رۆژنامەی ھەولێر

تراومای دەروونی و دووبارەبوونەوەی مەرگ ڕۆمـــــانی ئــــــیرەم

خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
نووسینی: زانا خەلیل
دەقێکی ئەدەبیی و دەنگێکی بوێری نێو ئەدەبیاتی کوردییە، لەسەر سنووری نێوان توندوتیژیی کۆمەڵایەتی، تراومای دەروونی، سێکسوواڵیتی و فەلسەفەی هەبوون دەوەستێت. ڕۆمانەکە لە ڕێگەی گێڕانەوەی تراژیدیای ژیان و مەرگی کچێکەوە بە ناوی (ئیرەم) ڕەخنە لە پەیکەری کۆمەڵگەی پیاوسالار و چەمکی ساختەی شەرەف دەگرێت، هاوکات نیشانی دەدات چۆن ڕاکردن بەرەو ڕۆژئاوا بە مەرجی دەربازبوون لە کۆتوبەندەکان دانانرێت.
بە دەنگی (ئیرەم) دەست پێدەکات، کە دوای کوژرانی، لە دنیای مردووانەوە و لە بەردەم عەرشی گەورەدا دەست بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی ژیانی دەکات. ئیرەم کچێکی خوێندکاری زانکۆ بووە و هەمیشە لە نێوان حەزەکانی خۆی بۆ ئازادی و دەربڕینی جوانییەکانی جەستەی لەلایەک، شەرم و یاسا توندەکانی کۆمەڵگە لەلایەکی تردا لە ململانێدا بووە. لەم نێوەندەدا، (هەتاو) وەک هاوڕێ و دەنگێکی فەلسەفیی هەمیشەیی ئامادەیی هەیە لە ڕوانگەی جیاوازەوە بۆ چەمکەکانی ژن، پیاو، چارەنووس، جوانی و کۆمەڵگە دەدوێت.

گوشاری خێزان و باوک
ئیرەم لەناو ژینگەیەکی خێزانیی تەواو داخراو و پیاوسالاردا ژیاوە. باوکی کەسێکی توندوتیژ و گوماناوییە، هەمیشە هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات، دەیەوێت بە زۆر بە شووی بدات بە (شوان)ی برازای، کە پیشەی قەسابە. لە بەرانبەردا ئیرەم دڵی لە خوێن و کەوڵکردن و توندوتیژیی قەسابی هەڵدەقوڵێت، بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی ئەو شووکردنە دەکات. باوکی دەڵێت شەرەف تەنیا بە خوێن دەپارێزرێت ئەگەر بە قسەی نەکات، وەک بەرخ سەری دەبڕێت. هاوکات ئیرەم لە زانکۆ چەندین خوازبێنی و داواکاریی هاوسەرگیری لەلایەن کوڕی وەزیر، دەوڵەمەند و شاعیرێکەوە ڕەتدەکاتەوە، دڵی بۆ کەسیان ناچێت.

ئاشنابوون بە نیگارکێش
لە کۆلێژ، ئیرەم عاشقی گەنجێکی نامۆ و بێدەنگ دەبێت، نیگارکێش و پەیکەرتاشە، کەسێکە بەردەوام سەرنجی لەسەر زەوییە و لە کچەکان ناڕوانێت. ڕۆژێکیان ئیرەم لە ستۆدیۆی نیگارکێشەکەدا دەبینێت، بەبێ پرسی ئەو، جەستەی ئیرەمی بە ڕووتی و لە چەندین شێوە و تابلۆی جیاوازدا کێشاوە. سەرەتا ئیرەم تووڕە دەبێت، دەچێتە بەردەمی و زلـلەیەیەکی لێدەدات، بەڵام بێدەنگی و کاریگەریی نیگارکێشەکە سەرنجی ڕادەکێشێت، پاشان دەکەونە داوی خۆشەویستییەکی قووڵ و ئاڵۆز. ئیرەم پەیمان بە خۆی دەدات، تا مردن لە هەموو فەرمان و حەزەکانی ئەو نیگارکێشە دەرنەچێت.

