بەکر کەریم حەسەن*
(سیدنی هاریس) پارێزەر و دادەوەری كەنەدی دەڵێ “تەواوی ئامانجی پەروەردە ئەوەیە كە ئاوێنە بگۆڕێت و بیکاتە پەنجەرە”.
ئەو وتەیە سیستەمی پەروەردە بیرمان دەێنێتەوە كە ئەركی سەرەكی قوتابخانە كرانەوەی ئاسۆی بیركردنەوەی قوتابییە بەرامبەر جیهان، نەك بەستنەوەی لە چوارچیوەیەكی تەسك و خنكێنەردا.
كاتێك بەڕێوەبەری قوتابخانە بە میزاجی خۆی هاوسەنگی لە نێوان سەروەری یاسا و ڕەچاوكردنی لایەنی ئینسانی دەدۆڕێنێت، ئەو پەنجەرەیەی گەشەكردن دەگۆڕێت بۆ دیوارێكی بەرز و دابڕاو قوتابخانەكەش لە شوێنی فێربوونەوە دەكاتە شوێنێكی ناخۆش و قێزەوەن و خنكێنەر.
بێگومان كارگێڕیی پەروەردەیی ئامرازێكە بۆ ڕێكخستن و هێنانەدی دادپەروەری، نەك بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تاكەكەسی. بەڕێوەبەر بەرپرسە لە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی وەزارەت بە شێوەیەكی شەفاف و ڕاشكاو و بێلایەنانە. تاوەكو مافی هەموو قوتابییەك بۆ فێربوون و وەرگرتن پارێزراو بێت. بەڵام كاتێك بەڕێوەبەرێك ڕێنماییەكانی بە پێی هەوەس و میزاجی كەسی یان حەز و بەرژەوەندی لابەلای خۆی بۆ وەرگرتن و سزادانی قوتابیان بەكار دێنێت قوتابخانە لە دامەزراوەیەكی پەروەردەیی كۆمەڵایەتی نیشتمانییەوە دەگۆڕێت بۆ كونج و دیوەخان و قەڵایەكی شەخسی.
بێگومان دیسپلینی پەروەردەیی مانای بەقەراركردنی ڕێز و یاسا و ڕێنماییە، نەك دروستكردنی كەشێكی ترس و تۆقاندن و پاوانخوازی و ناعەدالەتی كە ئەزیەتی دەروونی و جەستەیی قوتابی بدات. قوتابییەك كە بە ترس و دوودڵی و منەتكردن لە قوتابخانە وەربگیرێ و هەست دەكات قوتابخانەكە وەكو زیندان وایە. ناتوانێت توانا داهێنەرەكانی بەگەڕ بخات یان خاوەن كەسایەتیەكی سەربەخۆ بێت، ترس و ڕاڕایی هۆكاری سەرەكی كوشتنی خولیا و حەز و ئارەزووی فێربوونە لەلای نەوەی ئاییندە.
