خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
جۆری ئەدەبی ڕۆمانی مێژوویی-تراژیدی و دەروونی. ڕۆمانەکە دەچێتە خانەی ئەدەبیاتی کارەسات، تایبەتە بە گێڕانەوەی جینۆسایدی ئەنفال.
تەکنیکی گێڕانەوە
تەکنیکی فرەگۆشەنیگا، فرەدەنگی و شۆڕبوونەوە بۆ نێو ناخی قوربانییان
ئەوەی ڕۆمانی (بوومەلێڵ) لە ڕۆمانە تەقلیدییەکانی دیکەی تایبەت بە جەنگ و کارەسات جیا دەکاتەوە، شێوازی داڕشتن و تەکنیکی گێڕانەوەکەیەتی. هیوا قادر، زۆر زیرەکانە تەکنیکی “گۆشەنیگای جیاواز” و “فرەدەنگی” بەکارهێناوە. گێڕەڕەوەی ڕۆمانەکە یەک کەس نییە، بەڵکو دەسەڵاتی گێڕانەوە دابەشکراوە بەسەر چەندان کارەکتەری جیاوازدا، کە هەموویان لە ژیاندا نەماون و مردوون (کچێک، چوار پیاو، تەنانەت بزنێکیش کە باوکی کچەکە).
ئەم فۆرمە لە گێڕانەوەی پاش مەرگ، ڕەهەندێکی میتافیزیکی و سەرووسروشتی دەدات بە کارەکە. مردووەکان کە ئیتر هیچ ترسێکیان لە مردنێکی تر نییە، بەوپەڕی ڕاستگۆیی و ڕووتییەوە باس لە چرکەساتەکانی مەرگی خۆیان و ئازارەکانیان دەکەن. بەشداریکردنی بزنێک وەک یەکێک لە گێڕەڕەوەکان، نیشاندەری ئەوەیە، کە فاشیزم و شاڵاوی ئەنفال تەنها دژی مرۆڤ نەبووە، بەڵکو تەواوی ژینگە، ئاژەڵ و سروشتی کوردستانیشی گرتووەتەوە. ئەمەش دەچێتە قاڵبی ڕیالیزمی سیحرییەوە و خوێنەر تووشی سەرسوڕمانێکی ئیستاتیکی دەکات، هاوکات ڕێگری دەکات لەوەی خوێنەر بەهۆی یەکدەنگییەوە تووشی بێزاری ببێت.
بەرجەستەکردنی کارەسات لە پەنجەرەی ئەدەبەوە، ڕۆمانی “بوومەلێڵ، یەکێکە لەو بەرهەمە جوانانەی، کە هەوڵیداوە برینە قووڵەکانی مێژووی نەتەوەیەک بکاتە کەرەستەیەکی گێڕانەوەی هونەری. کەم بەرهەمم بینیوە بەو شێواز و تەکنیکە کاری لەسەر ئەم ڕووداوە تراژیدییە کردبێت. کارەساتی ئەنفال، کە تێیدا ڕژێمی بەعسی فاشیزم و دیکتاتۆر بە شێوەیەکی سیستماتیک گوند و شارۆچکەکانی کوردستانی خاپوور کرد، جیاوازی لە نێوان ژن، پیاو، منداڵ و تەنانەت سروشتیشدا نەکرد، بابەتێکی هێندە قورس و گەورەیە، پێویستی بە سەدان ڕۆمان هەیە بۆ ئەوەی تەنها بەشێکی کەم لە ئازارەکانی بخرێتە ڕوو. نووسەر لەم ڕۆمانەدا، نەک تەنها وەک مێژوونووسێک، بەڵکو وەک پزیشکێکی دەروونی مامەڵە لەگەڵ تراژیدیادا دەکات و وەک فۆتۆگارفەرێک بە وشە وێنەی کێشاوە.
هەڵوەشاندنەوەی وێنەی چەسپاو، ئاڵۆزیی کارەکتەری حەمەخانی جاش.
یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە، لادانە لە وێنە ڕەش و سپییەکانی ناو کۆمەڵگا. لە سەرەتادا، ئامانجی گێڕەڕەوەکان باسکردنی ئازارەکانیان و پەنجە ڕاکێشانە بۆ “حەمەخانی جاش” وەک هۆکاری سەرەکیی کوشتنیان و ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوە. بەڵام کاتێک گۆشەنیگاکە دەگوازرێتەوە بۆ خودی حەمەخان، خوێنەر ڕووبەڕووی شۆکێکی دەروونی و مۆڕاڵی دەبێتەوە. دەر دەکەوێت حەمەخان، پێچەوانەی وێنە کلاسیکییەکەی “جاش” (خۆفرۆش)، نەیویستووە ببنە قوربانی. بەڵکو لەپاڵ ئەو ڕۆڵە سەپێنراوەیدا، پیلانی دانابوو بۆ ڕزگارکردنی چەند پێشمەرگەیەک. شکستهێنانی پلانەکەی حەمەخان و بوونی ئەو شەش کەسە (کاکەوەیس، جەلال، قادر، بێروون،لوور، بزنەکە) بە قوربانی، ئەو ڕاستییە تاڵە دەسەلمێنێت کە لە کاتی کارەساتە گەورەکاندا و لەژێر سێبەری ڕژێمێکی تۆقێنەردا، زۆرجار مەبەستە باشەکانیش دەبنە هۆی تراژیدیای گەورەتر. ئەمەش قووڵاییەکی دەروونیی بێوێنە دەدات بە ڕۆمانەکە و مرۆڤبوونی کارەکتەرەکان لە قاڵبە چەقبەستووەکان ڕزگار دەکات.
