عەبدولڕەحمان فەرهادی
لەگەڵ سەرهەڵدانی داهێنان و ئەدەب و هونەر، هەروەها لە زۆربەی بوارەكانی چالاكیی ئاوەزمەندانەی مرۆڤ، لەناو نووسەران و ئەدیبانیش، ئیرەیی و گرژی و چاو پێ هەڵنەهاتن، دیاردەیەكی زەق بووە، تەنانەت بووەتە نیمچە كولتوورێكی پێوەندیی نێوان بەهرەمەندان. لەناو نووسەرانی دونیا ئەمە بە درێژایی مێژوو هەر بەردەوام بووە. دەتوانین نموونەی زۆر لە داهێنەرانی جیهان بهێنینەوە، كە چۆن ئەم دیاردەیە بەرۆكی زۆرێكیانی گرتووە و زۆر جاری وایش ئەنجامی پێوەندییەکان، بووەتە پێكدا هەڵشاخان و تووڕەیی و پچڕانی هاوڕێیەتی. دەتوانین باسی زۆرێكیان لە ئەدەبیاتی دونیا بكەین، هەر لە پێوەندیی ئیرەییمەندیی نێوان هەردوو شاعیری بەناوبانگی ڕۆمانیای چاخی زێڕینی بەر لە زایین، ئۆڤید و ڤێرجیل. هەروەها هەردوو داهێنەری فەرەنسایی فیكتۆر هۆگۆ و لامارتین، دیسانەوە گرژیی نێوان نیچەی فەیلەسووف و ڤاگنەری داهێنەری بواری مۆسیقا. بە درێژایی مێژوو ئەم پێوەندییەی نێوان نووسەران و داهێنەرانی دونیای ئەدەب و هونەر بە زەقی ماوەتەوە.
لەم نووسینەدا دەمەوێ بە چەند دێڕێك باس لەو گرژی و ئیرەییمەندییەی نێوان هەردوو شاعیری گەورە و تازەگەری شیعری عەرەبی، مەحموود دەرویش (1941- 2008) و ئەدۆنیس (1930- لە ژیاندایە) بكەم، ئەم پێوەندییە تا دواجاریش و تا مردنی دەرویش هەر بە ئاڵۆزی و نالەباری مایەوە. لە زۆرێك لە دیدارە ئەدەبی و ڕۆژنامەوانییەكانیش، ئەدۆنیس لە ڕەفتار و هەڵسوكەوت بە لووتبەرزێكی دنیای شیعری عەرەبی زانراوە و هەمیشە بە پۆزەوە ڕەفتاریوە و بیروڕای خۆی دەربڕیوە، بۆیە بەردەوام بە خۆپارێزییەوە لەبارەی ئەزموونی مەحموود دەرویش و ئەوانی تریش دواوە. سەرەتا سەرسامی بەهرەی دەرویش بووە، وەك چۆن هەندێ شاعیری نەتەوەكەی خۆی بە قوتابخانە و تازەگەر و داهێنەر داناوە، كەچی هیچ جارێك دەرویشی لەو ئاستە هەڵنەسەنگاندووە و دوور بووە لەو دیدەی كە وەك شاعیرێكی گەورە و ڕچەشكێن تەماشای بكات، بۆیە هەمیشە لەم ڕوانگەیەوە دەرویشی خوێندووەتەوە و ئەوی خستووەتە چوارچێوەی شاعیرێكی نەتەوەیی و بەرگریكاری كێشەی فەلەستین، لەكاتێكدا دەرویش لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانی گوتوویەتی: “ئەدۆنیس شاعیرێكی گەورەیە، وەلێ بیروبۆچوونی من و ئەو لەبارەی چەمكی شیعر لێكدی جیان.” جگە لەوە دەرویش هەر لە سەرەتاوە ئەدۆنیسی بە شاعیرێكی توانادار و گەورەی ئەم دونیایە بینیوە. جیاوازیی دەرویش لەگەڵ ئەدۆنیس ئەوە بووە كە تەنێ شاعیرێكی جەماوەری نەبووە، بەڵكە شاعیری دەستەبژێری ڕووناكبیرییش بووە، كەچی ئەدۆنیس ئەو جەماوەرەی دەرویشی نەبووە و تا ئێستایش هەر بە شاعیرێكی دەستەبژێری توانا ماوەتەوە. هەروەها مەحموود دەرویش، ئەدۆنیسی بە شاعیرێكی وا زانیوە، لەوەتەی هەیە لووتبەرزانە خۆی لە سەرووی جەماوەر داناوە، ئەدۆنیس ئاستی شیعری بەرگری بەوە كەم دەكاتەوە كە نابێ شیعر لەنێو چەمكی نەتەوەیی و سیاسەت بئاوێتێنرێت، یان لەنێویدا چڕ بكرێتەوە و نرخە هونەرییەكەی تێدا بتوێتەوە، بۆیە بەم خاڵە لە ئاستی دەقەكانی دەرویش كەم دەكاتەوە، لەكاتێكدا دەرویش دونیایەك شیعری هونەركارانەی بەرزی دوور لە دەقی سیاسی و بەرگرییشی هەن. بێگومان ئەگەر ئەمە لە چوارچێوەیەكی نەرم پیشان بدرێت، ڕەنگە ڕەخنەكاران بە (ئیرەیی داهێنان)ی بزانن. هەردوو شاعیر وایان دەزانی كە هەر یەكەیان لە شكۆمەندیی ئەویدی كەم دەكاتەوە. چەند ساڵێك لەوەبەر، كە ئەدۆنیس هاتە كوردستان، ئێمە وەك لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد، ئێوارەكۆڕێكمان بۆ بەڕێوە برد، لە هۆڵەكە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لافیتەی “بەخێرهاتنی شاعیری گەورەی عەرەب ئەدۆنیس دەكەین”مان هەڵواسیبوو، ئەدۆنیس بە منی گوت نەدەبوو وشەی “عەرەب” بنووسن.
