گوڵاڵە حەسەن
دیاردەی کوشتنی ژنان بە ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی یان شەرەفەوە، هێشتا یەکێکە لە قورسترین و ئازاراویترین برینەکانی جەستەی کۆمەڵگە، کە لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا نەک تەنها کەم نابێتەوە، بەڵکو شێواز و قەبارەکەی ئاڵۆزتر دەبێت. ئەم جۆرە تاوانانە لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە لە چوارچێوەی توندوتیژیی سادەدا پۆلێن ناكرێن، بەڵکو پێویستە وەک پێشێلکارییەکی زەق بەرامبەر مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ سەیر بکرێن و لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنەیان لێ بکرێت.
بنەمای سەرەکیی ئەم تاوانانە لەسەر هزری پیاوسالاری و دەسەڵاتگەرایی بنیاد نراوە، کە تێیدا ژن وەک مڵک یان کەرستەیەک سەیر دەکرێت، نەک وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەنبڕیار. لەم فەرهەنگەدا، کۆمەڵێک نەریتی ژەنگاوی و دێرین دەکرێنە قەڵغان بۆ شەرعیەتدان بە کوشتن؛ کاتێک تاکێک هەست دەکات پێگەی پیاوانەی یان کۆنترۆڵی لەدەست دەدات، پەنا بۆ توندوتیژی دەبات بۆ سەلماندنەوەی دەسەڵاتی خۆی. ئەمەش مانای ئەوەیە کە کێشەکە لە بنەڕەتدا کۆمەڵایەتییەکی پەتی نییە، بەڵکو قەیرانێکی ئەقڵی و هزرییە لە تێگەیشتن لە چەمکی ئازادی و شکۆی مرۆڤ.
لە لایەکی ترەوە، لاوازیی سیستەمی دادوەری و نەبوونی سزای توند بۆ تاوانباران، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە دووبارە ببنەوە. کاتێک یاسا نەبێتە قەڵغانێکی بەهێز بۆ پاراستنی ژنان، تاوانباران پشت بە بۆشاییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان دەبەسن بۆ بەدەستهێنانی بەزەییی کۆمەڵگە و دەربازبوون لە سزا. بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە، تەنها ڕێکاری یاسایی بەس نییە؛ بەڵکو پێویستە دامەزراوەکانی پەروەردە و ڕاگەیاندن کار لەسەر دروستکردنی هۆشیاریی سەردەمیانە بکەن و ڕێز لە شەرەف و بەهای سەربەخۆی مرۆڤ بگرن.

