فازڵ میرانی
متمانەیەکی زۆرم بە پێنووسی عێراقی هەیە – بە هەموو فرەیی ئەلفوبێ و زمانەکانیەوە – پێنووسێک کە بۆ نووسینی ڕۆمانێک نە خەیاڵی کەمە و نە توانای متبوو، ڕۆمانێک کە جگە لە بیرەوەری و خاوەندارێتیکردنی بەڵگەنامەکان، پێویستی بە بوێری، بێلایەنی، و زامنکردنی سەلامەتیی نووسەرەکەی هەیە؛ تا بتوانێت ڕکابەری بکات یان بپڕژێتە سەر ئەو ڕۆمانانەی لە ڕەحمی ئەو کۆمەڵگەیانەوە هەڵقوڵاون کە بەدەست شێوازی حوکمڕانیی شێواو و شێوێنراوەوە ئازاری زۆریان چەشتووە؛ شێوێنراو بۆ کۆمەڵگەکانیان بەهۆی ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی دەکەن، شێواو لەوەدا کە بە کوێرانە و لەچاوبرسێتیدا چاویان لە شێوازگەلێکی حوکمڕانی کردووە، کە تەنیا کارەساتیان خولقاندووە.
دەڵێم: پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی وەک پڕۆژەی نووسینی ڕۆمانێک کە جەخت لەسەر بیست ساڵی ڕابردوو بکاتەوە، ئەگەر بێت و بێتە ئاراوە، ئەوا لە ژیری و پێویستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕووداوەکانی بەوەوە ببەسترێنەوە کە بەرلەو بیست ساڵە ڕوویانداوە، هەروەها ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئایا ئەوانە ڕەگی ئێستان، یان قەدی سیاسیی پێشوو و بەرهەمەکانی تا ئێستاش بەپێوە وەستاون و بەرزتر و ئەستوورتر بوون و ڕەگەکانیان زیاتر چوونەتە قووڵایی و داچەقیون؟
تازە نییە کە مەودا، قووڵایی و ئاسۆ ڕۆشنبیرییە هۆشیارەکان لە عێراقدا بوبێتنە قوربانیی سیاسەتی ئاڕاستەکراوی جاران و توندڕەوی دواتر، لەبەر ئەوەش ئەویش وەک مرۆڤی عێراقی، لە ترسان بێدەنگ بوو، یانژی هەڵهات بەدوای پەناگەیەکدا، یان لەگەڵ دۆخی ناوخۆدا ئاوێتە بوو، یانیش بووە ئۆپۆزسیۆن.
دیسان تازەش نییە کە ڕۆشنبیریی ڕاستەقینەی عێراقیش بە هەمان شێوە ئازارەکانی ڕووداوەکەی بەرکەوتبێت؛ تا ئەو پەڕەی بووەتە شەهید، یان بریندار، یان کەمئەندام، یانیش دەستبەسەر. شتێکی شاراوەش نییە کە وەک چۆن ڕووەکە مشەخۆرەکانی کۆمەڵگە گەشە دەکەن کە بوونەتە مەیدانی ململانێ و لە هەموو دیمەنەکاندا ناوی بێ ناوەرۆک و بێ سوود سەرهەڵدەدەن، بە هەمان شێوە ڕۆشنبیرییش بە مانا ڕەفتارییەکەی و بە چوارچێوە داڕێژراوە دامەزراوەییەکەیەوە بەدەست ئەم جۆرە مشەخۆرانەوە ئازاری چەشتووە.
دەگەڕێمەوە سەر قسەکردن لەسەر ناونیشانەکە و ناوەرۆکەکەی و بیرم دێتەوە کە چۆن ئەو نەتەوانەی بەدەست بڕیاردەرەکانیانەوە تاڵاویان چەشتووە توانویانە ڕۆمانی وەک «نیوەخۆرێکی زەرد»ی نووسەر (شیماماندا ئادیچی) پێشکەش بکەن دەربارەی جەنگە ماڵوێنکەرەکەی ناو نایجیریا. بە هەمان شێوە سیانەی (نوێبوونەوە، چاو لە دەرگا، ڕێگەی تارمایی)ی نووسەر (پات بارکەر) کە کەشوهەوای جەنگی یەکەمی جیهانی دەخاتە ڕوو، و ڕۆمانی «لە بەرەی ڕۆژئاواوە هەموو شتێک ئارامە»ی نووسەر (ئێریک ماریا ڕیمارک)، و چۆن جەنگ کارەسات لە ڕەفتاری مرۆڤدا دەخولقێنێت.
ژینگەی عێراق — کە لە ڕووی جوگرافی، هزری و مێژووییەوە هەمەجۆرە — لەگەڵ ئەو ئەزموونە تاڵانەی لە زۆرداری، دڵڕەقی، گەندەڵی و هەلپەرستی لە ناو خۆیاندا کۆیان کردووەتەوە، هەروەها ئەو وێڵبوونییە گەورانەی لە بیست ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بەڵا و سەختییەکانەوە ڕوویان داوە، لە ئاست نەگۆڕیی کەمینەیەک لەسەر بنەما ڕەسەنەکان و ڕێگەی ڕاست؛ لەگەڵ ئەو خلیسکان و پاڵەپەستۆیەی بۆ کۆمەڵێک تاقمی فەرمی و بەناوفەرمی ڕووی دا تا ببنە ناوەندی دەسەڵات و یاری پێکردنێک کە ڕاگەیاندنی بەکرێگیراو خزمەتی دەکات و بێدەنگیی مامەڵەپێکراو بێدەنگییەکە لە بەرامبەر دەستکەوتدا پێشکەش دەکات؛ جێگە لەوەش ونبوونی ناسنامەی کۆکەرەوە، و ئەو بەراوردکارییەی خەڵکی ناچار دەکرێن پێی تا وەک پەنابردن لە گەرمای بڕکەوە بۆ نا ئاگر پەنای بۆ ببرێت؛ لەگەڵ گەلێک وردەکاریی تر دەربارەی پەیمانشکێنی و تێوەگلانی کەسانی دیار و نادیار کە بوونە هۆی مەینەتیی بەردەوام و پڕئازار بۆ گەلەکەمان؛ هەروەها ئەوەی لەمەوە کەوتووەتەوە لە قسە و ڕەفتار و تاوانی داڵدەدراو، و باڵادەستیی ئەو فکرەی گومانەکان یاریی پێ دەکەن و ڕۆحی هاوشێوەکردنی سەرکردایەتییەکی بۆش لە ناخیدا نیشتەجێیە، لەگەڵ نەمانی بیرکردنەوەی دروست دەربارەی سنووردارێتی و ڕێژەیییبوونی مرۆڤ؛ هەموو ئەم بڕگانە پێویستییان بە فکر و پێنووسگەلێکە کێبڕکێ بکەن تا زیاتر لە ڕۆمانێک پێشکەش بکەن کە وڵاتەکەمان وەک خۆی پێشان بدەن، نه وەکو ئەوانە، کە لەسەر حسابی ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بوون..
ڕۆمانێکی وەک ئەم پڕۆژەیە — جا یەکێک بێت یان زیاتر — دەبێتە وەرچەرخانێک و ئامرازێک کە ڕۆماننووس و خوێنەرانی دەگوازێتەوە بۆ ناوچەیەک کاریگەریی دەبێت لەسەر بونیادنانی داهاتووی فکرێک کە بەڵگەی کەم نابێت بۆ ڕەخنەگرتن و بەپاکڕاگرتنی خۆی لەوانەی بە ئەنقەست تاوانیان بەرامبەر ئەرکەکانیان کردووە.

