ئاری ئاغۆک*
بەشی دووەم و کۆتایی
*پاشماوە ژینگەییەکان
-پێناسەی پاشماوە
لەڕووی ژینگەییەوە پاشماوە، ماددە یا کەرستەیەکە کە بەکارهێنراوە و فڕێدراوە و هیچ بەهایەکی ڕاستەوخۆی بەکارهێنانی بۆ خاوەنەکەی نەماوە و ئەگەری هەیە ژینگە پیس بکات.
بێگومان ئەو پێناسە گشتگیرە پێمان دەڵێت، بە شێوەیەکی گشتی مرۆڤەکانی سەر ڕووی زەوی وەک بەکارهێنەر بەشێکی گەورەن لە هۆکاری پاشماوە و فڕێدانیان بۆ سەرزەوی کە دواجار هەر مرۆڤە زەرەرمەندی یەکەم، لە ئەنجام دا مەترسی پیسبوونی ژینگە بەرەو زیاتر دەچێت، بۆیە دەبێت بەرنامە و پلانێک دابرێژرێت تاوەکو دەرچەیەک بدۆزرێتەوە بۆ کەمبوونەوەی ئەم مەترسیە گەورەیەی ئێستا و ئایندە، کە سەرەکیترینیان بریتییە لە دووبارە بەکار هێنانەوە، ئەم بابەتە ئەگەر لە ناوەندەکانی خوێندن بە ووردی کاری لەسەر بکرێ، ئەوا دەبێتە هۆکارێکی کاریگەر بۆ کەمبوونەوەی زیانە ژینگەییەکان.
بۆیە دەستنیشانکردنی ئەم باتە لە ناوەندەکانی خوێندن و جێبەجێکردنی، ئەوا لە ئەنجام دا کاریگەری لەسەر قوتابی و مامۆستا و خێزان دەبێت.
*جۆرەکانی پاشماوە بەگشتی
ئەو پاشماوانەی فڕدەرێتە سەر زەوی و ژینگە پیس دەکەن، چەند جۆرێکن و هەریەکەیان کاریگەری خراپی خۆی هەیە بۆ ئایندە، بەشێک لەو پاشماوانە لە ناوەندەکانی خوێندنەوە پەیدادەبێ، دەکرێ مامۆستایان لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ڕێگا چارەیەک وەک هۆشیاری بە قوتابیان بگەیەن بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر ژینگە و ژیان و تەندروستییان نەبێت، وەک ئاماژەی پێکراوە ئەوانیش بریتین لە:
-پاشماوەی ڕەق.
-پاشماوەی شل.
-پاشماوەی گازی.
-پاشماوەی ژینگەیی/ ئۆرگانی، پاشماوەی مەترسیدار.
-پاشماوەی قوتابخانە و خوێندنگاکان
بە بۆچوونی من ئەم خاڵە زۆر گرنگە، مەبەست و ئامانجەکە دەتوانین لێرەدا بیگەیەنین، ئەویش لە کارەساتێکی مەترسیدارەوە بەرەو کەمبوونەوە و ڕێگە چارەی گونجاو، پاشماوەکان ناوەندەکانی خوێندندا لە باخچەی منداڵانەوە تا قۆناغی ئامادەیی بریتین لە:
١-پاشماوەی کاغەز و کارتۆن.
٢-پاشماوەی خواردن.
٣-پاشماوەی پلاستیکی.
٤-پاشماوەی شوشە و تەختەو کانزاکان.
بەشێوەیەکی گشتی ئەم پاشماوانە لە ناوەندەکانی خوێندن بوونی هەیە، ئەمەش بە هۆی ژمارە و بەریەککەوتن و بەکارهێنانی قوتابی لە فێرگەیەکەوە بۆ فێرگەیەکی تر ڕێژەکەی دەگۆڕدرێت، بەڵام لە کۆی گشتی بەپێی داتا و زانیاریی و ئەزموونی کارکردن و سەردانە مەیدانییەکانمان ئەوەمان بۆ دەدرەکەوێ، کە ناوەندەکانی خوێندن سەنتەرێکی گەورەن بۆ پاشماوە ژینگەییەکان. کەواتە دەبێت لەلایەن (ڕاهێنەر- مامۆستا- کارگێری قوتابخانە- فرۆشگا) هەوڵبدرێت ئەو مەترسییە بگۆڕدرێت بۆ کەمبوونەوە ئەویش لە ڕێگەی (هۆشیاری ژینگەیی، ریسایکلین، جیاکردنەوە، بەکارهێنانی لە چالاکی هونەری ، ،،،، هتد)
دواجار ئەنجامێکی باشی دەبێت بۆ ژینگە و زەوی و ژیان، بۆیە ئەم خاڵ و بابەتەی ئەم پڕۆژەیە بە دەرچەیەکی باشی گۆڕانکاری ژینگەیی دەزانم بەرەو باشی و هۆشیاری و تێگەیشتنی زیاتر.
