رۆژنامەی ھەولێر

ئەفسانەکان لە ئەدەب و هونەردا

خوسرەو جاف
ئەدەبیاتی سەدەی پێشوو و ئەم سەدەیەش لە ئاماژەکردن بە ئەفسانەکانی ڕابردوو خاڵی نین؛ لێرەولەوێ پەیوەست بە بابەتەکان ئاماژەیان پێ کراوە، بەتایبەت «شەڕی تەروا» لە لێکدانەوەی ڕووداوەکانیدا. هەروەها زۆر لە خەڵکی ئاساییش لە ژیانی ڕۆژانەیاندا باسی «ئەسپی تەروا» دەکەن و بە نموونە دەیهێننەوە.
«ئەدگار ئالان پۆ»، نووسەری سەدەی نۆزدەهەمی ئەمەریکا نووسیویەتی: لەبەر ڕوخسار و ڕووی ئافرەتێکی نازداری بەدڵەوەچووی وەکو «هێلین»، هەزاران کەشتی ملی ناوەتە ناو شەپۆلی دەریاوە و هەزاران کەس سەوڵی ژەندووە تا کەشتی بجووڵێنێت. لەوێدا دەڵێت:
وێڵ و ئاوارەی ناو دەریا بێئەمانەکان بە ئەوپەڕی نائومێدییەوە، زولف و ئەگریجەی سەر ڕوخسارت ئەی پەری، سەر زەویی ئەوانە هەموو نیشانەی شکۆ و جەلالی ڕابردووی یۆنان و ڕۆمان دەردەخەن.
نموونەیەکی دیار و بەرجەستەی دنیای ئەدەبیات، ڕۆمانی «ئۆلیس»ـە لەلایەن «جەیمس جۆیس»ی ئیرلەندییەوە کە پەیوەندی داوە بە ڕۆژگاری ململانێ و بوون (مەوجوودیەت)، بەتایبەت کەسایەتیی «لیۆپۆڵد بلۆم» دەربارەی گەشتەکانی لە دەبلندا، کە لەوێدا بەسەرهاتی ئۆدیسەی قارەمانی بەراورد کردووە، کە چۆن ئۆدیسە سەرگەردانی ناو دەریاکان بووە. یاخود شانۆگەرییەکی «یۆجین ئۆنیڵ»، شانۆکار و نووسەری ئەمەریکی بەناوی «ئەلێکترا دەبێتە ماتەمبار» کە سێ بەشەکەی دەربارەی بنەماڵەی «ئەتریۆس»ە لە دوورگەی نیوئینگڵاند لە سەردەمی جەنگی ناوخۆی ئەمەریکادا دەدوێت.
یەکێکی دیکە لە شاکارە ئەدەبییەکان کە سەرچاوەی لە ئەفسانە کلاسیکەکەی شیعری «ئارگۆنۆتیکال» ڕاکێشاوە، کاری نووسەری بەریتانی «دەیڤید هێربێرت لۆرانسی 1885-1930ز»یە. بە وردەکارییەوە نووسیویەتی: “ئەوانە مردن و لەناوچوون نین، ئەوەتا لە خولیادا ماون.”
ئەوەتا مانگ ئەوانەمان دێنێتەوە یاد و چاوەڕوانە تا لە ژیاندا عاشق بین؛ بە پێی هیلالیی خۆیەوە لە پشتی چیاکانەوە درەنگ هەڵدێت، هەروەک شابانۆیەک تەماشاکەرە. ئەوەتا دەریا، دەریاکەی ئارگۆنۆتیکالە، لە بەرەبەیاندا ئۆدیسە فەرمانڕەوایە…
لێگەڕێ، لێگەڕێ، جارێ وەختی نۆشینی قاوە و نانی برژاو نییە.
