رۆژنامەی ھەولێر

ئەو پەیکەرتاشەی بەرهەمەکانی بــــــــــوونەتــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــە ناسنامەی شار لە ٢٤ مین ساڵڕۆژی ژیانئاوایــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــی هونەرمەند جابر پیرداود

ئاری ئاغۆک
*نۆستالیژیای شار
لە نۆستالیژیای تەمەن دا هەندێ ناو و شوێن، دەبنە یادگارییەکی زیندووی هەموو کات و سەردەمەکان، کاتێ گوێبیستی (ناوێک) دەبین، یا بە (شوێنێک) گوزرەر دەکەین ئەوا بیرەوەری وەک زەنگێکی چێژدار هەمیشە وەئاگامان دەهێننەوە، چونکە ئەو ناوە، یا ئەو شوێنە، بۆتە بەشێک لە یادەوەری تەمەن، دواجار لە یادەوەری هەریەکێکمان دەبێتە نوستالیژیای شار.
بۆیە منیش لەوەتەی فامم کردوە و هەستم بە ژیانناسی کردووە، هەندێ ناو لە یادگەم چەسپیون، بەر لە (شوێن) ناوەکە سەرنجی ڕاکێشاوم، بەتایبەت وەک کوڕی ئەو شارە، هەولێری دێرین، کە بە درێژایی تەمەن چەند ناوێک لە یادگە و بیرەوەری زۆربەمان بوونەتە ئەرشیف و مێژوو.
یەکێک لەو ناو و شوێنانە بریتییە لە (کۆتری سەلام) کە لەگەڵ دەسپێکی دروستکردنی تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ، بۆتە ناسنامەی شار، کۆتری سەلام گەرچی لە دوو وشە، پێک دێ:
-(کوتر/ کوردی)
-(سەلام/عەرەبی).
لێ هەر زوو لەسەر زاری خەڵک و هاوشاریان و ڕێبواران بووە ناوێکی جوان، ئەمیش بەهۆی دروستکردنی پەیکەرێکی هونەری جوانە، کە لەسەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەسەنتەری شار دروستکرا، گەرچی ئێستا هەمان پەیکەر لەو شوێنە نەماوە، بەڵام ئیدی ئەو شوێنە تا ئەمڕۆش هەر بە کۆتری سەلام بەناوبانگە.
لێرەدا کرۆکی مەبەست و بابەت ئەوەیە، ئەم شاکارە بە بەرهەمێکی گەورەی هونەریی ئەوکات ناسرا، بە هۆی بەهێزی و جوانی و شاکاری هونەریانەی ئەوا لای هەموومان بوە ناو و ناوبانگ و بەرهەمێکی جوان و جیاواز و سەرنج ڕاکێش.
بۆیە جێی خۆیەتی بە شکۆ و شانازییەوە باس لە خاوەنی ئەم پەیکەرە جوانە بکەین، ئەویش هونەرمەندی کۆچکردوو (مامۆستا جابر پیرداود)ە، ئەم هونەرمەندە هەولێرییە ڕەسەنە خاوەن چەندین شاکاری هونەریی و ئیستاتیکی یە، لەگەڵ ئەوەی لە کاروانی هونەری کوردی دا، جابر پیرداو ناوی وەک مامۆستا و هونەرمەندە پێشەنگەکان دێ، بەڵام دەکرێ بڵێین بە شێوەی پێویست ئاوڕ لە وێستگەی ژیان و تەمەن و کاری هونەری نەدراوەتەوە، بۆیە ئێمە وەک نەوەی سەردەم، بە پشت بەستن بە نەوەی دوێنێ، کە هەمیشە شانازی بە سبەینێمان دەکەین، پێم خۆش بوو لە ساڵڕۆژی ژیانئاوایی دا، لەیاد و وەفایەکی لە بیرنەکراو، یادێک بۆ بەرهەمە جوانەکانی خاوەن (پەیکەری زەعیم، پەیکەری کچ و کوڕە قوتابی، پەیکەری کەنەدی، پەیکەری هەڵگری مەشخەڵی ئۆڵمپیاد، پەیکەری کورد و عەرەب، پەیکەری وەرزشوانان چوارڕیانی یاریگا، پەیکەری کۆتری سەلام ١٩٦١ ) بکەینەوە، کە هەریەک لەم پەیکەرانە یادێکن لە بیرەوەری هاوشاریانی دوێنێ و ئەمڕۆ، بۆیە هەر لەسەر بنەمای ئەم یادانەوە بۆ ئاشنابوونی نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتوو بە کەسایەتیە هونەرمەندە ناسراوەکان، ئەوا ئەمڕۆ لە ساڵڕۆژی ژیانئاوایی دا، وەفایەکی بچوک دەنوێنین بۆ گەورەیی و جوانی و داهێنانی هونەرمەندی کۆچکردوو مامۆستا جابر پیرداود، بەسود وەرگرتن لە کتێبی: (خۆم و ئەستێرە گەشەکان / نەجمەدین عەزیز سمایل) گەشتێک بە نێو ژیانی کەسی و هونەریی ئەم هونەرمەندە گەورەیە دەکەین، گەرچی ٢٤ ساڵە جێی هێشتین، بەڵام کاتێ بەلای کۆتری سەلام دادەچین، یاخود شەست مەتری لای یاریگا، یا پەیکەری کورد و عەرەب، یا هەر شاکارێکی دیکەی ئەم هونەرمەندە، ئەوا فلاشباگێک بۆ زەمەنی ئەوێ ڕۆژێ دەکەین و هەریەکەمان چەندین یادگاری لابەلامان بەبیردێتەوە!!!.