*کاریگەرییەکانی:
-کاریگەری لەسەر مرۆڤ
وەک ئاماژەم پێکرد پاشماوە ژینگەییەکان کاریگەری خراپی لەسەر کۆی ژینگە و ژیان هەیە، بۆیە هەرچەندی ئەو پاشماوانە کەمتر بکەینەوە ئەنجامی باشتر دەبینرێت، جا هەر یەکێکمان لە شوێن و پێگەی خۆمانەوە دەبێت دەست پێ بکەین، یەکێک لەو شوێنانە (ناوەندەکانی خوێندنە) کە بە سەنتەری گۆڕانکاری هزری و پەروەردەیی و ڕۆشنبیری دادەنرێت، بۆیە دەرفەتێکی زێرین لەبەردەم مامۆستایان و ڕاهێنەرانە وەک ئەرکێکی وەزیفی، وەک ویژدان ئاسودەیی، هەروەک چۆن لە پێشتر هەوڵدراوە، ئەوا ئەمساڵ زیاتر و بەفراوانتر، بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە زیاتر گرنگی بە چەمکی ژینگە پارێزی بدێت بەگشتی و بەتایبەت کاریگەریە خراپەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ بخرێتەڕوو، هەروەک لەم پڕۆژەیەدا ئاماژەی پێکراوە بریتین لە:
-دروستبوونی کێشەی هەناسەدان بەهۆی سوتاندنی پاشماوەکان و پیسبوونی هەوا.
-مەترسی تەندروستی بەهۆی پیسبوونی ئاو و خواردن.
-تووشبوون بەماددەی کیمیایی و ژەهراوییە زیانبەخشەکان.
-زیادکردنی مەترسیە تەندروستییەکان لەناو کۆمەڵگا بەتایبەتی( مەترسیەکانی نەخۆشییە گواستراوەکان بەهۆی مێش، مەگەز و ئاژەڵ).
*کەم کردنەوەی سەرچاوەکانی پاشماوە لە ناوەندەکانی خوێندن
وەک ئاماژەم پێکرد دەبێت چەند ڕێگەیەک بدۆزینەوە تاوەکو لە ناوەندەکانی خوێندن (وەک گرنگترین شوێن) وەک پرس و بابەتێکی مەترسی سەردەم هەوڵی گۆڕانکاری ئەرێنی بدەین، ئەمەش بەر لە هەموو شتێک کلیلی چارەسەرەکان لەلایەن ڕاهێنەران و مامۆستایانی خەمخۆر و دڵسۆزەوە سەرچاوە دەگرێ، ئەو هەنگاوانەی لەم پڕۆژەیەدا کە لەبەشی سێیەم دایە، ئەوا هەنگاو و خاڵی گرنگن بەڵام هێندە زەحمەت نین ئەگەر هەر یەکەمان وەک پەروەردەکارێک کاری لەسەر بکەین ئەوانیش بریتین لە:
-کەمکردنەوە و بەکارهێنانی پێداویستی بەپێی پێویست.
-کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاغەز( بەکارهێنانی پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ ئەرک و چاپکردنی نوسراوەکان لەسەر هەردوو ڕووی کاغەز.
-سنووردارکردنی پلاستیکی یەکجار بەکارهاتوو، بەکارهێنانی بوتڵ و قاپی هەمیشەیی لەلایەن قوتابییان و مامۆستایانەوە.
-هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و خێزان لەسەر گرنگی کەمکردنەوەی پاشماوە.
ڕۆڵی مامۆستا و قوتابی لە بەڕێوەبردن و کەمکردنەوەی پاشماوە.
