رۆژنامەی ھەولێر

ئازادیی مافێکی ڕەوای گەلانە

عومەر چنگیانی
هیچ لەوە خۆشتر نییە مامۆستای ئایینی، هەستی بەرپرسیارێتیەکەی ئەوەندە گەورە بێت لە گوتاری سەردوانگەیاندا واقیع ڕەنگ بداتەوە، بۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، بۆ هەینی ڕابردوو 25/9/2026 كە هاوكات بوو لەگەڵ یادی 25/9/2017 واتە یادی ڕێفراندۆمە پیرۆزەكەی لە باشووری كوردستاندا کردمان، بابەتی سەردێڕ (ئازادیی مافێکی ڕەوای گەلانە)مان ئێنایەوە بیری مسوڵمانان و لێرەدا پوختەیەكی دەكەمە توێشووی گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان كە دەسپێكمان ئایەتی 90ـی سوورەتی (نەحل) بوو، كە دەفەرمێ:
(بەڕاستی خوای گەورە و باڵادەست فەرمان دەدات بە دادپەروەری و لەگەڵ خراپكاران چاكبوون و هەڵسوكەوتی باش لەگەڵ بێنازی باوكان و لەگەڵ خزماندا، هاوكات ڕێگە لە نزیككەوتنەوە لە هەر بەربادی و هەر ستەمێك دەگرێت. خوای گەورە ئامۆژگاریتان دەكات سابەڵكو وەهۆش بێنەوە و بیر بكەنەوە.)
تێبینی: چەمكی دادپەروەری بەڕەهایی باسكردن و بەبێ دەستنیشانكردنی لەگەڵ كێدا، ئەو ڕاستیەی شەریعەتە كە ئیمامی شاتیبی دەفەرمێت: (لە هەرجێیەك دادپەروەری پیادە كرا ئەوە لەوێدا شەریعەتی خوایە)! بەمانا شەریعەت دادپەروەریی دەوێت.
ئازادیی گەلان نە دەستکەوتێکە فەرمانڕەوایەک بەسەر خەڵکیدا بیبەخشێتەوە و، نە بەشێکی زیادەیە ماددەیەکی یاسایی بەخشندەیی پێوە بکات، بەڵکو بنچینەیەکی ڕەسەن و سروشتێکە خوای پەروەردگار لە دەروونی مرۆڤەکاندا چاندوویەتی لە کاتی دروستبوونیانەوە. شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامیش هاتووە بۆ چەسپاندنی بەهاکانی کەرامەت و دادپەروەری، لابردنی پەردەکانی کۆیلایەتی و زۆرداری و، بەستنەوەی ئازادی بە ئەرکی پەرستنەوە؛ چونکە هیچ ئەرکێک بەبێ ئیرادە نابێت و، هیچ ئیرادەیەکیش بە بێ ئازادی بەدی ناهێنرێت.
تەوەری یەکەم: ئازادی سروشتێکی ئیلاهی و داواکارییەکی شەرعییە:
ئازادی لە چەمکی ئیسلامیدا دەرچوون لە یاسا و ڕێساکان یان بەدواکەوتنی ئارەزووەکان نییە، بەڵکو ڕزگاربوونی ڕەهایە لە هەموو کۆیلایەتییەک بۆ جیا لە خوای گەورە. خوای مەزن بەندەکانی بە ئازادی دروست کردووە و، پێغەمبەرانی ڕەوانە کردووە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و لادانی زۆرداری و کۆتوبەندەکان لەسەر مرۆڤەکان.
تەوەری دووەم: بەرگریی گەلان لە ئازادیی خۆیان مافێکی ڕەوا و ئەرکێکی شەرعییە:
شەریعەتی ئیسلام تەنها لە بانگەوازکردن بۆ ئازادی بە شێوەیەکی زارەکی نەوەستاوە، بەڵکو ڕێگەی تەواوی داوە بە خەباتی گەلان و بەرگریکردنیان لە خاک، کەرامەت و ئیرادەی زەوتکراویان و، بەرپەرچدانەوەی زوڵم و دەستدرێژیی کردۆتە مافێکی زامنکراو و ئەرکێکی پیرۆز.
