ناتوانێت بەتەنیا لە بەهەشتیشدا بێت؟
وەڵام لەبەر ئەوە ناتوانێت بەتەنها بژیت، لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی پەیوەندیدارە و، ئەوەی جێی سەرسوڕمانە! لەسەر زەوییش بەخۆ ناوەستێت، سۆزی ڕاستەقینەی دەرببڕێت بۆ بەرامبەری! ئەمەش هەمووی بۆ ئەو بەدبەختییەی ئێمەی ساویلکە و بەستەزمان دەگەڕێتەوە تا زیندووین و لەسەر زەمینین، هیچ خۆشیک بەیەکتر نابەخشین. لە کۆتاییدا دەڵێم ڕەنگە بەرهەمی شێوازی ژیانی سەر زەوی وادەخوازێت مردووپەرست بین، نەک زیندووپەرست.