ڕاکردن لە ڕۆژی بووکێنی بۆ ئەمستردام
فشاری خێزان دەگاتە ئەوپەڕی، مەلا و خزمەکان دێن و بە زۆر لە (شوان)ی مارەی دەکەن. لە ڕۆژی ئاهەنگەکەدا کاتێک ئیرەم لە ئارایشتگایە و جلی بووکێنی لەبەردایە، بە یارمەتیی (ئارەزوو) خوشکی شوان بە ئۆتۆمبێل لەگەڵ (هەتاو) ڕادەکات بەرەو ستۆدیۆی نیگارکێشەکە. لەوێشەوە بە نهێنی وڵات جێدەهێڵن، ڕوو لە شاری ئەمستردام دەکەن. دواتر ئیرەم لە ڕێگەی نامەیەکەوە دەزانێت کە (هەتاو) لە کاتی گەڕانەوەیدا لەسەر سنوور لەلایەن براکانیەوە بە بیانووی شەرەف دەکوژرێت و دەخرێتە چاڵەوە. ئیرەم لە ئەمستردام لەسەر داوای نیگارکێشەکە، کۆرپەکەی ناو سکی لەباردەبات.

سەرگەردانی، ئالوودەبوون و تابلۆیەکی دووبارە
لە ئەمستردام، ژیانیان بەرەو تاریکی و هەڵدێر دەڕوات. نیگارکێشەکە لە ئەوروپا نوقمی ماددە هۆشبەرەکان (حەشیش و هێرۆین و کحوول) دەبێت، جەستەی لاواز دەبێت و ددانەکانی هەڵدەوەرێن. تووشی نەخۆشیی دەروونی و گۆشەگیری دەبێت، بەردەوام تەنیا یەک تابلۆ بە ڕەنگی سوور لە هەموو سووچ و دیواری ماڵەکەدا دەکێشێتەوە: گوللەیەکی سارد دڵێکی سپی دەبڕێت و مەسیحیش بە بێزاری و ناخۆشحاڵییەوە لە خاچ دراوە.
نیگارکێشەکە پەنا دەباتە بەر فەنتازیا و یارییە سێکسییە نائاسایی و ئازاربەخشەکان (سادۆمازۆخی) سەرەتا کچێکی هۆڵەندی بە ناوی (کاترین) دەهێنێتە نێو پێوەندییەکەیان. دواتر توانای جەستەیی خۆی تەواو نامێنێت، گەنجێکی ئەفریقیی بەهێز دەهێنێتە ماڵەوە تا لەگەڵ ئیرەمدا بێت. خۆی لە نزیکەوە بە گریان و تەماشاکردن بەشداری لەو دیمەنەدا بکات.

کۆتایی و کوشتنی ئیرەم
کاتێک ئیرەم و گەنجە ئەفریقییەکە لە لوتکەی پڕۆسەکەدان، نیگارکێشە پیر و لاوازبووەکە، بە دەستە لەرزۆکەکانی بە دەرزی، تابلۆی مەسیحی لەخاچدراو و گوللە لەسەر مەمکی چەپی ئیرەم دەکوتێت. لەو ساتەدا، نیگارکێشەکە تراومای منداڵیی خۆی دێتەوە یاد کاتێک لە تەمەنی چوارساڵیدا لە کونی دەرگاوە بینیبووی، کە باوکی بە دەمانچە دایکی خۆی بە ڕووتی لەسەر قەرەوێڵە لەگەڵ پیاوێکی بێگانەدا کوشتبوو. لە کاتی گەیشتن بە لووتکەی فەنتازیاکەدا، نیگارکێشەکە دەمانچەکەی دەردێنێت، لوولەکەی دەخاتە سەر مەمکی چەپی ئیرەم و تەقەی لێدەکات. بەم جۆرە ئیرەم بە دەستی خۆشەویستەکەی و بەو گوللەیەی هەمیشە لە تابلۆکاندا کێشرابوو دەکوژرێت، ڕۆمانەکە بە پرسیاری ئیرەم لەسەر بێتاوانیی خۆی و بێمانایی ئەو کوشتنە کۆتایی دێت.

