رۆژنامەی ھەولێر

چاوگی (بوون) و چاوگی (هەبوون) دوو چاوگی جیاوازن

مامۆستا: دلاوەر شێخ محەمەد هەرکی

ئەم کورتە باسە لەبارەی ئەو بابەتەیە، کە لە پەرتووکی پۆلی دوانزەهەم لە بەشی ڕێزمان، بە ناوی کاری چاوگی بوون (هەبوون) هەیە.
دەمەوێت لایەنی زانستیی ئەم بابەتە باس بکەم، بە نموونەوە دیوی ڕاستی و دروستیش دەخەینە ڕوو، بابەتەکە وەک مەنهەج ڕوون کراوەتەوە، کە دەڵێت: لە کاری چاوگی بوون (هەبوون) کاری تەواوی تێپەڕ و تەواوی تێنەپەڕ و کاری یاریدەدەر و کاری ناتەواویان لێ دروست دەکرێت، تا ئێرە وەک مەنهەج با هیچ قسەی لێ نەکەم، بەڵام من دەڵێم: یەک شت نین و جیاوازن، بۆتان دەسەلمێنم ئەم دوو چاوگە وەک ئەرز و ئاسمان لێکەوە دوورن، بەڵام لیژنەیەک لە وەزارەتی پەروەردە، کە پێداچوونەوەی دووەمیان کردووە بۆ پەرتووکەکە ئەم بابەتەیان بە شێوەیەکی زانستی باس نەکردووە و هەر دوو چاوگەکەیان وەک یەک چاوگ باس کردووە، لام وایە، وا نییە.

لێرەوە با بچینە ناو بابەتەکە و بەم پرسیارانە ڕوون بکەینەوە:
ــ ئایە ئەگەر چاوگی بوون و (هەبوون) یەک چاوگ بن، کاری ناتەواو لە چاوگی (هەبوون) دروست دەبێت؟
۱ ــ نەخێر، لە چاوگی (هەبوون) بە هیچ شێوەیەک کاری ناتەواو دروست نابێت، بەڵگەش بۆ ڕابردوو و ڕانەبردووی ئێستا هەرگیز خۆی نادات بەدەستەوە ئازایانە بەرگری دەکات، بەڵام بۆ ڕانەبردووی داهاتوو شێوە و ڕووخساری خۆی دەگۆڕێت ئەمەش هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە، کە بووەتە کاری ناتەواو.
ــ ئایە ئەگەر چاوگی بوون و (هەبوون) یەک چاوگ بن، کاری یاریدەدەر لە چاوگی (هەبوون) دروست دەبێت؟
۲ــ نەخێر، لە چاوگی (هەبوون) ناتوانین کاری یاریدەدەریش دروست بکەین، بەهەمان ئەو بەڵگەی لە خاڵی (۱) هاتووە.
ــ ئایە ئەگەر چاوگی بوون و (هەبوون) یەک چاوگ بن، کاری تەواوی تێپەڕ بە مانای (منداڵبوون) لە چاوگی (هەبوون) دروست دەبێت؟
۳ــ نەخێر، لە چاوگی (هەبوون) ناتوانین کاری تەواوی تێپەڕ بە مانای (منداڵبوون)یش دروست بکەین.
ــ ئایە ئەگەر چاوگی بوون و (هەبوون) یەک چاوگ بن، کاری تەواوی تێنەپەڕ جگەلە بوون، لە چاوگی (هەبوون) دروست دەبێت؟
٤ــ نەخێر، لە چاوگی (هەبوون) ناتوانین کاری تەواوی تێنەپەڕ جگەلە (الوجود) بوون دروست بکەین.

پێچەوانەی ئەوانە، دەتوانین لە چاوگی (بوون) کاری یاریدەدەر و کاری ناتەواویش دروست بکەین،
دەتوانین کاری تەواوی تێپەڕ بە مانای (منداڵبوون) و تەواوی تێنەپەڕ دروست بکەین، جگەلە (الوجود) بوون.