-ڕۆڵی مامۆستا
لە ناوەندەکانی خوێندن دا مامۆستا ئەرکی تەنیا وانەگوتنەوەو گەیاندنی زانیاری نیە، بەڵکو بەشێکە لە گۆڕانکاری پەروەردەیی، وەک ڕێبەڕێکی ڕۆشنبیریی دەتوانی بیرکرنەوەو ڕەوشتی قوتابی و کۆمەڵگە بگۆڕدرێت، بۆیە لەتەک ئەو گۆڕانکارییە هزرییانەدا دەتوانی ڕۆشنبیری ژینگەیی بخاتە نێو هزر و دیدی قوتابی، بەتایبەتی لەو خاڵە جەوهەرییەی کە لەم پڕۆژەیەدا ئاماژەی پێکراوە ئەویش (کەمکردنەوەی پاشماوەیە).
بەشێوەیەکی گشتی مامۆستا ڕۆڵێکی ئێجگار باش دەبینێ لەم بابەتە گرنگە، کەواتە لە نەخشەڕێگای ئەم پڕۆژەیەدا مامۆستا ئامرازێکی گرنگە بۆ گۆڕانکاری هەر وەک ڕێگاکان وەک ڕێبەرێک بۆ مامۆستایان دەستنیشانکراون وەک ئاسانکاری و بەرچاوڕونییەک، ئەوانیش بریتین لە:
-مامۆستا بەکرداری دەبێتە سەرمەشق لە بەکارنەهێنانی پلاستیک.
-مامۆستا ئاسانکار و ڕێنیشاندەری چالاکییە ژینگەییەکان دەبێت.
-مامۆستا هانی قوتابی دەدات بۆ گۆڕینی ڕەفتاری نەرێنی بەرامبەر پاشماوەکان.
-مامۆستا چەمکەکانی ژینگە و بەڕێوەبردنی پاشماوەکان بە قوتابییان دەناسێنێت.
بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر ئەم خاڵانە کاری لەسەر بکرێت، دڵنیام ئەنجامێکی باشی دەبێت لە ڕووی کەمکردنەوەی پاشماوە ژینگەییەکان بەدی دەکرێت.
-ڕۆڵی قوتابی
قوتابی لە قوتابخانە ئەرکی تەنیا خوێندن و فێربوونی زانست و زانیاری نیە، بەڵکو بەشێکە لە تەواوکەری پڕۆسەی پەروەردە، کە دەڵێین پەروەردە واتە ڕەوشت، ڕێز، ژینگەدۆستی ،،،،هتد.
بۆیە ڕۆشنبیری و پەروەردە و هۆشیاری ژینگە تەواوکەری ئەو ڕێگەیەیە کە کۆمەڵگەیەکی تەندروستی لەسەر بنیات دەنرێ. لەم ڕوانگەیەوە قوتابی دەبێتە هاوبەشێکی گرنگ لەم پرۆسە چارەنووسسازەدا.
*لەبەشی چوارەم لە ڕۆڵی جێبەجێکردنی کرداری، ڕۆڵی قوتابی لە بەڕێوەبردن و کەمکردنەوەی پاشماوە بەچەند خاڵێک دەستنیشانکراوە، ئەوانیش بریتین لە:
-فڕێنەدانی پاشماوە لە زەوی و دانانی لە سەبەتەی گونجاو.
-جیاکردنەوەی پاشماوەکان. وەک (کاغەز، پلاستیک، شوشە و پاشماوەی خواردن).
-کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەو شتانەی بۆ یەکجار بەکاردێن.
-دووبارە بەکارهێنانی کەرەستەی قوتابخانە، وەک دەفتەر، کتێب، …هتد
-بەشداریکردن لە چالاکیە ژینگەییەکان( پاککردنەوە و ریسایکڵکردن).
-گواستنەوەی هۆشیاری ژینگەیی بۆ هاوڕێ و خێزان.
سەرجەم ئەو خاڵانە دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی پاشماوە، لە قوتابخانە و دەرەوەی قوتابخانە، بۆیە لەم پڕۆژەیەدا گرنگە ڕاهێنەران و مامۆستایان هاوکاربن بۆ بە کرداریکردن و جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە ئەرێنییانە.
*چەمک و بنەماکانی پەروەردەی ژینگەیی
لەم بەشەدا زۆر بەفراوانی، بەشێوەیەکی (زانستی- ڕۆشنبیری- هۆشیاری) باس لە پەروەردەی ژینگەیی کراوە، بێگومان ئامانجی گشتی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە، کە قوتابی لەتەک فێربوون و تێگەیشتن و زانیاری وەرگرتن، ئەوا لە فۆڕمی پەروەردەی ژینگەیی دا خۆی لە گۆشەیەکی ئەم پەروەردەیەدا بدۆزێتەوە، لەم بەشەدا بەفراوانی بە تێگەیشتنێکی قوڵ گرنگی ئەم تەوەرانە خراونەتە ڕوو، ئەوانیش بریتین لە:
١- پەروەردەی ژینگەیی چییە؟
٢- ئامانجی پەروەردەی ژینگەیی
٣- جۆرەکانی پەروەردەی ژینگەیی:
أ- پەروەردەی ژینگەیی ڕاستەوخۆ.