جودا لەوەش پێویستە بەڕێوەبەری قوتابخانە درك بەوە بكات قوتابخانەی هەر گەڕەك و كوچە و كۆڵانێك كە هەیە و دروستكرایە مافی قوتابیانی دانیشتووی ئەو گەڕەكەیە لەو قوتابخانەیە بخوێنن كە ئەوە سەرەتاترین مافی ئاسایی و یاسایی قوتابییەكانە پێویست بەوە ناكات بەڕێوەبەر بەربەست و مەرج و لەمپەر لە پێش وەرگرتنیان دروست بكات و ئەوەش دەبێتە هۆی شكاندن و لاوازكردنی كەسایەتی قوتابی و خانەوادەكەی و باری دەروونیان تێك دەچێ و خۆشەویستی و حەز و ئارەزوویان بۆ فێربوون و پەروەردە و قوتابخانە نامێنێ و بگرە هەموو شتیان لەبەرچاو دەکەوێ چونکە ناعەدالەتیە دەرهەقیان دەکرێت ئەوەش بەداخەوە بەهۆكاری ڕەفتاری نا پەروەردەیی هەندێك لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان. لێرەدا پێویستە پەروەردەی قەزاكان و پەروەردەی گشتی پارێزگاكان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵسن و ڕێنماییەکان جێبەجێبکەن و ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبێت و لێپرسینەوە و سزای پێویست بدرێتە ئەو كەسانەی كە هاووڵاتیان ماندوو شەكەت دەكەن و بە میزاج ڕەفتار دەکەن و قوتابخانە وەک مڵکی خۆیان دەبینن نەک وەک دامەزراوەیەکی گشتی پەروەردەیی نیشتیمانی، هاوولاتی لە بەدەستهێنان و پراكتیزە كردنی سەرەتاترین مافیان كە ئەویش فێربوونی منداڵەكانیان و وەرگرتنیانە لە نزیكترین قوتابخانەی گەڕەك بێبەش دەکەن “بێگومان جودا لەو قوتابخانانەی كە بە ڕێنمایی تایبەت قوتابی وەردەگرن”.
وە بۆ ڕێگری لەو دیاردەیەی وەرنەگرتنی قوتابی بە میزاجی بەڕێوەبەر پێویستە چاودێری كارا لەسەر بریارەكان و دادپەروەری بەڕێوەبەرەكان هەبێت، هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ شێوازی بەڕێوەبردنیان كارا بێت لە ڕێگای سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و ئەنجومەنی مامۆستایان و ئەنجومەنی دایك و باوكان و ببنە بەشێك لە پڕۆسەی بڕیاردان تاوەكو شێوازی (بەڕێوەبردنی خۆسەپێن و تاكڕەوانە و میزاجیانە) كۆتایی پێبێت و بە شەفافیەت و ڕوون و ڕاشكاوی ڕێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە بچێتە بواری جێبەجێكردن لە قوتابخانەكان.
هەمیشە دەڵێینەوە كارگێڕیی سەركەوتووی پەروەردەیی لەسەر دوو كۆڵەكە وەستاوە؛ سەروەری یاسا و ڕێزگرتن لە كەرامەتی مرۆڤ. بەڕێوەبەری سەركەوتوو ڕێبەڕێكە كە ژینگەیەكی ئارام و هاندەر بۆ گەشەكردنی قوتابی دروست دەكات و دەیسازێنێ، نەك خۆسەپێنێك كە یاسا و ڕێنمایی بە پێی ویستی خۆی دەچەمێنێتەوە و ڕاست و خواری دەكاتەوە. لە جیاتی ئەوەی دەرگای قوتابخانە بە ڕووی ڕێز و خۆشەویستی زانست و پەروەردە و ئەمانەتپارێزی بكاتەوە. ڕێنماییەكان جێبەجێ بكات چاوەڕێی پێگوتن و ڕاسپاردنی شەخسی بێت بۆ وەرگرتن و جێكردنەوەی قوتابیان لە قوتابخانە، ئەوەش سادەترین و یاساییترین مافی منداڵەكانی كۆمەڵگەكەمانە.
لە كۆتاییدا دەڵێم و هەمیشە گوتومە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن خاوەنداریەتی بۆ كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە كە نازدارەكانیان منداڵەكانن قوتابیانن مافی خۆیانە بخوێنن بەبێ ڕێگەگرتن؛ ئێمە هەموومان بەرپرسیاریەتی جێبەجێكردنمان لەسەر شانە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو هەر یەكە و بە پێی كاروبەرپرسیاریەتی جیاواز، دەبێ قوتابخانە شوێنی پەرەپێدانی ڕۆح و هۆشیاری بێت، نەك بە ترس و دڵەڕاوكێ و منەتکاری ئەوکات قوتابخانەكە لە پێش چاوی قوتابیان دەبێتە زیندان.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە -ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