نموونەکان:-
۱ــ ڕستەی: ئەو زیرەکە.
هیچ گومانی تێدا نییە، ئەم سێ کارە لە چاوگی (بوون)ن و حاشا هیچ پەیوەندییان بە چاوگی (هەبوون)ەوە نییە، ئەی بۆچی لە مەنهەج پێکەوە گرێ دراون؟
۲ــ ڕستەی: دەبوو کارەکەیان ئەنجام دابا. (دەبوو، دەبوایە، دەبێت)، ئەم سێ کارە لە چاوگی (بوون)ن و حاشا هیچ پەیوەندییان بە چاوگی (هەبوون)ەوە نییە، ئەی بۆچی لە مەنهەج پێکەوە گرێ دراون؟
۳ــ ڕستەی (ئەو منداڵێکی بوو.)، کە بۆ ڕانەبردووی ئێستا دەر بڕین و ڕستە و کارەکەمان نییە، لە چاوگی (بوون)، ئەمە تایبەتمەندییەکی زمانەوانییە و بەڵگەی ئەوەشە، کە لە چاوگی (هەبوون) ئەو حاڵەتەمان نییە!
لە چاوگی (هەبوون) ئەو حاڵەتەمان نییە، سەیری ئەم دوو ڕستەیە بکەن:
ئەو پارەی هەیە.
پارە لە بانک هەیە.
کاری ئەم ڕستەیە بە هیچ شێوەیەک لە چاوگی بوون نین.
واتە کارمان هەیە بۆ دەمی ڕانەبردووی ئێستا.
ئەمڕۆ یان بەیانی ئێمە دەبێت ئەو ڕاستییە زانستییە بگەیێنین، جا لە مەنهەج، یان لە دەرەوەی مەنهەج ئەوە یەکلا بکرێتەوە، چاوگی بوون و (هەبوون) دوو چاوگی لێک جیاوازن و لە چاوگی (هەبوون) تەنیا کاری تەواوی تێپەڕ بە مانا خاوەندارێتی و کاری تەواوی تێنەپەڕ بە مانای (الوجود) بوون دروست دەکرێت و ناتوانین لەو چاوگە کاری ناتەواو و کاری یاریدەدەر و کاری تەواوی تێپەڕ بە مانای (منداڵبوون) دروست بکەین.
ڕاستیی زانستیی ئەم (هە)یەش ئەوەیە؛ کە دوو پیت، یان بەشێکی ئەسڵی و چاوگەکە خۆیەتی و چاوگێکی زمانی کوردیی خۆماڵی و خۆمانەیە بە ناوی چاوگی (هەبوون).

سەیری ئەم ڕستانە بکەن:
بۆ کاری تێنەپەڕ بە مانای بوون (الوجود) و ڕانەبردووی کاتی ئێستا.
[ من هەم.]
بۆ ڕانەبردوو، دێین ڕەگەکەی وەردەگرین، دوای لابردنی نیشانەی چاوگ،
بە یاسای = دە +ڕەگی کار + جێناوی لکاو ک۳

(دە هە بــ م)،
بەڵام بۆ ئاساندەربڕین (هــ) گۆ ناکرێت و بەمەش دوو پیتی بزوێن ( دە + ەب + م) دەگەن بە یەک، بەپێی یاسا (دوو پیتی بزوێن لە یەک بڕگە کۆ ناکرێنەوە)، (دە + ەX)، بۆیە (ە)ی نیشانەی (دە)ی ڕانەبردوو، یان (ە)ی پیتی دووەم (هە) دەتوێتەوە (دەسووێت) و بزر دەبێت، بەمەش ڕانەبردووی داهاتوو دەبێت بە (دەبم).
جا ئەمە تێچوون و توانەوەیە، هەر بۆ ئەم چاوگە وا نییە، چاوگی تریشمان هەیە لە زمانی کوردی.
وەک:
هاتن، (دەهێم، دێم.)
ناهێم، نایـێـم.( نایەم.)
پێکهاتن، (پێک دەهێن، پێک دێن.)
پێک ناهێن، پێک نایێن. (پێک نایەن.)
چاوگی هاتن، کە ڕەگەکەی (هێ، ێ) بۆ ڕانەبردوو دەبێت بە (دێم)، دیسان هەم (هــ)ی پیتی یەکەمی ڕەگی کار (هێ) و هەم (ە) بزوێنی نیشانەی کاری ڕانەبردووی (دە) دەتوێتەوە و دەسووێت و (بزر دەبێت.)

بۆ ڕانەبردووی دانانی:
ب + ڕەگی کار + جێناوی لکاو ک۳
(دەبێت هەبم، دەبێت هەبین…) دیسان (ب) نیشانەی کار دەر ناکەوێت بۆ ئاساندەربڕین.
بۆ ڕابردووەکانیش (دەبوو، هەبووبا. هەبوو بێت…)
[ هەبووم.] دیارە، کە ( کار)ەکەمان تێنەپەڕە ( وجود) بوونە، چونکە جێناوە کەسییە لاوەکانی کۆمەڵەی دووەم وەک بکەر لە تێنەپەڕ وەردەگرن، وەک ئەوە وایە، بڵێین:
[ من چووم.]
بەڵام، کاتێک، دەڵێین:
[ هەمە.] بۆ ڕانەبردووی کاتی ئێستایە، بەپێی ناوچەییش، دەڵێین:
[ هەیتم.]
بۆ ڕابردوو دەڵێین:
[ من هەمبوو.]
بۆ ڕانەبردووش، دەڵێین:
[ئێمە دەمانبێت.]
لێرە، بۆ [تملک] خاوەنداریێتی، دەیکات بە کارێکی تەواوی تێپەڕ و جێناوە کەسییە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەکەم لە ڕابردوو، کۆمەڵەی سێیەم لە ڕانەبردوو وەک بکەر وەردەگرن.

