عومەر چنگیانی
وەك ئەركی خۆمان هەینی ڕابردوو لەسەر دوانگەی مزگەوتەكانمانەوە بابەتی سەردێڕمان باس كرد و لێرەدا بە تەنها لە بەر ڕۆشنایی یەكەم ئایەتی سوورەتی (نون)ـدا قسە دەكەم كە یەكەم نموونەی باسی زانست بوو لە گوتارەكەدا كە دەفەرمێت: (سوێند بە نون و بە پێنووسەكان و بەو شتانەیش بە پێنووسەكان دەنووسرین). دیارە خوای گەورە بۆ خۆی سوێند بە هەر شتێك دەخوات خۆی خوایە و وەك ئەو ناكرێ و بۆ هیچ بەندەیەك نییە سوێند بەوشتانە بخوات كە خوا سوێندی پێ خواردوون!
سوێندیش بە هەر شتێك بخوات بەڵگەی گرنگی و گەورەیی ئەوشتەیە و سوێن لەبەر هەر شتێك بخوات بەڵگەی ئەوەیە كە ئەو شتە زۆرجێگای بایەخە بەلای خواوە.
دوای وشەی “نون” دەفەرمێت ”والقلم وما یسطرون”.
قەڵەم، برای زمانە و وەك زمان حوكمی لێ وەردەگیرێت.
لە كاتێكدا كە وشەی قەڵەم تاكە، كەچی وشەی دووەم بە كۆ دێنێت و سوێند بە پێنووسەكە و نووسراوەكانیش دەخوات!
ئایا قەڵەم یەكەم دروستكراوە و فەرمانی پێ درا هەموو شت بنووسێت و ئیتر بۆی نییە چی بنووسێت؟
یان ئەو قەڵەمەیە كە هۆكاری فێربوونە؟
یان هەموو قەڵەم، یان ئەوەی خەڵك پێی دەنووسێت؟
“سطر”دێڕ، لە ڕووی زمانەوە وشەكە بە مانای ڕێكخستنی نووسراو دێت.
كێن كە دەنووسن و ڕێكی دەخەن؟
قەڵەمە وا دەكات؟
لە كاتێكدا وشەی قەڵەم تاكە نووسراوەكان بۆ بە كۆ گوتراوە و وەك كۆ و ئاقڵ حسابی بۆ كراوە؟
سوێند بە چ نووسراوێك خوراوە؟
ئەوەی كە فریشتەكان دەینووسن؟
ئەوانەی لە ”لەوحەلمەحفوز” شت دەنووسنەوە؟
یان ئەو شتانەی خەڵك دەینووسن؟
كۆمەڵێك پرسیاری بێوەڵامن!
گرنگ ئەوەیە كە هەر لە سەرەتای سوورەتەكەوە لەوە تێدەگەین خوای گەورە سوێند دەخوات بە سێ شت:
1. محەمەد پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێ لە هەموو كەس ئاقڵترە .
2. پاداشتی هیچ كەسێك وەك پادشتی محەمەد پێغەمبەر نییە دروود و سڵاوی خوای لێ بێ.
3. محەمەد پێغەمبەر لە هەموو كەس بەڕەوشتترە، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ. دیارە سوورەتەكە بە پیتێكی زمانی عەرەبییەوە دەستی پێ دەکا؛ نون!