کەواتە کاتێ دەڵێین هونەری جوان نامرێ، مەبەست و نموونە ئەو یادگاریانەی مامۆستا جابر پیرداودە، کە بەدەستەکانی خۆی لە قۆناغێکی سەخت و سەرەتایی دا توانی داهێنان بکات و وێنەیەکی جوان لە یادگەمان جێ بهێڵێ، بۆیە ئەم جۆرە کارانە حەقی ئافەرین و مەدالیای شانازیین.
ژیاننامە:
جابر پیرداود ئیسماعیل نەجار لە ساڵی ١٩٢٥ لەگەڕەکی خانەقای شاری هەولێر لەدایکبووە، پیرداودی باوکی لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو دارتاشێکی بەناوبانگ و دەستڕەنگینی شاری هەولێر بووە، کەساڵی ١٩٣٥ چۆتە قوتابخانە، لە ساڵی ١٩٤٣ چۆتە خانەی مامۆستایانی (الاعظمیە) لە بەغدا، ئەوکات جگە لە خوێندنی وێژەیی و زانستی، ئەوا خوێندنی مۆسیقا و شێوەکاریشی تێدا خوێندراوە، بۆیە ئەم مەڵبەندە پەروەردەییە بۆ ئەو دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ خۆ دۆزینەوە لە نێو دونیای هونەر بەگشتی و هونەری شێوەکاری بەتایبەتی، لەسەر دەستی هونەرمەندی گەورەی عیراقی (قاسم الناجی) کە بەناوبانگترین هونەرمەندی شێوەکاری بووە، زیاتر حەز و خولیای چۆتە سەر هونەری پەیکەرتاشی، ساڵی ١٩٤٦ خانەی مامۆستایان تەواو دەکات، دواتر لەساڵی خوێندنی ١٩٤٦-١٩٤٧ دەبێتە مامۆستا لە قوتابخانەی (سەرەتایی دووەمی کوڕان) لەشاری کۆیە. ماوەی چوار ساڵ لەم قوتابخانەیە جگە لەوانەی رەسم، زانستەکانی دیکەشی گوتۆتەوە. یەکێک لە چالاکیە جوانەکانی ئەوەبووە، کە هەموو ساڵێک پێشانگایەکی خنجیلانەی بۆ قوتابیان لە قوتابخانە کردۆتەوە، جگە لە مامۆستا و قوتابیان ئەوا هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی شاری کۆیە ئامادەی مەڕاسیمی پێشانگاکە دەبوون، ئەمەش هەم وەک هاندان، هەم بۆ بەدیارخستنی توانا هونەرییەکانی قوتابی بووە، دواتر هاتۆتەوە شاری هەولێر و لە پیشەی مامۆستایەتی خزمەتی بەردەوام بووە.
*شاکارە هونەریەکانی:
هونەرمەند جابر پیرداود لە نیگارکێشان و پەیکەرتاشی دا حەزی لە شێوازی (ئەبستراکت-تەجرید) نەبووە، بەڵکو حەزی لەو هونەرە بووە کە هەڵقوڵاوی داب و نەریت و ڕەسەنایەتی و هیواو ئاواتی خۆی و دەورووبەرەکەی و کۆمەڵگەی کوردەواری و هەموو گەلەکەی بووە.
لەکارە هونەرییەکانی ڕەنگی بنەوشەیی کە لەتێکەڵکردنی ڕەنگی سوور و شین پێک دێت، زۆر خۆشویستووە و زۆریشی بەکار هێناوە، هەروەک خۆی لە شوێنێک دا گوتویەتی: (ڕەنگی سوور سونبولی سۆز و بەجۆشە، نیشانەی خۆشەویستی و هێز و چالاکی و تووڕەبوونە، ڕەنگی شینیش نیشانەی دۆستایەتی و هزرانی قوڵە، من خۆم چونکە حەزم لە هێمنی و دۆستایەتیی و ڕاستەقینەیە، ئەوا گەنگی شینیشە لە هەموو بەرهەمەکانم دا خۆی نواندووە)
*دلشاد جابر پیرداود:
لەو یاد و وەفایەدا بەدەرفەتی دەزانین بروسکە یادێک بۆ هونەرمەندێکی جوانە مەرگ بکەینەوە، کە بەداخەوە لە تەمەنێکی زوو ژیانئاوایی کرد، ئەویش هونەرمەند (دلشاد جابر پیرداود)، کە دەکاتە کوری هونەرمەندی کۆچکردوو مامۆستا جابیر پیرداود، کاکە دلشادیش یەکێک بوو لەو هونەرمەندە پەیکەرتاشانەی کە لەسەر ڕێچکەی باوکی و خۆشەویستی بۆ هونەر توانیویەتی بوونی خۆی بسەلمێنی و ببێتە هونەرمەندێکی دیار، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی لە ووڵاتی ئیتاڵیا لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٥ ژیانئاوایی کرد، تابڵۆ و کارەهونەرییەکانی بە بێ نازی ماونەوە.
*ژیانئاوایی جابر پیرداود:
دوای تەمەنێک پڕ لە بەخششی هونەری و پەروەردەیی بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٢٦ ی ئەیلولی ٢٠٠٢ بە هۆی ڕووداوی ئۆتۆتۆمبێل لەتەمەنی ٧٧ ساڵی مامۆستا و هونەرمەند (جابر پیرداود) ژیانئاوایی دەکات، بەڵام ناو و بەرهەم و شاکارە هونەرییەکانی هەمیشە لەدڵی هەولێر و هەولێرییەکان بە زیندوویی ماوەتەوە، یادی بەخێر و ڕۆحی شاد.