رۆژنامەی ھەولێر

بۆچی زانستە ژینگەییەکان دەخوێندرێ؟

ئاری ئاغۆک*
زانکۆ وەک ناوەندێکی گرنگی زانست و زانیاری و مەڵبەندی ڕۆشنبیری تاک، هەمیشە ئامرازێک بووە بۆ خزمەتگەیاندن بە داهاتووی کۆمەڵگە، فۆڕمی زانکۆ بریتیە لەو پلانەی لەڕێگەی توێژینەوە و دەرچوونی قوتابیان لە هەر بەش و پسپۆڕییەک بێ، ئەوا لە داهاتوو ببێتە جێی بایەخ و پیشەی سەرەکی دەرچووانی بەهەموو سێکتەرەکانیەوە، بۆیە تەواوکردنی قۆناغەکانی زانکۆ لە هەر پسپۆری و بەشێک بێت جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانە، لەبەرانبەردا ئەم گرنگی پێدانەش لە دوو لایەنەوە دەبێ کاری لەسەر بکرێ.
یەکەمیان: حکومەت هەوڵی دەرفەتی کار و دامەزراندیان بۆ بڕەخسێنێت، بە پێی ڕێژە و پێویستی پسپۆڕییان.
دووەمیان: خودی دەرچووانی زانکۆ دەبێ ئەو زانستسازیانەی کە وەریان گرتوە و فێری بوونە، بیگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەو ژیانی ڕۆژانەیان و کاری لەسەر بکەن.
کەواتە هەردوو لایەن دەبێ ئەم هەوڵ و هەنگاوە بدەن. لەدەستپێشخەرییەک دا (زانکۆی سلێمانی- کۆلیژی زانستە ژینگەییەکان) لە بانگەوازنامەیەک دا بۆ دەرچوونی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی ڕوونکردنەوەو بەرچاوڕوونییەکی گشتی داوە بۆ ئەو ئارەزوومەندانی کە دەتوانن لەم کۆلیژە لەدوو بەشی سەرەکی بخوێنن ئەوانیش:
١- بەشی زانستی ژینگە.
٢-بەشی بەڕێوەبردنی ژینگە.
بێگومان ئەم دوو بەشە گرنگە ڕاستەخۆ پەیوەندی بە بواری ژینگە و ژینگەناسی و کارگێری هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ زیاتر خزمەت گەیاندن بە بواری ژینگە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی، کە جێگەی دڵخۆشیە.

ئایا پەیام و ئامانجی ئەم زانکۆیە چی یە؟
هەر زانکۆیەک دێتە دامەزراندن ئەوا ئامانج و پلانێکی ستراتیژی دەخاتەڕوو، ئەم پلانەش دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ زیاتر بە ئەکادیمی بوون و پسپۆڕیەتی و خزمەتکردنی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی، بۆیە ئەم کۆلیژەش دەیەوێ لە ڕێگەی زانستی ژینگەوە خزمەت بە داهاتووی نیشتیمان بکات، هەروەک خۆیان لە چەند خالێک دا ئاماژەیان پێ کردوە:
١- قوتابی و خوێندکاران ئاشنادەکەن بە پێکهاتە ژینگەییەکان، شێوازی پاککردنەوەیان و بەڕێوەبردنیان.
ئەمەش وەک دەسپێکێک زۆرباشە بۆ ئاشنابونێکی سەرەتایی دەربارەی کۆی گشتی پێکهاتە ژینگەییەکان، لەویش گرنگتر شێوازی پاککردنەوەیان، ڕەنگە بە شێوەیەکی ئەوتۆ ئەوشارەزابوونە نەبێت، بەڵام لە ڕوانگەی ئەکادیمییەوە گرنگترە.
٢- توانای قوتابیان بەرزدەکەنەوە لەبوارەکانی وەبەرهێنانی پڕۆژەی نوێبووەوەو وزەی سەوز.
وەک ئاماژەم پێکرد زانکۆ مەڵبەندی زانستی و پەرەپێدانی تواناکانە، بۆیە لەم بەشە توانا وەبەر هێنانەکان بەرز دەکرێتەوە، ئەمەش خاڵێکی گرنگە لە گۆڕانکارییە زانستییەکان بەتایبەتی پڕۆژەی نووێبووەو وزەی سەوز، کە یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی سەردەم.
٣-فێرخوازان دەبنە پسپۆر لە دیزاینکردنی ژینگەی شار دا.
ئەم خاڵە گرنگی لەوە دایە کە دوور دەکەوینەوە لە دیزایینە لاوەکی و هەرەمەکیەکان، بەڵکو لەسەر بنەمایەکی زانستی و هونەری و ئەکادیمی فێرخواز فێری ئەم کارە دەبێت، بێگومان لە کۆتایی دا ڕەنگدانەوەی لەسەر کەلتوری شار دەبێت.
٤- فێرخواز توانایی بەدەست دەهێنن لە چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان، گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا.
لە ئێستادا یەکێک لە کێشە هەنووکەییەکانی جیهان، بریتییە لە گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، هەر شوێن و ووڵاتێک لە ڕوانگەی خەمخۆریەوە بۆ داهاتووی خۆیان دیبەیت و کۆنفرانسی تایبەت ئەنجام دەدەن، چونکە کێشە ژینگەییەکان کێشەی گەورەن پێویستی بە چارەسەرە، بۆیە ئەگەر ئەم کێشانە لەسەر بنەمایەکی زانستی و ئەکادیمی و پسۆڕی زانکۆیی بێت، بێگومان ئەنجامی باشتری دەبێت.
٥- ئەم زانکۆیە لە خاڵێکی گرنگ دا ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆلیژەکەیان فێرخواز بە شێوەی ئەکادیمی زانستەکانی کەشناسی و زەویناسی و زیندەناسی ئاشنادەبن.
گرنگی ئەم ئاشنابوونانە لەوەدایە، کە هەر یەک لەم بابەتانە لە سێکتەری ژینگە و ژیان دا لە رووی زانستییەوە بایەخی خۆی هەیە، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ توێژینەوەی ئەکادیمی و پسپۆڕی.
٦- لە کۆتا خاڵی پەیامی ئەم کۆلیژە، ئاماژە بەوە کراوە قوتابی و خوێندکار شارەزای زانستی تەندروستی ژینگە و سیستەمی هاوسەنگی ژینگەیی دەبن.
بێگومان تەندروستی ژینگە واتە تەندروستی ژیانی مرۆڤایەتی و گیانەوەران و هاوبەشانی سەر گۆی زەوی، بۆیە کاتێ فێرخواز وەک توێژێکی گرنگی کۆمەڵگە دەبنە پاڵنەرێکی باش و سەرکەوتوو بۆ ئێستا و ئایندە، ئەوا داهاتوویەکی ئەرێنی لێ بەدی دەکرێت.

