حەمەسەعید حەسەن
ئۆشۆ وای گوت
ئەو هەموو کتێبەت نووسیوە، ئیدی بۆچی پشوو نادەیت؟
چونکە خوێنەرەکانم چاوەڕێی نووسینی من دەکەن،
چونکە کەس ناتوانێت وەک من جوانیان بۆ بنووسیت،
ئاخر من بە زەبری خۆشەویستی دەنووسم،
ئاخر من دڵم دەخەمە دووتوێی نووسینەکانمەوە.
ئەوەی لە کتێبدا هەیە، جا کتێبەکە پیرۆز بێت، یان نا، تیۆرییە، حەقیقەت ئۆرجیناڵە، لە کتێبەوە قەرز ناکرێت، لە ناخی خۆتەوە هەڵدەقوڵێت. ئەوانەی خۆیان بە مەزن و پیاوچاک و کاریزما دەزانن، تا بۆیان بلوێت خۆیان لە خەڵک بەدوور دەگرن، ئەگەرنا هەر زوو دەستەکەیان دەکەوێتە ڕوو. بۆ ئەوەی ببیت بە مامۆستای خۆت، تەنیا ئەوەی دەوێت، هێندە هۆشیار بیت، بتوانیت چاودێریی خۆت بکەیت، ئیدی نە حەوجەت بە ڕێبەر دەبێت، نە بە مامۆستا، خۆت دەبیتە ڕێبەر و مامۆستای خۆت. کە شەپۆل لەسەر ڕووی زەریا گەمە دەکات، زەریا بینەرە، هاوزەمان زەریا و شەپۆلیش بە! وەک کریشنا، دونیا بە گەمە بزانە، ئیدی ئەنجامی گەمەکە هەر چییەک بێت، نیگەران نابیت.
ئەگەر دەستبەرداری زمان ببین، وەک ئەوە وایە دەستبەرداری دین و هەموو داهێنانێکی دیکە بووبین، ئاخر بەبێ زمان، نە دین هەیە، نە فیکر، نە ئەدەب هەیە، نە حیکمەت. بۆچی ئاژەڵ نە دینی هەیە، نە فیکر؟ چونکە زمانی نییە، درەختیش هەروەها. هەر چی تۆ دەیزانیت لە زمان چێ کراوە، ئەگەر زمان لە ئارادا نەبێت، جیاوازی لە نێوان ئینسان و ئاژەڵدا نامینێت، جیاوازی لە نێوان، هێندۆس و کریستیاندا نامێنێت، ئاخر هەموو جیاوازییەکان زادەی زمانن. تۆ کە بتەوێت ململانێ بکەیت، پێویستت بە زمانە، ئەوە نییە هەنگاوی یەکەمی شەڕیش، بە شەڕە وشە دەست پێ دەکات. کۆمەڵ زمانە، شارستانی زمانە، ئەوەیش هەر زمانە، موسوڵمانە، یان کریستیان. خۆ ئەوە لە خۆڕایی نییە کە ئینجیل دەڵێت: سەرەتا وشە هەبوو. لای (کەبیر)ی گەورە شاعیری هیند، ساباد بە مانای ئەو وشەیە دێت کە بەر لە هەبوونی ئینسان هەبووە.
ئێمە بە هەڵە پێمان وایە کە نماز دەکەین، بەوە خوا دەدوێنین، چونکە نوێژ، گوێکرتنە لە خوا، نەک قسەکردن بۆی. کە نزا دەکەین، وەک ئەوە وایە پێمان وابێت، خوا هەندێک شتی لەبیر چووەتەوە و ئێمە وەبیری دەهێنینەوە، یان دروستتر وەک ئەوە وایە ڕێنوینیی خوا بکەین، ئاخر خوا خۆی دەزانیت، نەخۆش چاوەڕێی چاکبوونەوەیە، ئیدی چ پێویست دەکات، ئێمە لەڕێی نزاوە وەبیری بهێنینەوە؟ نوێژی ڕاستەقینە، پەیڤین نییە، گوێگرتنە. ڕاستەوخۆ ستایشی خوا مەکە، ئەگەر دەخوازیت ستران بۆ خۆشەویستیی خوا بچڕیت، ستایشی گوڵێک بکە! یان شیعرێک بۆ ژنێک بنووسە! مەچۆ بۆ پەرستگە، گۆرانی بۆ ئەو گەردوونە جوانە بڵێ کە دەورەی داویت! گۆرانی بۆ گەڵایەکی پاراو بڵێ کە بە چڵێکەوە دەلەرێتەوە. گۆرانی بۆ شەونمی سەر پەلکەگیا، بۆ درەوشانەوەی ئەستێرە و بۆ شکۆی ئینسان، بڵێ! گۆرانییەکی نوێ بڵێ! کەبیر دەڵێت: خوا لەوانەوە نزیکە کە توانای داهێنانیان هەیە.
درەختێک هەیە
سەری بڵندی، لە هەور دەخشێ
نە ڕەگی هەیە، نە لق، نە گەڵا
نە گوڵیش دەگرێ
بەڵام بەردەوام، میوە دەبەخشێ
لە هەموو جێیە، باڵای هەڵدەکشێ
ئەوە شیعری (کەبیر)ی گەورە شاعیری هیندستانە، کە ڕەنگە مەبەستی لەو درەختە زاتی خوا بێت، کە خالیقە نەک خەلقکراو، کە لە کەس نەبووە، کە وابەستەی کەس نییە، کە نە سەرەتای هەیە، نە کۆتایی و لە هەموو جێیەکیش هەیە.
ئەگەر ئینسان حەفتا ساڵ بژی، پێویستی بەوەیە سی و پێنج ساڵی تەمەنی خەریکی بەهێزکردنی (من)ی خۆی و وزەی ویستی خۆی بێت، ئینجا پشوو بدات. بۆ ئەوەی ببیت بە خاوەنی (من)ێکی جیاواز و ویستێکی بەهێز، پێویستت بەوەیە سڵ لە سەرچڵی نەکەیتەوە و دەست لە ململانێ هەڵنەگریت، ئاخر ئەوانەی بەرەو ڕووی مەترسی نابنەوە و لە ململانێ هەڵدێن، کەسانی خاوەنویست و زیرەکیان لێ دەرناچێت. کەسێک ئەزموونی نەبێت و لە ترساندا خۆی دوورەپەرێز ڕابگرێت، نە دونیای دەرەوە دەناسێت، نە خودی خۆی، ئاخر بۆ ناسینی خۆمان، پێویستمان بە ناسینی دونیای دەرەوەی خۆمان هەیە.

