نووری بێخاڵی
(سەیدایێ تیرێژ) هەر بە تەنیا ناوێک نییە لە مێژووی ئەدەبیاتی ڕۆژئاوای کوردستاندا، بەڵکوو دەنگێکی ڕەسەن و ڕەوتێکی شیعریی تایبەتە، کە توانی لێواری فۆلکلۆر و ڕەسەنایەتیی کوردی بە مۆدێرنیتەی نەتەوەیی ببەستێتەوە.
لە قۆناغێکدا کە ناسنامەی کوردی ڕووبەڕووی سڕینەوە و بێدەنگکردن ببووەوە، شیعرەکانی (تیرێژ) وەک پردێک لە نێوان کولتووری زارەکیی گەل و هۆشیاریی سیاسیی نوێدا دەرکەوتن و ئەو توانی زمان بکاتە قەڵایەک بۆ پاراستنی بوون و مێژووی نەتەوەیەک.
ناوەڕۆکی شیعرەکانی ئەو لەسەر بنەمای واقیع و ژینگەی دەوروبەری داڕێژراون، چونکە ئەو شاعیری ناو حوجرە و پاشان شاعیری ناو خەڵک و کۆڵانەکانی حەسەکە و عاموودێ بوو، ئەم پاشخانە دەوڵەمەندەش وای کرد واقیعی ژیانی سادەی گوند و جوانیی زۆزان و چیاکانی کوردستان بە شێوازێکی جوان و سادە وێنا بکات.
ئەم تێکەڵکارییە لە نێوان جوانیی سروشت و ئازاری نیشتماندا، بە قووڵی لە یەکێک لە شاکارە هەرە ناسراوەکانیدا بە ناوی شیعری (ئەی بلبلێ دلشاد) ڕەنگ دەداتەوە. (تیرێژ) لەم شیعرەدا هێمای کلاسیکیی (بولبول) بەکار دەهێنێت، بەڵام دۆخەکە بۆ دیالۆگێکی فەلسەفی و نەتەوەیی نێوان خۆی و باڵندەکە دەگۆڕێت.
لەو دەقەدا بولبول تەنیا باڵندەیەکی ئاسایی نییە کە بۆ گوڵ بخوێنێت، بەڵکوو هێمایەکە بۆ خودی شاعیر و ڕۆحی بێداربووی تاکی کورد کە لە نێوان شادیی سروشتی کوردستان و ژانی ژێردەستەییدا دەتلێتەوە.
شاعیر کاتێک هاواری لێ دەکات و دەڵێت:
ئەی بلبلێ دلشاد هەلا وەر بکە فیغان
دەردێ مە گرانە ئەی برا برینا مە کوورە
گۆری تە بکن جەرگ و دل و مێلاگ و هەم جان
دەنگێ تەیە خوەشتر ژ نەی و نای و بلوورە
شاعیر لەم دوو دێڕەی سەرەتای دەقەیدا دووانەیەکی ستاتیکیی ناوازە دەسازێنێت؛ شادی بۆ جوانیی خاک و نیشتمان و کەسەر و خەمیش بۆ دۆخی کۆتوبەندکراوی گەلەکەی.
ڕاستییەکەی، ئەم شیعرە ئاوێنەی تەواوی جیهانبینیی (تیرێژە)، کە تێیدا بێدەنگیی سروشت دەشکێنێت و هانی بولبول دەدات کە لە جیاتی شیوەنی بێ سوود، نەغمەی ئازادی و ڕزگاری بچڕێت و ببێتە دەنگی ڕاستەقینەی بەهار و نیشتمان.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرنجدانێکی وردتر لەم تێکستە لیریکییە نیشمانپەروەرییەدا، دەمانباتەوە سەر ڕەهەندێکی دراماتیکی و پڕ لە ناسۆر کە تێیدا شاعیر داخی قووڵی خۆی لە دیاردەی (خۆخۆری) و پەرتەوازەیی ناوخۆیی کورد دەردەبڕێت.