سێ بژاردەی باش و گرنگ.
لە تەوەرێکی گرنگ دا ئاماژە بە دەرەنجام و دەرچوون و کۆتایی خوێندن دراوە، ئەمەش وەک بەرچاوڕونییەک بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی ئەم کۆلیژە دەکەن، تا ئاشنابوونێک پەیدا بکەن، بزانن داهاتووی خوێندنیان چۆنە و چی دەبێت، ئەمانیش بریتین لەوەی کە دەرچووانی کۆلیژی زانستە ژینگەییەکان سێ بژاردەیان لەبەردەم دا دەبێت:
١- یاریدەدەری توێژەری ژینگە لەدەستە و دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان.
٢- چاودێری ژینگەیی لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
٣- خاوەنکاری سەربەخۆ لە بوارە جیاوازەکانی ژینگە ئابووری سەوز.

بۆ چی زانستە ژینگەییەکان دەخوێنن؟
بۆ ئەوانەی پرسیار دەربارەی داهاتووی خۆیان و ئەم کۆلیژە دەکەن، لە ڕاگەیندراوی ئەم کۆلیژە ئاماژەی پێکراوە، لێرەدا ئێمەش وەک شرۆڤەو شیکاری ئەم بابەتە لەڕوانگەی خەمخۆرییمان بۆ ئێستاو داهاتووی ژینگە خوێندنەوەیەکی گشتگیرمان خستەڕوو.

دواجار ئاماژە بە وەڵامی پرسیارە گرنگەکان دراوە کە بریتین لە پێنج خاڵ.
یەکەم: لە نوێترین زانستی سەردەمە.
ئەم هۆکارێکی باشە بۆ گۆڕانکارییە زانستیەکانی سەردەم، بە تایبەت لە زانستی ژینگە دا
دووەم: بازاڕی کار بەدوای دا دەگەڕێت.
فێرخواز لە کاتی دەرچوونی لە کۆلیژ، یەکەم خەونی بریتییە لە دامەزراندن و ئابووری سەربەخۆ، بۆیە کاتێ دەرفەتێک دێتە پێش حەز و خولیاکان باشتر دەبن، ئەوەتا لەم بەشەدا بازاڕی کار بەهۆی گرنگیدان بە ژینگە کار و دامەزرانیان بۆ دەڕەخسێت.
سێیەم: دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە هەلی کار دەڕەخسێنێت.
ئەوەندی من ئاگاداربم دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە وەک یەکەم شوێن لە ڕوانگەی خەمخۆرییان بۆ دەرچووان ساڵانە چەند دەرچوویەک بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێنن، بۆیە ئەمەش هەلێکی باش و گرنگە بۆ هەردوولایەن.
چوارەم: تاکە کۆلیژی تایبەتمەندە لە هەموو هەرێمی کوردستان.
ئەمەش ئەو خاڵە دووپاتدەکاتەوە کە دەرفەت و هەلی کار بۆ دەرچوان دەڕەخسێ.
پێنجەم: دەرچووانی ئەم کۆلیژە بەشداری ئەرێنییان دەبێت لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پاراستنی هەسارەکان.
کاتێ دەرچووی زانکۆ، وەک خوێنی گەرمی کۆمەڵگە، لە چەمکە زانستی و ئەکادیمییەکان ئاگاداری سەرجەم گۆڕانکارییەکانی جیهان دەبن، ئەمەش بنچینەیەکی باش و ئێستا و ئایندەی ووڵات.
کەواتە ئەم کۆلیژە، دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزە بۆ ئاشنابوون و شارەزابوون بە پیشە و داهاتووی زانستی و ڕۆشنبیری خۆیان بەرانبەر بە ژینگەو ژیان، بەداخەوە تا ئێستا قوتابی و ماڵباتەکان هەمیشە چەند کۆلیژ و پسپۆرییەک ئاشنان و وەک چاولێکەریەک و داهاتوویەکی دووبارە، داوا دەکەن تەنیا لە چەند کۆلیژێکی دیاریکراو بخوێینن !!!.
دواجار وەک خەمخۆری و پەرۆشیمان بۆ ژینگە و ژیانی کۆمەڵگە، دەگەینە ئەو هێڵە گشتییەی کە بە فێرخوازان بڵیێن:
لە کۆلیژی زانستە ژینگەییەکان داهاتووی ژینگە و ژیانی خۆت و نەوەی داهاتوو لە دەستی تۆدایە.

*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.