رۆژنامەی ھەولێر

دەستپێكی قوتابخانە ڕۆژێك بۆ چاندنی هیواو بونیادنانی ئاییندە

بەکر کەریم حەسەن
(نیلسۆن ماندێلا) گەورە شۆڕشگێڕ و سەرۆكی پێشووتری باشوری ئەفریقیا دەڵێ”پەروەردە بەهێزترین چەكێكە كە دەتوانێت بەكاریبهێنیت بۆ گۆڕینی جیهان”.
كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندن تەنیا بەروارێكی ئاسایی نییە لە ڕۆژمێردا. بەڵكو وەرچەرخانێكی كۆمەڵایەتی، دەروونی زانستیە، ئەو ڕۆژە خاڵی دەسپێكی دروستكردنی ئاییندەی نەوەكانە و هەوێنی نوێبوونەوەی هیواو وزەی كۆمەڵگەیە.
بێگومان لە مێژووی هەر نەتەوەیەكدا ڕۆژانێك هەن كە ئاڕاستەی پاشەڕۆژ و بەهاداری كۆمەڵگە دیاری دەكەن. ڕۆژی یەكەمی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان لە ڕیزی هەرە دیارترینی ئەو ڕۆژانەیە، ئەو ڕۆژە تەنها دەستپێكردنی وەرزێكی فێربوون یان تێپەڕاندنی پەرەكانی كتێب نییە، بەڵكو دەستپێكی گەشتێكی نوێی زانستی و فیكرییە بۆ چاندنی تۆوی باوەڕبەخۆبوون و ڕاهێنان و بنیادنانی عەقلە گەنجەكان.
ڕۆژی یەكەمی خوێندن نەخشەی ڕێگای تەواوی ساڵەكە دەكێشێت. كاتێك قوتابی لە یەكەم هەنگاویدا بە زەردەخەنەی گەرمی مامۆستا، پێشوازی ڕێكوپێكی كارگێڕیی و پاڵپشتی بەردەوامی مامۆستایان و ڕاهێنەران و سەرپەرشتیاران ڕووبەڕوودەبێـتەوە . هەستی نامۆیی و دڵەڕاوكێی دەڕەوێنێتەوە و جێگای خۆی بۆ حەز و خولیا و ئارەزووی لەو ڕۆژەدا و بڕوا بەخۆبوونێك لە دڵی قوتابیاندا دەچێنێت كە بۆ تەواوی ژیانی درێژەی دەبێت. بۆیە ڕۆڵی بەرێوەبەر و دەستەی كارگێڕیی وەكو نەخشەسازی ڕۆژەكەن كە ژینگەیەكی سۆزداری باوكایەتی و دایكایەتی بۆ قوتابیان فەراهەم بكەن كە كەشێكی بە پەڕۆش و پڕ لە ئارامی و هێوری بۆ قوتابیان دروست بكەن بە تایبەتی قۆناغی یەكەم. مامۆستایان كە هەمیشە دڵ و گیانی پڕۆسەكەن ببنە ڕێبەرێك بۆ دروستكردنی پەیوەندی و ئاشنابوونی ئەرێنی و ڕۆژی یەكەم تەرخان بكەن بۆ ناسین و قسەكردن و گوێگرتن وا لە قوتابیان بگەینن كە ئەوان خاوەنی تەواوی پرۆسەكەن و خاوەن ماڵن و هەرگیز هەست بە دڵە ڕاوكێ و ڕاڕایی نەكەن و ئەوپەری ئاسودە و حەساوەبن. پێویستە لەو ڕۆژەدا بەرێوەبەر و دەستەی كارگێڕیی و مامۆستایان ئەزمونێكی بەخشندە و ڕێزلێگراو خۆشەویستی بۆ قوتابی بچێنن، ئەوەش دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ تەواوی ساڵەكە كە قوتابی بەخۆشەویستی و خولیاوە ڕوو لە فێربوون بكات.
ئەوساڵ پێش دەسپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن ڕاهێنەران ڕۆڵێكی ئەرێنی و گەرم و گوڕیان بەخشی بە پڕۆسەكە وەكو هاوبەشی ڕاستەقینەی گەشەپێدان و پاڵپشتیكاری سەرەكی پڕۆسەكە ،گرنگە لە ڕۆژانی یەكەم و دووەم و ڕۆژانی تریش سەردانی كورتی قوتابخانە بكەن بەهەمان شێوە سەرپەرشتیارانیش كاتێك بە روحیەتی ڕێنیشاندەر و هاوكار پێ دەنێتە ناو قوتابخانە ورەی تەواوی دەستەی فێركاری بەرز دەكەنەوە لێرەدا ڕۆڵی پەروەردەكاران لە ڕاهێنەران و سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەر و مامۆستایان بەدیار دەكەوێت تاوەكو قوتابخانە بكەنە ڕوبەرێك بۆ ڕاهێنانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە. نووسین و دەربڕین و گەشەپێدانی بەهرە جیاوازەكان، نەك تەنها وەرگرتنی زانیاری ڕووت.
لە كۆتاییدا پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن وەكو شانۆیەكە كە جوانییەكەی لە هاوئاهەنگی و هاوكاری ئەكتەرەكانیدایە، كاتێك مامۆستا بڕوای بێسنوری بە تواناكانی قوتابیەكەی دەبێت و قوتابیش مامۆستا وەك ڕێبەر و چرای ڕووناكی دەبینێت. پەیوەندییەكی پیرۆز دروست دەبێت، قوتابی و مامۆستا لە ناو پۆڵدا تەنها دوو ڕەگەزی سەربەخۆنین، بەڵكو دووباڵی یەك فڕینن بەبێ یەكتری ناگەنە لوتكە. وەرزی نوێی خوێندن دەرفەتێكی زێڕینە تا بڕوا بەخۆبوون و هاوكاریی دەستەجەمعی دەرگاكانی داهاتوو بپێكین و نەوەیەك پەروەردە بكەین كە شانازی پێوە بكات.
لە كۆتاییدا ساڵی نوێی خوێندنی(2026/2027)لە سەرجەم قوتابیانی ئازیز و مامۆستایانی قەدرگران پیرۆز دەكەین و ئومێدەوارین ساڵێكی پڕ لە بەخشین و كۆشش و بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەییەكان بێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی