گوهدار شوكری ئاكرەیی
کاتێک مرۆڤ نەتوانێت پەستانی دەروونیی خۆی کۆنترۆڵ بکات، بێگومان، ناڕەحەتی و بێتوانایی دەتوانن جێی هۆشیاری بگرن. لەو دۆخەدا، مرۆڤ لە دیاریکردنی بژاردە و دۆزینەوەی ڕێگای جێگرەوە لاواز دەبێت؛ جا ئەگەر ئەم دۆخە درێژە بکێشێت، بێهیوایی دەتوانێت جێگای هیوا بگرێت. لەوانەیە “مردنی لەسەرخۆ” لە هەمان شوێنەوە دەست پێ بکات؛ چونکە مردن تەنها بە وەستانی دڵ نییە، بەڵکو دەتوانێت بە وەستانی مەبەست و ئاراستەی ژیانیش دەست پێ بکات. چونکە کاتێک هیوا لاواز دەبێت، مەبەست و ئامانجیش ڕوونایی خۆیان لەدەست دەدەن. بیرکردنەوەکان لە قۆناغی ئەنجامداندا دەوەستن و، ژیان دەگۆڕێت بۆ بەردەوامبوونێکی بێئاراستە. مرۆڤ بە هێواشی و بێدەنگی لە ژیان دوور دەکەوێتەوە؛ لە جووڵە و هەنگاوەکانی خۆیدا بێهاوسەنگ دەبێت، زۆرجار نازانێت بۆ کوێ دەڕوات.
بۆ نموونە، وەک لانکەیەک کە بەردەوام دەجووڵێت، بەڵام لە شوێنی خۆی دەرناچێت.
زۆر بە پێویست دەازنم، لەو ساتانەدا، یەکێک لە گرنگترین یارمەتیدەرەکان بۆ پاراستنی خۆمان و بەرگەگرتن لە خراپترین شەپۆلەکانی بارودۆخ، داراییی ئەقڵ و هۆشیاریی مرۆڤە؛ بۆ ئەوەی شارەزایی و هەستیارییەکی دروست بەرامبەر بە خۆمان و بارودۆخەکان هەبێت. تاوەکوو بتوانین لە ناو تەنگانەشدا بیر لە باشترین ئەنجامەکان بکەینەوە؛ بەو باوەڕەی کە هیچ ڕووداوێک نابێت هەموو دەرگاکانی ژیانمان دابخات.

