بەهادین جەلال مستەفا
كێبڕكێ یەکێکە لە دیاردە هەرە کۆن و دیارەکانی ناو جیهانی ئەدەب و داهێناندا، ئەگەرچی زۆرجار ئەدەب وەک بوارێکی ڕۆحی و هێمن و دوور لە ململانێ سەیر دەکرێت، بەڵام لە واقیعدا مێژووی ئەدەبی جیهانی و کوردی پڕیەتی لە ڕكابەریی توند لەنێوان شاعیران و ڕۆماننووسان و بیرمەنداندا، ئەم كێبڕكێیە لە زۆر قۆناغدا بووەتە هۆی لەدایکبوونی شاکاری گەورە و بەرزکردنەوەی ئاستی داھێنان.
کاتێک نووسەرێک دەبینێت هاوچەرخێکی خۆی شاکارێک پێشکەش دەکات، ئەویش لە لای خۆیەوە هەست بە تەحەددا دەکات و هەوڵ دەدات ئاستی زمان و خەیاڵ و شێوازی نووسینی خۆی بەرزتر بکاتەوە، یان زۆرجار ڕكابەریی نێوان نووسەران دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕێبازی تازە و قوتابخانەی نوێی ئەدەبی، وەک (ڕیالیزم، ڕۆمانسیزم، یان شیعری نوێ) بۆ ئەوەی هەر لایەک ڕەوایی بە شێوازی خۆی بدات.
كێبڕكێ تەنیا لەسەر نووسینی جوان نییە، بەڵکو لەسەر جیهانبینی و چەمکە فکرییەکانیشە، کە ئەمەش دیالۆگی فەلسەفی لە کۆمەڵگەدا دەجووڵێنێ،. کاتێک دوو نووسەر یان شاعیر لە ململانێیەکی ئەدەبیدا دەبن، مەبەست لێی سڕینەوەی یەکدی نییە، بەڵکو ململانێیە بۆ دۆزینەوەی جوانیی زیاتر، کێبڕکێ لە ئەدەبدا دەبێتە هۆی پیتاندنی مێشک، داهێنانی وێنەی شیعریی تازە و بەکارهێنانی وشەی پڕواتا، کە پێشتر کەمتر خراونەتە ڕوو، نووسەر لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دەدات بەرهەمەکەی، لە ڕووی ناوەڕۆک و فۆرمەوە پڕکێشتر و بەهێزتر بکات، تا بتوانێت پێشبڕکێکارەکەی تێپەڕێنێت، ئەم جۆرە «ڕکابەرییە ئەرێنییە»یە، کۆمەڵگەی ئەدەبی لە چەقین دەپارێزێت و بەردەوام وزەی تازەی پێ دەبەخشێت.
بۆ نموونە لە ئەدەبی كوردیدا، نالی و سالم (سەردەمی بابان)، لە قۆناغی کلاسیکدا، شاعیرانی سلێمانی نەک تەنها هاوڕێ، بەڵکو لەسەر ڕەوانبێژی، زمانەوانی و وێنەی شاعیرانە كێبڕكێیەکی پڕ لە ڕێز و هونەرییان هەبوو، وەڵامدانەوەی شیعریی نێوانیان(نموونەی چامەكەی نالی بۆ سلێمانی و وەڵامەکەی سالم) شاهیدی ئەم لێهاتووییە ئەدەبییەیە.
لە سەردەمی نوێبوونەوەی شیعری کوردیدا، جۆرێک لە ڕكابەری لەنێوان لایەنگرانی شیعری کلاسیک (کێشی عەرووز) و نوێخوازان بە ڕابەرایەتیی عەبدوڵڵا گۆران دروست بوو.
لە قۆناغی هاوچەرخدا، جۆرێک لە ڕكابەریی ناڕاستەوخۆ لە نێوان دەقە شیعرییە حەماسی و وێنەیییەکانی شێرکۆ بێکەس و ڕۆمان و گوتارە فکرییەکانی بەختیار عەلی دروست بوو، کە هەردووکیان کاریگەریی گەورەیان لەسەر خوێنەری کورد دانا.
كاتێك باسی ئەدەبی جیهانی دەكرێت، لیۆ تۆلستۆی و فێدۆر دۆستۆیڤسکی لە ڕووسیا دێنەوە یاد، دوو بلیمەتی ئەدەبی ڕووسی، کە لە یەک سەردەمدا دەژیان، ئەگەرچی هەرگیزاوهەرگیز لە نزیکەوە یەکدییان نەبینیبوو، بەڵکو بەردەوام لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە كێبڕكێیان دەکرد، تۆلستۆی بە شێوازی واقیعی و حەماسی و، دۆستۆیڤسکی بە قووڵبوونەوە لە دەروونناسیی مرۆڤدا ململانێیان دەکرد.
بۆیە دەتوانین بڵێین كە لە مێژووی شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا، ئەدەب وەک ئاوێنەیەک وابووە و وایە، کە ناخ و هزری مرۆڤی تێدا ڕەنگ دەداتەوە، لەم نێوەندەدا، «کێبڕکێ» نەک هەر وەکو دیاردەیەکی نەرێنی سەیر ناکرێت، بەڵکو بزوێنەرێکی سەرەکییە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی داهێنان و دەوڵەمەندکردنی کەلەپووری نووسین و کێبڕکێی ئەدەبی، بە مانای هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی سنوورە باوەکان و دۆزینەوەی زمانێکی نوێ و دەربڕینێکی تایبەتە، کە بێگومان دەبێتە هۆی ئەوەی ئەدیبان زیاتر بە وردی لە پەیام و هونەری نووسینەکەیان ورد ببنەوە.
دەبێت ئاگاداری سنووری ئەم ڕکابەرییە بین، ڕکابەریی تەندروست ئەوەیە، کە نووسەر لە جیاتی ئەوەی سەرقاڵی بچووککردنەوەی کەسایەتیی ئەوی دی بێت، سەرقاڵی گەورەکردنی دەقەکەی خۆی بێت، ئەدەب مەیدانی خزمەتکردنە بە مرۆڤایەتی و زمان، نەک گۆڕەپانی کێشەی شەخسی و بەکەم سەیرکردن، ئەو دەقانەی لەسەر بنەمای ڕق و کینە نووسراون، تەمەنیان کورتە و زوو دەبنە خۆڵەمێشی مێژوو؛ بەڵام ئەوانەی لەسەر بنەمای کێبڕکێی هونەری و داهێنان بونیاد نراون، لە گەرووی زەمەنەوە تێپەڕ دەبن و دەبنە نەمری.
كێبڕكێ لە بواری ئەدەبدا وەک شمشێرێکی دوودەم وایە؛ ئەگەر لەسەر بنەمای ڕێز، گەشەپێدانی زانست و هونەر بێت، دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەکان و خوڵقاندنی شاکاری نوێ، بەڵام ئەگەر بگۆڕێت بۆ حەسوودی، کینە و سڕینەوەی یەکتر، ئاستی ئەدەب نزم دەکاتەوە. لە کۆتاییدا، ئەو نووسەرانەی بە شێوازێکی تەندروست ڕكابەرییان کردووە، ناو و ئەدەبەکەیان بۆ هەمیشە لە مێژوودا تۆمار کراوە.