کەچی بە پێچەوانەی[ وجود] بوون، کۆمەڵەی دووەم وەک بکەر وەردەگرن بۆ ڕابردوو.
هەمبوو = تێپەڕە
هەبووم = تێنەپەڕ

هیچ جیاوازییەک بەدی ناکرێت لەگەڵ گشت چاوگەکانی تری زمانی کوردی جگەلە (بوون ).
سەیرکەن:
هەڵمان خست = تێپەڕە
هەڵچووین = تێنەپەڕە

کەواتە ڕوون و ئاشکرایە، لێرە ناتوانین [ هەبوون] وەک کارێکی (ناتەواو و یاریدەدەر و منداڵبوون) بەکار بهێنین.

لێرەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە هەر دوو چاوگی[ بوون] و [ هەبوون] دوو چاوگی جیاوازن، کەچی لە پەرتووکی پۆلی دوانزە پێکەوە بەستراونەتەوە.
بەڵگەیەکی تر بۆ (ڕێژەی داخوازی) دیسان (هــە) گۆ دەکرێت و دەر دەکەوێت وەک بەشێکی ڕەسەن و سەرەکی کارەکە.

سەیرکەن:
یاسای کاری داخوازی:
ب + ڕەگی کار + جێناوی لکاو ک٤ (ە، ن)
هەب + ب + (ە، ن)
(هەببە. هەببن)، بەڵام بۆ ئاساندەربڕین (ب) نیشانەی کار دەر ناکەوێت دەبێت بە (هەبە. هەبن.)
وەک چاوگی (هەڵبژاردن) دەبێت بە (هەڵببژێرە. ن)، بەڵام کورد هەر دەڵێت: (هەڵبژێرە. ن).
ئێمە دەپرسین، بۆچی لە مەنهەج باس لەوە نەکراوە، کە کاری داخوازیشی لێ دروست دەکرێت؟!
لە چاوگی (بوون)
ــ ببە بە مامۆستا.
لە چاوگی هەبوون.
ــ هەبە.
ــ پێمان خۆشە ئێوەش هەبن.
بەڵام کاری (تەواوی تێپەڕ) لێ دروست دەبێت لەبەر ئەوەی بۆ خاوەندارێتییە، (بەرکار)ی ئەو کارە ناتوانێت جێی (بکەر) بگرێتەوە، واتە کاری بکەرنادیاری لێ دروست نابێت، کەواتە ئەو کارە تێپەڕەش، کە (بەرکار)یشی هەیە، وەک تایبەتمەندییەکی چاوگەکە خۆی، کە (هەبوون)ە، (بەرکار) ناتوانێت، ئەرکی جێگری بکەر ببینێت و بەمەش ناتوانین کاری بکەرنادیاری لێ دروست بکەین.

کۆتا قسە و بەڵگە، کە دەیڵێمەوە ئەوەیە؛ بۆ دەمی ڕابردوو ئەگەر (بەمانای خاوەندارێتی) هات جێناوە کەسییە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەکەم وەک (بکەر) وەردەگرێت، کەواتە تێپەڕە، ئەگەر بۆ دەمی ڕابردوو بە مانا (الوجود) بوون هات جێناوە کەسییە لکاوەکانی کۆمەڵەی دووەم وەک (بکەر) وەردەگرێت، کەواتە تێنەپەڕە.
بۆ ڕانەبردووی ڕاگەیاندن و دانانیش کۆمەڵەی سێیەم وەک (بکەر) وەردەگرێت و بە هیچ شێوەیەکیش کاری ناتەواو و کاری یاریدەدەر و کاری تەواوی تێپەڕ بە مانای منداڵبوون لێی دروست ناکرێت.

لە عەڕەبی:
بوون = صار
هەبوون = امتلاک
بە هەموو ئەو جیاوازییانەی، کە لەنێوانیاندا هەیە، بەوپەڕی بەڵگەی زانسییەوە دەبێت بڵێین: چاوگی بوون و (هەبوون) دوو چاوگی لێک جیاوازن.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
ــ چەند ئاسۆیەکی تری زمانەوانی
ــ زمان و ئەدەبی کوردیی پۆلی ۱۲