دەستێ تەوقەیێ ئیرۆ کو ئەم هەر و هەر بدن هەڤ
چەند سال و زەمانێن د خەراب ئەم ژین دگەل هەڤ
دنیا ب خوە دەورانە دگەر گەهـ رۆژە گەهـ شەڤ
گەهـ تاری و دوومانە و گەهـ رەوشەن و نوورە
لای (تیرێژ)، هۆکاری سەرەکیی مانەوە لەم دۆخە خەمناکەدا تەنیا دڕندەیی داگیرکەران نییە، بەڵکوو نەبوونی ویستێکی ناوخۆییە بۆ ئاشتەوایی و ڕەتکردنەوەی تەوقەی برایەتی. ئەم خۆخۆرییە لە کاتێکدایە کە کورد لە ژێر چنگ و ددانی چوار گورگی هاری داگیرکەردایە، دوژمنگەلێک کە بێبەزەییانە دەستیان ناوەتە بیناقاقای خاک و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە ستراتیژییەتی جیاواز؛ خەریکی پارچەپارچەکردنی ئەم جەستە ماندووەن.
چار هاویر مە دز و کەلەشن تەڤ دانە دژمن
مە ژ هەڤرا دقەتینن بڕ ب بڕ حەیف و مخابن
قەت چارە و هێڤیا مە نەمایە بلبلێ من
مەیدانە ژ بۆ هرچ و چەقەل گور زوورە زوورە
(تیرێژ) لە ڕێگای گوتارە ڕەخنەییەکەیەوە دەیسەلمێنێت، کە ئازاری ناپاکییە بچووکەکانی ناوخۆ و نەسازان بەرامبەر دۆزی هاوبەش، زۆر بەسوێترە لە زەبری دوژمنانی دەرەکی، چونکە یەکگرتوویی دەتوانێت قەڵای هەرە پۆڵایین بێت بەرامبەر گورگە برسییەکان، کەچی بێباکی و ناتەباییی ناوخۆیی، پێش هەموو شتێک ڕێگا بۆ زیاتر پارچەکردنی جەستەی نیشتمان خۆش دەکات. بۆیە داوا لە بولبول دەکات کەمێک لای هەڵنیشێت تا دەردەدڵی خۆی بۆ بکات، دەردەڵی ئەوەی کە نیشتمانەکەی بۆتە مەیدانی تەڕاتێنی داگیرکەرانی دڕندە و جانەوەر و شمشێری بێبەزەییان وا بەسەر گەردن و ملی ڕۆڵەکانی گەلەکەی و دەڵێت:
مەیدانە ژ بۆ هرچ و چەقەل رۆڤی و کەفتار
گۆری تە مە بلبل ژ سەرێ دارێ تو وەر خوا
دا پێکڤە مژول بم ب خوە چەند رۆژێن د دژوار
ئیرۆ ل مە فەرمانە ل سەر گەردەنێ شوورە
ئەم جۆرە شیعرانە بەرجەستەکاری ڕەهەندی ستاتیکی و هونەریی تایبەتی (تیرێژ)ن، کە دەکرێت بە (سادەیی مەزن) ناوزەد بکرێت، چونکە ئەو زمانێکی زۆر ڕەوان و پاراوی بەکار هێناوە، کە دوورە لە ئاڵۆزیی زمانەوانی، بەڵام لە هەمان کاتدا قووڵاییەکی فەلسەفی و دەروونی لەخۆ دەگرت.
هاوکات میوزیکی ناوەکی و کێشی لیریکی و توندوتۆڵی هۆنراوەکانی، وای کردووە بە ئاسانی ببنە گۆرانی و بچنە سەر زاری خەڵک و هونەرمەندان، بە جۆرێک کاتێک گوێبیستیان دەبین، وێنە شیعرییە زیندووەکانی وەک تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ لەبەردەم چاوماندا زیندوو دەبنەوە. ئەم لایەنە هونەرییەش بە تەواوی لە خزمەت پەیامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەیدایە، چونکە بۆ ئەو، شیعر تەنیا جوانییەکی ڕووت نەبوو، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و چەکێکی هۆشیاری بوو کە پێی وابوو نەبوونی یەکێتی و نەزانین؛ دوژمنە گەورەکانی کوردن.
دواجار، نووسینی ئەم شیعرە بەپێزانە بە زمانی دایک لەو سەردەمەدا، خۆی لە خۆیدا شێوازێکی بەرگریی بێدەنگ بوو، کە دواجار توانی شیعر لە بازنە تەسکەکەی دەستەبژێر دەربهێنێت و بیباتە ناو قووڵایی جەماوەرەوە و تا ئێستاش وەک (تیرێژ)ەکانی خۆر، کایەی ئەدەبیاتی کوردی ڕووناک بکاتەوە.