ئیدی دەریا بەرەبەیانی پێوە دیار نییە و کەشتییەکانی ئۆدیسە هێشتا لە دوورگەکان نەکوژراون تا من تەماشاکەریان بم. لێگەڕێ کاکە… مانگ هەروەکو خۆی بەنازەوە هەڵدێت، بە ڕازەوە هەڵدەکات. ئەفسانەکان ڕازەکانیان هەڵهێناوە، بەڵام نە خۆمان و نە لێزانانی جیهان ڕازی بوونی ئێمەی کوردی نەگبەتیان هەڵنەهێناوە. ئێمە وەکو درەختێکی بێبەری بێسێبەرمان لێهاتووە؛ نەک ئەو سیاسەتمەدارانە، خودی ژۆپیتەر و ئەپۆلۆ و پۆسایدۆنیش بێنە هانامانەوە فریامان ناکەون. ٢٥٠٠ ساڵە دەپڕووکێین و مامەڵەمان پێوە دەکرێت، لەژێر پێی بێگاناندا مافووری ڕاخراوین. ئێمە خودی ئەفسانەین، نەک ئەفسانە هی ئێمەی کورد بێت.
ئەفسانەکان چۆن توانییان بڕژێنە ناو شانۆگەرییەکان، چیرۆکنووسان، ڕۆماننووسان و ببنە هەوێنی زۆر لە تابلۆ بەناوبانگەکانی ئەمڕۆی بەشەریەت؟ گرنگترینیان لەدایکبوونی «زیوس»ـە لەلایەن شێوەکاری بەناوبانگی سەدەی پانزدەهەمی ئیتاڵیا «سەندرۆ بۆتیچێلی»، هەروەها هونەرمەندانی تریش شاکاریان خولقاندووە وەکو: بێلینی، جۆرجۆنێ، تیتیان؛ کە ئەوانیش بە ڕەگەز ئیتاڵی بوون.
هەروەها دوو هونەرمەندی تری وەکو «ئەلبڕێخت دوورەر»ی ئەڵمانی لە دواساتەکانی سەدەی پانزدەهەم و سەرەتای سەدەی شانزدەهەم، و «پیتەر پۆڵ ڕووبێنس» مامۆستای شێوەکاریی وڵاتی فلامەندەری سەدەی حەڤدەهەم چەندین تابلۆی بەناوبانگیان لە بەردەستدایە، وەکو: تابلۆی هێرکۆلی قارەمان کە پێستەی شێری لەبەردایە، یاخود ئەفسانەی «پێرسیۆس و سەری بڕاوی مەدوسا» بە دەستەوە، هەروەها تابلۆی «پێگاسۆس»ی ئەسپی باڵدار. ڕووبێنس لە ١١٢ تابلۆی ڕەنگاوڕەنگدا داستانەکانی «میتا مۆرفۆسیس»ی «ئۆڤید»ی کێشاوە و زیاتر لە چل تابلۆیان ماونەتەوە.
هەروەها هونەرمەندێکی تر کە لە ئەفسانەکان سوودی وەرگرتووە و ڕووداوەکانی کردووەتە هەوێنی تابلۆکانی، «نیکۆلا پۆسین» هونەرمەندی بە ڕەگەز فەرەنسیی سەدەی حەڤدەهەمە کە ژیانی لە ڕۆمادا گوزەراندووە. ئینجا ئەمانەش بڕێک لە کارەکانی «پۆسین»ـن: «سەرکەوتنی نێپتۆن»، «چەک هێنانی ڤینۆس بۆ ڤولکان» و «لەدایکبوونی باکۆس». ڕەخنەگرێکی هونەری لەم ڕووەوە نووسیویەتی: ئەویش وەکو ڕووبێنس سوودی لە ئەفسانەکان بینیوە؛ بەلای ئەوەوە ئەفسانە کلاسیکییەکان ڕۆیشتوون و ناگەڕێنەوە. بەڕاستی شاکاری ئەنجامداوە.
ئاهەنگسازەکانی ڕۆژئاوا، هەروەها نووسەر و هونەرمەندان، زۆر بەپەرۆشەوە دەستیان داوەتە ئەفسانەکانی یۆنان و ڕۆمان، بەتایبەت لە بواری ئۆپێرای «ئۆریدیس» کە لە ساڵی ۱٦۰۰ز دروستکراوە. لە ئەورووپا سەدان موزیکژەن هەوێنی کارەکانیان ئەفسانەکان بووە، وەکو ئۆپێرای «یاسۆن» (۱٦٤۹ز) کە بەدوای کەوڵی زێڕیندا گەڕاوە، هەروەها «دیدۆ» (۱٦۸٦ز)، «ئۆرفیۆس و ئۆدیسە» (۱۷٦۲ز)، یاخود «ئیفیجینیا لە ئۆلیس» (۱۷٦۷ز). لە سەدەی بیستەمیشدا «ئۆدیبی پاشا» (۱۹۲۷ز) کراوەتە ئۆپێرا، هەروەها «ترۆیلۆس و کرێسیدا» (۱۹٥٤ز). جگە لە ئۆپێرا، کاری موزیکالیش لە ئەفسانەکان سوودی وەرگرتووە، وەکو بەالیەی «بەخشندەییەکانی پروومێتیۆس» (۱۸٥۱ز)، هەروەها موزیکالی برۆدوای ئەمەریکی «سێوی زێڕین» (۱۹٥۳ز) کە دەربارەی تراژیدیای شاری تروایە.
یان یەکێکی تری برۆدوای دەربارەی ئەفسانەکان بەناوی «جوانکیلەی من» (۱۹۱۳ز) کە دەربارەی ڕووداوەکانی نێوان «پیگمالیۆن و گالاتیا»یە، هەروەها داستانی «پیرامۆس و تیسبی».
وەکو زانراوە، هونەری سینەما بووە هونەرێکی تازەی ڕاگەیاندن بە شێوەی بەرجەستەکاری (تەجەسومی) و موزیکی. سەرەتای دەرکەوتنی کەمێک پێش سەدەی بیستەم بوو، کە سەرەتا بە شێوەی بێدەنگ دەستی پێکرد.
یەکەمین دەیەی ئەو هونەرە (۱۸۹۰-۱۹۱۸ز) دانراوە، و قۆناغی دووەم بە (۱۹٥۳-۱۹۷۱ز) دەستنیشانکراوە بۆ فیلمە بێدەنگەکان؛ وەکو فیلمی «ئۆلیس»ی فەرەنسی (۱۹۰٥ز)، فیلمە ئەمەریکییەکانی وەکو «کیوپید» (۱۹۰٦ز)، «کچی نێپتۆن» (۱۹۱۲ز)، و «کەوڵی زێڕین» (۱۹۱۸ز).
گەورەترین داستان، شەڕی تەروا و فیلمی «گرتنی شاری تەروا» (۱۹۱۱ز) بوو کە لەوێدا ئەسپە زەبەلاحەکە دەبەنە ناو شاری تەرواوە. هەروەها فیلمی «ئۆلیس» (١٩٥٥) لە ئیتاڵیا، و فیلمی ئەمەریکی «یاسۆن و ئارگۆنۆتەکان» (١٩٦٣). ئەوە هونەری سینەمایی بوو کە توانی گیان ببەخشێتە دێوی برۆنزیی «تالۆس» یاخود ئێسکپەیکەرە دەستکردەکان بێنێتە جووڵە و شەڕەشمشێر. ئیتر ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە ئەو ئەفسانانە ئەمڕۆ لە بیر و هزری زۆربەی خەڵکیدان.
دوایین فیلمی سینەمایی پڕخەرجی و شاکار، فیلمی «تەروا»ی نوێیە کە پڕە لە شاکاری هونەری و وەستایانە، چ لە بارەی داستان و موزیک و چ لە ڕووی دەرهێنان و کارگێڕییەوە؛ ئەشهەدو شاکارێکی سینەماییە. «مەکس هەرتسبێرگ» دەڵێت:
ئێمە چ بمانەوێت یاخود نا، لەو بابەتەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ڕابردوودا هەیە، ئەوەش بۆ خۆی هاندەرە بۆ ئەوەی بە وردی لە ئاییندەمان ورد ببنەوە.