ئەگەر ئەم دیاردەیەی نێوان هەردوو شاعیری داهێنەر نەبووبێتە لەمپەر، ئەوا لەوانەیە بووبێتە هاندەر بۆ بەردەوامی و گوڕدانی زیاتری دەقی داهێنەرانە. ئەگەر لەبارەی جیاوازیی دەقەكانی ئەم دوو داهێنەرەی بواری شیعری عەرەبی بدوێین، ئەوا دەتوانین بڵێین شیعرەكانی مەحموود دەرویش، زێتر بە لای خۆشەویستی و نیشتمانپەروەری و ناسنامە و مەرگ و فەلەستین و مرۆڤایەتییەوەیە، وەلێ لای ئەدۆنیس باسی ناسنامە و نیشتمان، لای لێ نەكراوەتەوە، بەڵكە شیعرەكانی وی زێتر بی لای زمان، ئەفسانە، بوون، زانین، ڕەخنە لە فیكری عەرەبی، باسوخواسی نەداری و دواكەوتوویی كۆمەڵگە لە بواری زانینەوەیە، هەروەها لای دەرویش شیعر بە گشتی ئاوێتەی ژیانی ڕۆژانە و مێژوو و ئەزموونی خۆشی و ناخۆشیی مرۆڤە، ئەمە لای ئەدۆنیس گرنگیدانە بە فیكر و ڕامان و دووركەوتنەوە لە ڕووداو و چەمكی ڕاستەوخۆ، دیسانەوە دەرویش زۆر بایەخی بە مۆسیقای شیعری و چڕیی وێنەی شیعرییش داوە، كەچی ئەمە لای ئەدۆنیس كەمتر لای لێ كراوەتەوە، وێنە شیعرییەكانی دەرویش زێتر ڕوو لە نیشتمان و خاك و دایك و ڕەگ و شوێنە، ئەمە لای ئەدۆنیس بە زۆری دەچێتەوە سەر وێنەی زەینی و فەلسەفی و ڕستەی ئاڵۆزكاو لە خەون و ڕامان.
هەردوو شاعیر بایەخیان بە سیمبوڵ داوە، سیمبوڵ لە دەقەكانی دەرویش ئاشكرا و ڕوونە و زوو خۆ دەداتە دەست، هەروەها دەرویش سیمبوڵ پێوەستی ئەزموونی ئینسانی و مێژوو كردووە، وەلێ ئەم سیمبوڵە لەكن ئەدۆنیس لەنێو چەمكی ئەفسانە و كەلەپوور و سۆفیزمدا دەتوێتەوە، جگە لەوەی ئەدۆنیس زۆر بایەخی بە كەلەپوور داوە، كولتوور لای خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و دووبارە دەیداتەوە بەر نەشتەر و سەرنج و خوێندنەوەی نوێ، بۆیە بەپێی پێوەری سەردەم مامەڵە لەگەڵ كەلەپوور دەكات، بەڵام دەرویش كەلەپوور بە ناسنامە دەبەستێتەوە.
زۆر ڕەخنەگر و شاعیری عەرەب لەبارەی كارەكانی ئەدۆنیس كەوتوونەتە گفتوگۆی ڕەخنەئامێز و سەرنجڕاكێش، لەوانە محەمەد عابید جابری، جەلال سادق عەزم و جابیر عەسفوور، ئەمان لەبارەی كەلەپوور و تازەگەری و ئاوەزی عەرەبی و تازەگەریی شیعر، ڕەخنەی توندیان لێ گرتووە. هەروەها هەریەكە لە سەلیم بەرەكات، جابیر عەسفوور و ڕەجاء نەققاش، جیاوازیی بۆچوون و دیدی ڕەخنەگرانەیان بۆ كارەكانی دەرویش هەبووە.
ناتوانین بڵێین لە نێوان ئەدۆنیس و دەرویش، لە بواری شیعر كامەیان لەوی دیكە بەهرەمەندتر و داهێنەرتر یان قووڵترە! ئەمە بەلای هەر خوێنەرێكەوە جۆرێكە و دەتوانین بڵێین بەراوردەكە ڕێژەیییە، چونكە هەردووكیان دوو ناوی گەورەی نێو شیعری هاوچاخی عەرەبی و دونیای تازەگەریی شیعری عەرەبین.

