شێرکۆ حەبیب
لە دێرزەمانەوە گوتویانە: هێز لە یەکگرتندایە. هەرچەندە وتەیەکی کورتە، بەڵام پەندێکی مێژوویی و مانایەکی قووڵی هەیە. چونکە هیچ گەلێک ناتوانێت بەبێ یەکڕیزی و ڕێکخستنی نێوماڵی ناوخۆی خۆی، ئاواتەکانی بەدی بێنێت.
بێگومان کوردستان ئەزموونی زۆری لە یەکگرتن و دابەشبوون هەیە. مێژوو نیشانی داوە کە کاتێک کورد یەکدەنگ بووە، دەتوانێت دەنگی خۆی بە جیهان بگەیەنێت، و کاتێک ناکۆکییە ناوخۆییەکان بوونەتە بەربەست، دەرفەتەکانیش لەدەست چوون. ئەمە وانەیەکی مێژووییە کە نابێت دووبارە لەبیر بکرێت.
ئەمڕۆ کوردستان لە قۆناغێکی جیاوازدایە، ئەوەی بەدەست هاتووە، بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە پشت بە مێژوو، قوربانی، خەبات و ماندووبوونی نەوەکان دەبەستێت. بۆیە پاراستنی ئەو دەستکەوتانە تەنها بە ئابووری و هێزی سیاسی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە یەکڕیزیی ناوخۆ هەیە.
کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بە هەموو دەنگەکان هەیە، بەڵام نەک بۆ ئەوەی هەر دەنگێک بۆ ئامانج و ئاراستەیەکی جیاواز ئاراستە بکرێت، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەو دەنگە جیاوازانە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان یەک ئامانج دروست بکەن.
دەنگەکان دەتوانن جیاواز بن.
ڕەنگەکان دەتوانن جیاواز بن.
حزبەکان دەتوانن جیاواز بن.
بیرۆکە سیاسییەکان دەتوانن جیاواز بن.
بەڵام نابێت سەبارەت بە ماف و بەرژەوەندییەکانی کوردستان و میللەتەکەی جیاواز بن.
کێشە لە جیاوازی نییە، بەڵکو کێشە لەوەیە کە جیاوازی بگۆڕێت بۆ دابەشبوون، و دابەشبوون دەبێتە هۆی لاوازبوون.
بێگومان دیموکراسی بە مانای ئەوە نییە کە هەمووان یەک بۆچوون و تێڕوانینمان و یەک ڕەنگمان هەبێت، بەڵکو دیموکراسی ئەوەیە کە جیاوازییەکان بتوانن لە چوارچێوەی یاسا و گفتوگۆدا بوونیان هەبێت، و ئەو جیاوازییانە لە پێناو بەرژەوەندیی کوردستاندا بەکاربهێنرێت. بۆیە گرنگە کاتێک باسی چارەنووسی نیشتمان دەکرێت، بەرژەوەندیی گشتی لەسەر هەموو بەرژەوەندی و بۆچوونەکان بێت.
ئێمە پێویستمان بەوە نییە کە هەموو کەسێک لەگەڵ هەموو بابەتێک هاوڕا بێت. پێویستمان بەوەیە کە لەگەڵ یەکتر هاوڕای بەرژەوەندیی کوردستان بین. ئەمە جیاوازیە گەورەکە.
کوردستان نابێت ببێتە مەیدانی ململانێی بێکۆتایی لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەکان، ناکۆکیی سیاسی دەشێت هەبێت، ڕەخنە هەبێت، تەنانەت لە هەندێک بابەتدا جیاوازیی توندیش ئەگەری بوونی یاساییە، بەڵام هیچ ناکۆکییەک نابێت بەرژەوەندیی نیشتمان بخاتە مەترسییەوە.
بۆیە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستە لە وشەی یەکگرتن تێبگەین. یەکگرتن تەنها وێنەیەکی هاوبەش نییە، تەنها وتەیەکی جوان نییە، و تەنها دروشمێک نییە کە لە کۆبوونەوە و میدیاکان دووبارە بکرێتەوە، بەڵکو یەکگرتن بریتییە لە بڕیار، بڕیاری ئەوەی کە کاتێک بەرژەوەندیی کوردستان لە مەترسیدایە، هەموومان لەسەر بنەمایەکی هاوبەش بوەستین، بڕیاری ئەوەی کە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین، نەک بە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان، بڕیاری ئەوەی کە دەرفەتەکان لەبەر حسابە کاتییەکان لەدەست نەدەین، و بڕیاری ئەوەی کە بزانین کوردستان لە هەموو حیزب و لایەن و تاکەکەسێک گەورەترە.
ئەگەر دەنگەکانمان جیاوازن، با ئەو جیاوازییە ببێتە دەوڵەمەندیی کوردستان، نەک لاوازیی. ئەگەر ڕەنگەکانمان جیاوازن، با هەموو ئەو ڕەنگانە لە کۆتاییدا وێنەی ئاڵای کوردستان تەواو بکەن.
ئەوەی کوردستان پێویستی پێیەتی، یەکدەنگیی ساختە نییە، یەکڕیزیی ڕاستەقینەیە، یەکڕیزییەک کە تێیدا ڕەخنە هەبێت، بەڵام دوژمنایەتی نەبێت، جیاوازی هەبێت، بەڵام دابەشبوون نەبێت ملمڵانێی سیاسی دروست هەبێت، بەڵام نیشتمان لەبیر نەکرێت.
کوردستان ئەگەر بتوانێت ئەم هاوسەنگییە دروست بکات و بیپارێزێت، ئەوا دەنگە جیاوازەکان نابنە کێشە، بەڵکو دەبنە هێز. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کوردستانێک کە لەگەڵ جیاوازییەکاندا یەکە، لەگەڵ هەموو ڕەنگەکاندا یەک ئاراستەی هەیە، و لە کاتی بڕیاردا بەرژەوەندیی نیشتمان لەسەر هەموو بەرژەوەندییەکانە.
چونکە کاتێک دەنگ و ڕەنگەکان یەک دەبن، کوردستان بەهێز دەبێت، و کاتێک کوردستان یەک دەبێت، ئاواتەکانیش مسۆگەر دەبن.