جا ئاخۆ ئەوە ناوی سوورەتەكەیە؟
یان ناوی قورئان هەرهەموویەتی؟
یان مەبەست لێی “نەهەنگێكە”، وەكچۆن لە هەشتاوحەفتەمین ئایەتی سوورەتی “ئەنبیا”دا یونسی ناو برد بە خاوەنی نەهەنگەكە و نەهەنهەنگەكەیشی بە “نون” ناوبردووە؟
وذا النون…
یان مەبەست لێی ئەو نەهەنگەیە كە گوتراوە وا لە ژێر حەوتەم توێژاڵ، یان نهۆمی زەویدایە؟
یان ئەو “لەوح”ـەیە كە قەڵەم تیایدا نووسیویەتی؟
یان ئەو شلەمەنی، مەرەكەب “حیبر”ەیە كە سەری قەڵەمەكەی تێ ژەنراوە و ڕەنگی وەرگرتووە و پێی نووسراوە؟
یان ناوێكە لە ناوەكانی خوا و دابەش كراوە بەسەر هەموو قورئاندا وەك “ئەلیف . لام . ڕا” و “حا . میم” و”نون” كە دەبێتە “الرحمن”؟
یان سوێندێكە و خوا دەیخوات بەو سوێندپێخوراوە؟
یان پیتێكە لە پیتەكانی زمانی عەرەبی؟
لە وەڵامی گشت ئەم پرسیارانەدا دەڵێین: زانست بەوەی بۆ بەم پیتی”نون”ـە دەستی پێ كرد؟ ئەوەیە كە ئەمەیش یەكێكە لەو زانستانەی كە خوا خۆی دەزانێ مەبەست لێی چییە و لە بەشی دووەمی قورئانە، كە خوا بۆخۆی لە حەوتەمین ئایەتی سوورەتی “ئالی عیمران”دا ڕووی گوتاری دەكاتە محەمەد پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای گەورەی لێ بێ و پێی دەفەرمێت: “خوای تۆ، ئەو خوایەسە كە نامەیەكی بۆتۆ ناردۆتە خوارەوە كە لە نێویدا ئایەتگەلی وای تێدایە داڕێژراو و مانا زانراون و زۆرینەی كتێیبەكە پێك دەهێنن و هەندێكیشیان “موتەشابیهن” جا ئەو كەسانەی كە دڵیان لەكەدارە و دامەزراو نییە، دێن بە مەبەستی ئاژاوەگێڕی و پشێوینانەوە، وێڵ دەبن و هەوڵی ئەوە دەدەن كە مانای ئایەتەكان بەلاڕێدا ببەن و شوێن بەشە موتەشابیهەكەی دەكەون و خۆیانی پێوە سەرقاڵ دەكەن، لەكاتێكدا زانست بەسەر ئەو بەشە موتەشابیهەی قورئاندا، لە تایبەتمەندییەكانی خوای گەورەیە و زانایان كاریان خۆ بەدەستەوە دانە و دەڵێن: بڕوامان بە گشتی هەیە و هەمووی لەلایەن خواوە هاتووە و كەسانێك بە باشی لەم پەیامە دەگەن كە خاوەنی زیرەكی و هەستیارین، گوتراویشە پیتی واوی لچكێنەر عاتیفە بۆ هەڵوەستەكردن نییە لەسەری لەكاتی خوێندنەوەدا، بەڵكو باسكردنە لەوەی كە زانایانی شارەزایش لەو”موتەشابیهانە” تێدەگەن و بڕوای پێ دێنن”.
جا وەك گوتمان، بڕواداران وەك سەرەتاكانی ئەو سوورەتانەی تری قورئان كە بە پیتە لێكپچڕێنراوەكان دەست پێ دەكات، دەڵێن. “ئەمیش هەمان حوكمی هەیە”.
وەك دەزانین قورئان كە بە زمانی عەرەبییە، زمانەكە لە “بیستونۆ” پیت پێك دێت و ئەو پیتانەیش پێیان دەگوترێت پیتەكانی “هیجا” بە عەرەبی ئاخاوتن پێیان و بریتین لە:
أ ب ت ث ج ح خ د ذ ر ز س ش ص ض ط ظ ع غ ف ق ك ل م ن ه و لا ی
قورئان كە”سەدوچواردە” سوورەتە، سەرەتای “بیستونۆ” سوورەتیان بە پیتی لێكپچڕاوەوە دەست پێ دەكات .
وەك دەبینین سوورەتەكە هەر لە سەرەتاوە بە پەرێزپاكی بەخشینی محەمەد پێغەمبەرەوە دروود و سڵاوی خوای لێ بێ دەست پێ دەكات و بە شێوازی سوێند، خوا گیان سوێند دەخوات بە قەڵەم و بەو شتانەی بە قەڵەم دەنووسرێن.