تەوەری سێیەم: گشتپرسیی گەلی کوردستان:
لە کاتێکدا یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە (بيست و پێنجی ئەیلوول) دەکەینەوە، سەرنج دەدەینە ڕووداوێکی مێژوویی گەورە کە نۆیەمین ساڵیادی گشتپرسیی سەربەخۆیی گەلی کوردستانە.
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ٢٠١٧، گەلی کوردستان ڕوویان کردە سندوقەکانی دەنگدان بۆ دەنگدان لە گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا. ئەنجامەکانیش بە ڕێژەی %٩٢ بە “بەڵێ” بەسوودی سەربەخۆیی کوردستان بوون.
ئەم گشتپرسییە بەرجەستەکردنی سروشتی ئیلاهیی ئازادی، کەرامەت و مافی گەلان بوو، هەروەها دەربڕینێک بوو لە ئارەزووی ئەم گەلە بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی و وەدەستهێنانەوەی ناسنامەی نیشتمانیی خۆی کە دەیان ساڵ بوو لێی زەوت کرابوو.
ئەو گەلانەی ئیرادەی خۆیان لەدەست داوە، ناتوانن شارستانیەت دروست بڕەخسێنن و کۆمەڵگەیەکی بەهێز بنیاد بنێن؛ بە هەمان شێوە گۆڕینی بارودۆخی نەتەوەکانیش بەستراوەتەوە بە هۆشیاریی گەلان و ئیرادەیانەوە.
پێغەمبەریش دروود و سەلامی خوای لی بێ، وریایی داوە لە بێدەنگبوون بەرامبەر زوڵم و زەوتکردنی مافەکان چونکە هۆکارە بۆ تێکچوونی گشتیی گەلان و نەتەوەکان.
دواوشە: وەك حۆم عومەر چنگیانی چۆن لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە كوبرا گوتم، لێرەیشدا دەیڵێمەوە: باشترین چارەسەر بۆ دۆزی ڕەوای گەلەكەمان ئەو ڕێبازە پیرۆزەی كوردایەتییەیە كە سەرچاوە بنەڕەتییە كەی مەلا ئەحمەدی خانیییە كە لە پێشەكی (مەموزین)ـەكەیدا لە دووتوێی چەند بەیتەشیعرێكی نازكدا دەفەرمێت:
گەر دێ هەبووا مە پادیشاهەک * لائیق بدیا خودێ کولاهەک (202)
تەعیین ببوا ژی بۆ وی تەختەک * زاهیر ڤەدیبوو ژ بۆ مە بەختەک (203)
….
گەر دێ هەبوا مە ئتتفاقەک * ڤێکرا بکرا مە ئنقیادەک (231)
رۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی * هەمیان ژ مە ڕا دکر غولامی (232)
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت * تەحسیل دکر مە علم و حکمەت (233)
كەوابوو ئەوەیە بنەماکانی دەوڵەت لای ئەحمەدی خانی کە ڕێبازی بارزانی لەسەر بنیاد نراوە:
پێش هەموو شت ئیتیفاق لەناو کوردان هەبێت.
ئیتیفاقی کوردان لەسەر پاشایەک ڕێک بکەون.
پاشای کورد، ئاوا دەسەڵاتەکەی دەخاتە کار:
یەک: دین و دەوڵەت پێکەوە یەکتری تەواو دەکەن.
دوو: دەبێت دەوڵەتەکە بایەخ بەعیلم و حیکمەت بدات.
لەبەر ئەوەی ئەم بنەمایانە عەدالەت دەهێنێت، پاشای کورد حوکمی عەرەب و عەجەم و هەموو میللەتانی تریش دەکات.
نموونەی باڵاشمان سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبییە کە لە مێژوودا وێنەی نییە.