دەبینین نووسەر زمانێکی زۆر دراماتیکی، پڕ لە وێنەی بینراو و هەستپێکراو بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی چرکەساتی تۆقین.
«دە دوانزە پیاوێکی تر دابەزێنرابوون و لە بەردەمی دەرگای پاسەکەدا ڕیز کرابوون، کوڕیژگەیەک لە ناویاندا لە ترساندا ئەژنۆی شکابوو، لەسەر ئەرزەکە دانیشتبوو، سەربازێک لە پشتەوە چەند لەقەیەکی کێشا بە پشتەملیدا تاکو هەستێتە سەر پێ، بەڵام ئەو تێسرەواندنە ئەوەندەی تر هێزی لە قاچ و جەستەی بڕی و تەواو لەسەر زەوییەکە یەکتەختە خستی. من دەستم دایە دەستی دەستی کوڕیژگەکە، گەرم و پڕ لە ژیان بوو، هەموو گیانی وەک شەقشەقە دەلەرزی، لوورە لوورێکی بە ئاستەم لە دەمی دەهاتە دەرەوە، نیگای چاوەکانی چووبوونەوە ناو خۆی و هیچ شتێکی دەرەوەی نەدەبینی، بێ ئاکام سەری هەڵبڕی و چاوی بۆ گێڕام بێ ئەوەی بمبینێت، تیشکی زۆری پرۆجێکتەرەکان هێندەی تر نابینایان کردبوو، دڵی لە ترساندا لە ناو سنگیدا. شکابوو خوێنی دەدەڵاند. دووان لە سەربازەکان، یەکێکیان هەردوو قاچی و ئەوی تریان یەخەی چۆغەکەی لە پشتەوە بەرزکردەوە، لە هەڵگرتنیدا دەستە شلەکانی لە زەوی دەخشان، سەربازەکان پێش هەموو پیاوەکان کوڕیژگەیان وەک پەڕۆیەکی تەڕ بە شل و شێواوی بە دەم گریانەوە لە سەر تەپۆڵکەی لمە هەڵدراوەکەوە فڕێ دایە ناو چاڵەکەوە.» لا (١٠٧-١٠٨) بە گێڕانەوە کاکەوەیس
تابلۆیەكی ئەپۆکالیپتی (قیامەتی) دروست دەکەن. خوێنەر هەست بە بۆنی خوێن و قوڕ و ترسی ناو چاوە نابیناکان دەکات. نووسەر تیشک دەخاتە سەر شێوازی مامەڵەی دڕندانەی سەربازەکان، کە چۆن مرۆڤ وەک پەرۆی شڕ فڕێ دەدەنە ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە. ئەم وەسفانە ڕاستەوخۆ کار لە سۆز و دەروونی خوێنەر دەکەن و دیمەنەکانی جینۆساید بە زیندوویی لە مێشکدا دەچەسپێنن.
«وام دەزانی ئەوەش تیلماسێکی پچڕاوی ناو زنجیرە دیمەنەکانی بیرکردنەوەی خۆمە هاتۆتە دەرەوە و بە بەرچاومدا ڕێ دەکات، بەڵام دوای وردبوونەوەیەکی زۆرتر بۆم دەرکەوت وا نییە، بەڵکە منداڵێکی پێکراوی لە دەستی مەرگ قوتاربووی ناو یەکێک لەو چاڵانەیە.» لا (١٩٩) .
ئەم پەرەگرافە گوزارشتێکی قووڵی فەلسەفییە لە تێکەڵبوونی خەیاڵ و واقیع لە کاتی زەبری دەروونیدا. قوربانییەکە هێندە ئازار و دیمەنی ترسناکی بینیوە، پێی وایە ئەو دیمەنە تۆقێنەرانە تەنها وەهم و پارچە شووشەی شکاوی ناو مێشکی خۆین، بەڵام کارەساتەکە کاتێکە بۆی دەردەکەوێت ئەوەی دەیبینێت واقیعێکی تاڵترە، واقیعی منداڵێکی پانکراو لەژێر چنگی مەرگدا.
ڕۆمانی “بوومەلێڵ”ی هیوا قادر، وەک لەم خوێندنەوەیەدا دەرکەوتووە، کارێکی ناوازە و جوانە لە ئەدەبیاتی کوردیدا. بەکارهێنانی تەکنیکی گێڕانەوەی فرەدەنگی لە زاری قوربانییە مردووەکانەوە، نەک تەنها وێنەیەکی گشتگیری شاڵاوی ئەنفال دەخاتە ڕوو، بەڵکو پرسیارە گەورەکان دەربارەی تاوان، پەشیمانی، بێتاوانی و دڕندەیی مرۆڤ دەوروژێنێت. ڕزگارکردنی پاڵەوانەکان لە وێنە ڕەش و سپییەکان و خستنەڕووی ئاڵۆزییەکانی مرۆڤ لە سەردەمی جەنگدا، وای کردووە ئەم ڕۆمانە ببێتە بەڵگەنامەیەکی هونەریی زیندوو. دەستخۆشیی لە نووسەر لە جێی خۆیەتی، چونکە بابەتی ئەنفال برینێکە دەبێت بەردەوام لە ڕێگەی هونەرەکانەوە بە تایبەتیش ڕۆمان، بە زیندوویی و فرەڕەهەندی بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
سەرچاوە: هیوا قادر، ٢٠٢٥، بوومەڵێڵ، دەزگای سەردەم، سلێمانی

