یاسین قادر بەرزنجی
هونەرمەندی موزیسیان کاک غەمگین فەرەج بەهرەیەکی درەوشاوەی دنیای موزیک و ئاوازی کوردییە، لە منداڵییەوە عەشق و خولیای موزیک پەلکێشی کردووە بۆ ئەو جیهانە جوان و پڕ لە ئەفسوونە،
لە ١٠ ساڵیدا پەیوەندیی بە تیپی موزیکی پیرەمێردەوە دەکات کە مامۆستا سەلاح ڕەووف سەرپەرشتیاری بووە، سەرەتا ژەنیاری ئامێری ئۆکۆردیۆن بووە، دواتر هەر لەو تیپەداو وەک دۆستێکی تیپی موزیکی سلێمانی بووەتە ژەنیاری ئامێرەکانی ترامپێت و ڤایۆلین و لە چالاکییەکانی هەردوو تیپدا بەشدار بووە.
ساڵی ١٩٨٩ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواو کردووەو لە ساڵانی خوێندنیدا لە سەرجەم ڤێستیڤاڵ و چالاکییەکانی پەیمانگادا بەشدار بووە، ساڵانی ١٩٩١ تا ١٩٩٦ بووەتەوە بە مامۆستا لە بەشی موزیکی پەیمانگای ناوبراودا.
ساڵی١٩٨٩ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی موزیسیان و گۆرانیبێژی لە تیپەکانی پیرەمێردو نەورۆز جیادەبنەوە بە ئەزموون و بیرۆکەی نوێوە لە بەشی موزیکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورددا لە سلێمانی بەردەوام دەبن.
لە کۆمەڵ گەلێک بەرهەمی موزیک و گۆرانی بە فۆرمی جیاوازو نوێ، هەر لە نمایشی سەر شانۆو بەرهەمی تەلەفزیۆنی و ئەلبوومەوە تا دەگات بە سیمیناری تایبەت بە موزیک پێشکەش دەکەن کە لە زۆریاندا جێدەستی ئەم هونەرمەندە دیار بوون.
کارەکانی کۆمەڵ مایەی رەزامەندیی خەڵکی بوون، لەوانە (فۆرمی موزیکی گەشە) ی (غەمگین) کە فۆرمێکی زانستی و شێوازێکی نوێ بوو لە موزیکی تەنیاو بێ گۆرانی.
هەر لەو کاتانەدا بەهجەت یەحیا (ئەی دایە گیان) و عەدنان کەریم (ئەی هاوسەرە ئازیزەکەم) یان وەک فۆرمێکی نوێی گۆرانی وت، کە هەردووکیان لە ئاوازو موزیکی غەمگین بوون.
ئەم هونەرمەندە هەمیشە لە خەمی ئەوەدا بووە کە موزیک و گۆرانی کوردی بە فۆرم و شێواز و ئەفراندنی نوێوە پێشکەش بکرێن.
تواناکانی غەمگین هەمیشە درەوشاوە بوون، بە ئەزموونی نوێوە هاوکاریی هونەرمەندانی کردووە، ئاوازو موزیکی بۆ زۆر هونەرمەند داناوە، لەوانە :
پەیمان عومەر، دیاری قەرەداخی، عەبدولقادر حەسەن، رازاو عومەر، تارا ڕەسوڵ، حەمە ڕەووف کەرکوکی، ئەمەل سەعید کوردە، پەیوەند جاف، نەریمان بابان و ڕۆژ کەریم .
لە ساڵی ١٩٩٧ ەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە وڵاتی سوید دەژین و لە ئێستادا لە شاری ئۆپسالا لەگەڵ خاتوو دالیای هاوسەری بەڕێزی، سەرپەرشتیی گروپ و کۆڕی دیلان دەکەن، بەهاوکاری هاوسەری و هەردوو منداڵەکەیان سیدییەکیان بۆ منداڵان بە ناوی (گۆرانی وردیلەکان) ەوە بە هەردوو زمانی کوردی و سویدی بەرهەم هێناوە.
ئەم هونەرمەندە فرە بەرهەمە موزیکی بۆ یادو بەرهەمە زیندووەکانی هەریەک لە هونەرمەندانی گەورە تایەر تۆفیق و ماملێ و قادر کابان داناوەو (وەک خۆی دەڵێت) هەوڵێک بوون بۆ سەرهەڵدانی موزیکی ئەبستراکت.
غەمگینی هونەرمەند هەمیشە لەگەڵ ڕووداوە پڕ لە ژانەکانی نەتەوەکەیدا ژیاوە : *ساڵی ١٩٩٦ کۆراڵی(ئافاتی شەڕ) ی لە ڤێستیڤاڵی پەیمانگای هونەرە جوانەکاندا پێشکەش کردووە، لە شیعری د.ئاراس عەبدولکەریم کە دژ بە شەڕی ناوخۆو مەرگەساتی شەڕی ناوخۆی کوردستان بووە.
*هەروەها خاوەنی ئاوازو موزیکی کارێکی ئۆرکسترایی کۆراڵییە بە ناوی (پانۆرامای خەڵاتی مەرگەسات) تایبەت بە ئەنفالی کوردان، لە شیعری مامۆستا شێرکۆ بێکەس و هەریەک لە هونەرمەندان عەدنان کەریم و کیژان ئیبراهیم و دیاری قەرەداخی بە دەنگ بەشدار بوون.
خاوەنی کتێبی(دەروازەیەک بۆ بۆتەکانی موزیک)ە کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ خوێندکارانی موزیک و بابەتێکی زانستییە بۆ رەگەزە گرنگ و بونیادنەرەکانی موزیک، وێڕای خستنە ڕووی فەرهەنگێک لە پەیڤ و زاراوەکانی موزیک.
هونەرمەند عەدنان کەریم هاوڕێی دێرین و هاوکاری کاکە غەمگین، سەبارەت بە هونەرمەند دەڵێت :
[ هاورێ و برام کاک غەمگین فەرەج هونەرمەندێکی پڕ لە هەست و ئاوازو نەغمەی مۆسیقایە، هەر کە دەستی کرد بە هونەر لە تەمەنێکی لاویدا توانی خۆی بێت و مۆسیقاکانی مۆرک و پەنجەمۆری خۆی پێوە بوون، ئێمە هەر لە سەردەمی تیپی مۆسیقای پیرەمێردەوە خونچەی گوڵی هونەرمان گرت، کاک غەمگین مۆسیقای بۆ زۆر لە ئاوازەکانم داناوە کە ئێستا جەماوەر بە ئەندازەی خۆم شیعری گۆرانییەکانیان لەبەرە، دیارترینیان؛ ماهی من، ئەڕۆی ئۆغر، شەوی یەڵدا و چەندینی تر].
بەهیوای سەرفرازی و بەرهەمی نوێم بۆ هونەرمەندی هەڵکەوتوو کاک غەمگینی هەمیشە ئازیز.