ب- پەروەردەی ژینگەی ناڕاستەوخۆ.
٤-تایبەتمەندییەکانی ژینگە.
کۆی گشتی ئەم بنەمایانە لە خزمەت ژینگە و ئاراستەکانی ژینگە دایە بە دیدێکی ڕوون، بۆیە پێویستە مامۆستایان ناوەڕۆکی ئەم پەیام و ئامانجانە بگەیەننە قوتابیان، بۆ ئەوەی ئەوانیش لە ژیانی ڕۆژانەیان دا ڕەنگ بداتەوە.
*ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە پڕۆسەی هۆشیاری ژینگەیی.
ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە هەر پرۆسە و بابەتێک دا ئەرکی تەنیا گواستنەوەی زانیاری نیە، بەڵکو لەڕێگەی پەیامێکی ئامانجدارەوە دەبێتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، بۆیە لە پڕۆسەی هۆشیاری ژینگەیی دا ئەرکی ڕاگەیاندن بریتیە لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و بەرپرسیار.
لەم پڕۆژەیە دا ئەم پرس و بابەتەش فەرامۆش نەکراوە، بەڵکو لەتەک چەمکەکانی دیکە، ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە پڕۆسەی هۆشیاری ژینگەیی ئاماژەی پێکراوە. لە فۆڕمێکی گشتی دا، ڕێژەی دابەشبوونی کاریگەرییە ژینگەییەکان خراوەتەڕوو، ڕەنگە تێبینی ئەوەمان هەبێت، ئایا ئەم داتا و زانیاری و دابەشکارییە لەسەر چ بنەمایەکە؟ بەڵام بە شێوەیەکی گشتی سەرجەم لایەنەکان خراونەتەڕوو، کە بەم شێوەیە:
-پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و کەسایەتییەکانیان٪٢٥
-سیستەمی پەروەردە و فێرکاری ٪٢٠
-میدیای کلاسیک و ڕاگەیاندن ٪١٥
-ڕێکخراوە ژینگەییە ناحکومییەکان ٪١٢
-دامەزراوە حکومییەکان ٪١٠
-کەسایەتییە ناسراوەکان ٪٨
-کەرتی تایبەت و بزنس ٪٦
-ناوەندە ئاینی و کەلتوورییەکان ٪٤
*شێوازەکانی گەیاندنی پەیام لە پڕۆسەی هۆشیاری ژینگەیی و ڕێژەی کاریگەری پەیامی مامۆستایان لە هۆشیاری ژینگەیی.
لە ستراتیژ و نەخشەی ڕێگای ڕاهێناندا، پرسی ژینگە، تەنیا گواستنەوەی زانیاری نیە، بەڵکو دەبێتە پەیوەندییەکی فراوان لە هۆشیاری و گەیاندن و بەکرداریکردن و دواتر ڕەنگدانەوەی لە ژیانی قوتابی، ئەمانە هەمووی لە ڕێگەی ڕاهێنەرەوە بۆ مامۆستا، پاشان لە هەگبەی مامۆستاوە بۆ قوتابی، بۆیە وەک بازنەیەکی پەروەردەیی و ژینگەیی دەبێت ئەنجامی دیاری بکرێت.
لێرەدا نابێ ئەوەش لەبیر بکەین کە هەر مامۆستایەک شێواز و پەیامی گەیاندنی تایبەت بە خۆیەتی بەڵام لە کۆتایی دا لە خزمەت قوتابی و خێزان و کۆمەڵگە دابێت.
*پێوەری سەرکەوتن و بە دیجیتاڵکردنی پڕۆژەی هاوڕێی ژینگە
-بەشی یەکەم: ڕێبەری ژینگەیی
بریتیە لەو پەروەردکار یان ئاراستەکارەی کە خاوەن زانیاری، کارامەیی و هۆشیارییەکی قوڵی ژینگەییە و توانای هەیە، ئامانجە ژینگەییەکان لە چەمکی تیۆرییەوە بگوێزێتەوە بۆ هەڵسوکەوت و کرداری ڕۆژانە.
