یاسین قادر بەرزنجی
هونەرمەند جەمال بەختیار (١٩٢٥-٢٠٢٠) یەکێکە لەشێوەکارە ڕیالستەکان و خۊشنووسەکان کە خزمەتی گەورەی پێشکەش بە نەتەوەکەی و هونەری کوردی کردووە، لە شاری سلێمانی لەدایک بووەو تەمەنی ١٧ ساڵ بووە کە پەیوەندیی بە ڕیزەکانی (کۆمەڵەی هیوا)وە کردووە، ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندیی بە کۆماری کوردستانەوە لە مهاباد کردووەو کاتێک بە دیداری پێشەوا قازی محەمەد شاد بووە پێشەوا نازناوی (بەختیار)ی لێناوە، دوای ڕوخانی کۆمار گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و هەر لەو ساڵەدا لەگوندی لۆلان دەستگیر کراوەو براوەتە بەندیخانەی کەرکوک، لەوێوە بە دەستبەسەری ڕەوانەی هەولێر کراوەو تا ساڵی ١٩٥٢ لەوێ ماوەتەوەو خەریکی نیگارکێشان بووە.
ساڵی ١٩٥٦ لە سلێمانی لەگەڵ چەند هونەرمەندێکدا کۆمەڵی هونەرە جوانەکانی کوردیان دامەزراندووەو بووەتە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر.
ساڵی ١٩٦١ دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول دەستی کردووەتە خەباتی نهێنی، ئیدی پۆستەری سیاسیی نەخشاندووەو مانشێتی سەر بڵاوکراوەکانی نووسیوە، ئەم بەهرەمەندە لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە خولیای نیگارکێشانی هەبووە.
بەردەوام لەگەڵ شۆڕشدا بووەو حەفتاو چوار دوای بۆردومانی شاری قەڵادزە تابلۆیەکی نەخشاندووە کە گوزارشت بووە لە جینۆسایدی خەڵکی سڤیل و پانزە هەزار دانەی لێ کۆپی کراوەو بە ئێران و زۆر وڵاتی جیهاندا بڵاوکراوەتەوە، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕش لە ئێران ئاوارە بووەو لە شاری کاشان گیرساوەتەوەو لەوێ وەک مامۆستا دامەزراوە، پاش ساڵێک بەرەو ئەمریکا کۆچی کردووەو تا دوا ساتی ژیانی لەوێ ماوەتەوە، لەوێ چەندین پیشانگای کردووەتەوەو ساڵی١٩٨٠ چووەتە شاری ناشڤێڵ و لەوێ کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی دامەزراندووەو بووەتە سەرۆکی و بەردەوام چالاکیی نواندووە، بە درێژایی تەمەنی زیاد لە هەزار تابلۆی ڕۆنی نەخشاندووەو چەندین بەرهەمی هێڵکاریشی هەیە، بەداخەوە زۆربەی بەرهەمەکانی پێش ١٩٧٦ی لەناوچوون، بەڵام بەرهەمەکانی ئەمریکای پارێزراون، یەکەم هونەرمەندی کوردە کە تابلۆکانی وەک پۆستەر چاپکراون و لە ماڵی هاووڵاتیانی کوردستاندا هەڵواسراون، دوا ساڵەکانی تەمەنی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا تا کۆچی دوایی کردنی لەوێ ماوەتەوە.
زۆری تا بلۆکانی سەبارەت سرووشتی کوردستان و ژیانی کوردان بوون، بە هەموو خەم و ئازارو خەونەکانیانەوە.
ساڵی ١٩٩٩ ئەم هونەرمەندە (خەڵاتی بارزانی)ی پێ بەخشراوە.
هونەرمەند لالە عەبدە وتوویەتی [سەرچاوەی هونەر فێربوونمان یەکێکی وەکو مامۆستا جەمال بەختیار بوو].
نووسەری سووری غەریب مەلا زەلال کە نووسەرو ڕەخنەگری بواری شێوەکارییە دەربارەی هونەرمەند وتوویەتی:
[دوا ساڵەکانی تەمەنی بەهۆی نەخۆشیی زۆرەوە توانای بیستن و بینین و ئاخافتن و جوڵەی زۆر لاواز بووبوون، بەڵام هەرگیز لە هونەرەکەی دانەبڕا، جەمال بەختیار خۆی وتوویەتی:
کە نیگار دەکێشم هەموو نەخۆشییەکانم لە بیر دەچێتەوە و ئاگام لە دەورو بەر نامێنێت، من عەشقێکی سۆفییانەم لەگەڵ نیگار کێشاندا هەیە].
مامۆستای گەورە جەمال بەختیار بە جەستە مردووە، بەڵام هونەرەکەی و خەباتی دوورودرێژی بە زیندوویی ماونەتەوە، ئاخۆ پێویست نییە لە کوردستانەکەیدا کە ئازارو مەینەتیی زۆری لە پێناویدا چەشتووە، پەیکەری بۆ بتاشرێت و شوێنێکی گشتیی بە ناوەوە بکرێت؟
*سوپاس بۆ برای شێوەکارو ڕۆژنامەنووسم کاک بەختیار سەعید کە سەبارەت شێوەکاران هاوکاریم دەکات.