لەم چەند دێرەی سەرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە هەڵسوکەوتەکان لە کرداری ڕۆژانەوە دروست دەبن، بۆیە چەندی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکان پەروەدەییانە بن، ئەوا وەک رێبەرێکی گرنگی ژینگەیی لە خزمەت پرۆسەی پەروەردە و ژینگە و قوتابخانەدایە.
*ڕێبەری ژینگەیی لە ناوەندی خوێندن دا کاردەکات بۆ:
-بەهێزکردنی کولتووری ژینگەپارێزی.
-پاکڕاگرتنی ژینگە.
-ڕێگریکردن لە بە فیڕۆدانی سەرچاوە سروشتییەکان (ئاو و وزە).
-ئیدارەدانی دروستی پاشماوەکان لە نێو قوتابییان، خێزان و کۆمەڵگە دا.
*مامۆستا چۆن دەبێتە ڕێبەری ژینگەیی؟
لەم بەش و ناونیشانەدا، دەگەڕێینەوە سەر ناوەڕۆک و پەیامی گشتی ئەم پرۆژەیە، کە یەکێک لە هەنگاوەکان بریتیە لە گرنگیدان بەچەمکی ژینگە و ژینگەپارێزی ، لێرەدا مامۆستا وەک ڕێبەر و دەستنیشانکەر، قوتابیش وەک هاوڕێی ژینگە، کەواتە مامۆستا دەبێت ئەرکە پیشەیی و مرۆییەکەی بگەیەنێت، ئەویش دروستکردنی کەشێکی ژینگەیی بۆ قوتابی و گۆڕینی هەڵسوکەوت و ڕەفتار و دیدی بۆ ڕوانگەیەکی فراوانتر، کە لە دواجار دا لەخزمەت قوتابخانەو خێزان و کۆمەڵگا دایە.
لێرەدا لەم تەوەرەدا زۆر بەڕوونی و فراوانی لە چەندین گۆشەوە، لایەنەکانی ڕێبەری ژینگەیی ئاماژەی پێکراوە،کە مامۆستا دەتوانێت ببێتە ڕێبەرێکی ژینگەیی سەرکەوتوو لە ڕێگەی گرتنەبەری ئەم ئامراز و هەنگاوە پراکتیکییانە:
-دارشتنی پلانی ساڵانەی ژینگەیی.
-بوون بەنموونەی بەرزی هەڵسوکەوتی ژینگە پارێزی.
-گۆڕینی شێوازی فێرکاری بۆ فێربوون لە ڕێگەی کردارەوە.
-ڕێکخستنی یانەی ژینگەیی و رابەرایەتیکردنی پڕۆژەکان.
-دروستکردنی هەماهەنگی نێوان دەستەی کارگێری، مامۆستایان وخباوان و زامنکردنی.
-تۆمارکردن و هەڵسەنگاندنی چالاکییەکان.
گرنگە هەر یەک لەم خاڵە دەستنیشانکراوانە، لە لایەن مامۆستاوە بەشیوازێکی سەردەمیانە بگەیەنرێتە دیدی قوتابی ئەمەش ئەنجامێکی باشی دەبێت، بۆ ئاییندەی قوتابی.
هەنگاوەکانی گۆڕینی ڕەفتاری قوتابی بۆ ئەوەی ببێتە پارێزەری ژینگە.
هەروەک لەم پڕۆژەیەدا ئاماژە بەوەکراوە کە، تەنها پێدانی زانیاری نابێتە هۆی گۆڕانی ڕەفتار، گۆڕانی ڕەفتار پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە زنجیرەیەک قۆناغ پێک دێت:
هەنگاوی یەکەم (پێدانی زانیاری زانستی و ڕاست دروست).
هەنگاوی دووەم (دروستکردنی بڕوا و تێگەیشتن).
هەنگاوی سێیەم (بەشداری کرداری لە چالاکییەکان دا).
هەنگاوی پێنجەم (پێدانی پاداشت و هەڵسەنگاندنی ئەرێنی).
ئەم پێنج هەنگاوە ڕەهەندێکی ژینگەیی فراوان لە خۆ دەگرێ کە هەر هەنگاوێکیان بۆ پێشوەچوونی پڕۆسەی (هاوڕێی ژینگە) گرنگی و بایەخی خۆی هەیە.
*پرۆسەی هەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانەکان.
ئەم تەوەرە بە بۆچوونی من یەکێکە لە گرنگترین بەش، چونکە هەرکار و پلان و بەرنامەیەک ئەگەر هەڵسەنگاندنی بۆ نەکرێت، ئەوا دەچێتە خانەیەکی پەراوێز خراو.
بێگومان ئامانجی هەر پڕۆژەیەک (ئەنجامەکەیەتی)، بۆیە لێرەدا ئەرکە قورسەکە دەکەوێتە سەرشانی مامۆستایان و بەڕێوەبەر و کارگێری قوتابخانە، کە هەریەک لە ڕوانگەی خۆیەوە بەرپرسیارانە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت، بۆئەوەی لە کاتی هەڵسەنگاندن ویژدانیان ئاسودەبێت.
*پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی مەیدانی قوتابخانە:
-ئاستی پاکوخاوێنی گشتی ناو پۆلەکان و گۆڕەپان.
-بەراوردکردنی بڕی پاشماوە و زبڵ پێش و دوای جێبەجێکردنی بەرنامەکە.
-جێبەجێکردنی سیستەمی جیاکردنەوەی پاشماوە بە بەکارهێنانی سەبەتەی ڕەنگاو ڕەنگ (شین، سەوز، زەرد، ،،،،هتد).
-ئاستی ڕووبەری سەوزایی، پاراستن و ڕاگرتنی باخچە و درەختەکانی قوتابخانە.
-ئاستی چالاکی دیجیتاڵی و ڕاپۆرتی پەسندکراوی ڕێبەری ژینگەیی قوتابخانە.
ئەم نموونانەی کە ئاماژەی پێکراوە، هیچ خاڵێک ئەرکێکی قورس نیە، بەڵام پێویستی بە خۆشەویستی هەیە بەرانبەر بە ژینگە و قوتابخانە، ئەوسا هەموو خاڵەکان زۆر بە ئاسانی جێ بەجێ دەکرێن، بەمەرجێک متمانەو ووزە و هاندان لە پرۆسەکە ڕەنگبداتەوە.
*سیستەمی خەڵاتکردن و هاندان (ئاڵای هاوڕێی ژینگە)
کاتێک قوتابی بۆ هەر کار و چالاکیەکی پەروەدەیی خەڵات و ڕێزلێنانی ئاراستە بکرێت، ئەوا ئەوا هەستی بەرپرسیاریەتی زیاتر دەبێت، بەتایبەتی دەربارەی ژینگەپارێزی کە دەبێتە کێبرکێیەک لەنێوان قوتابیانی دیکە، یا پۆل لەگەڵ پۆلی دیکە، یا قوتابخانە لەگەڵ قوتابخانەی تر، هەمووی دەبێتە ڕکابەریەکی ئەرێنی ژینگەیی، هەروەها وەک نموونەیەکی جوانی قوتابخانە و خێزان و کۆمەڵگە بەدیار دەکەوێت، بۆیە بەهاو بەرپرسیاریەتیەکە زیاتر دەکات بۆ کاری باشتر و جوانتر وگەورەتر.
لەکۆتایی ئەم پڕۆژەیەدا بەناونیشانی (سیستەمی خەڵات و هاندان) ئەم خاڵانە دەستنیشانکراون ئەویش خەڵاتی ئاڵای ژینگەیە.
بریتین لە:
-ئاڵای هاوڕێی ژینگەی پۆل
-ئاڵای هاوڕێی ژینگەی قوتابخانە (لەسەر ئاستی پەروەردەکان)
-دەستنیشانکردنی قوتابخانەی سەوز.
* ئەنجام و پەیامی کۆتایی.
دوای خستنەڕووی ناوەڕۆکی ئەم پڕۆژەیە، کە بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە (پرسی ژینگە) بۆتە پرسێکی گرنگ و لە پێشینە، وێرای پڕۆگرامەکانی خوێندن، ئەوا لە پڕۆژەی ڕاهێنان دا، ئەم بابەتە بەگرنگییەوە ئاماژەی پێکراوە، ئێمەش وەک بەرپرسیاریەتی و خەمخۆریمان بەرانبەر بە ژینگە و قوتابخانە و خێزان، ئەم شیکارییەمان خستۆتەڕوو، بەو هیوایەن لە گەڵ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن( ٢٠٢٦-٢٠٢٧) هەنگاوەکان دەستپێبکات و لە کۆتایی ساڵیش ئەنجامێکی دڵخۆشکەر ببینین.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.