جۆری ڕۆمانەکە
ڕۆمانی سایکۆلۆژی – دەروونی، قووڵ دەبێتەوە لە نێو کێشە دەروونییەکان، تراومای سەردەمی منداڵی، هەست بە تاوان، چەپاندن و دیاردە دەروونییە نائاساییەکانی وەک سادۆمازۆخی.
ڕۆمانی وجودی و فەلسەفی، پرسیارکردن لە ئازادی، چارەنووس، تێپەڕبوونی کات، دادپەروەریی گەردوونی و مانای ژیان و مەرگ لە ڕێگەی دیالۆگە بەردەوامەکانی نێوان ئیرەم و هەتاوەوە تەوەرێکی سەرەکییە.

تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە
نووسەر بۆ بەرجەستەکردنی ئەم گێڕانەوە تراژیدییە کۆمەڵێک تەکنیکی هونەریی مۆدێرنی بەکارهێناوە
گێڕەڕەوەی مردوو دەسپێکی دەقەکە لە دەرەوەی ژیان و لە دنیای مردووانەوەیە، ئیرەم وەک ڕۆحێکی کوژراو لە حزووری عەرش، یان بەردەم مێژوودا شایەتی دەدات و ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. ئەمەش ئازادییەکی تەواو بە گێڕەڕەوە دەبەخشێت بۆ بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆی.
تەکنیکی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، ڕووداوەکان بە شێوەیەکی هێڵیی ڕاست ناڕۆن، بەڵکو گێڕەرەوە لە ئێستای مردنەوە بازدەدات بۆ ڕابردووی کۆلێژ، ناو خێزان، ستۆدیۆی هونەرمەندەکە و ژیانی ئەوروپا.
مۆنۆلۆگی ناوەکی و زمانی شیعری، دەقەکە لە زۆر شوێندا لە شێوازی پەخشانی ئاسایی لادەدات و زمانی شیعری بەسەریدا زاڵ دەبێت.

هێماسازیی
شوان و قەسابی، هێمایە بۆ کلتووری کوشتن، خاوەندارێتی و

مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی ژن وەک لاشەی بێگیان تابلۆی مەسیح و گوللە، هێمای قوربانیدانی بێتاوان، دووبارەبوونەوەی مێژوویی ئازار و بێدەسەڵاتیی مرۆڤ لە بەرامبەر چارەنووسدا. هەتاو، دەنگی هۆشیاری، ئاوێنەی دەروونی ئیرەم و شیکەرەوەی فەلسەفیی تراژیدیاکان. تەکنیکی دووبارەبوونەوە و گێڕانەوەی ڕیتمی دەستەواژەی وەک «ئایا ئێوە گوێتان بۆ قسەی مردووان ڕادێراوە؟» یان «من چیم کردبوو تا گوللە دڵم لەت بکا؟» بە شێوەی ڕیتم لە سەرانسەری دەقەکەدا دووبارە دەبنەوە بۆ چەسپاندنی هەستی بێتاوانی و هاواری ئیرەم.
دەقەکە ڕەخنە لە دوو جەمسەری جیاواز دەگرێت، لە لایەک باوک و کۆمەڵگە، کە جەستەی ئیرەم وەک کۆدێکی شەرەف و موڵک دەبینن و حوکمی سڕینەوەی بە خوێن دەدەن، لە لایەکی تر نیگارکێشەکە، لەژێر ناوی هونەر و خۆشەویستیدا، جەستەی ئیرەم دەباتە نێو مەیلی نەخۆشی، ئالوودەبوون و توندوتیژیی سادۆمازۆخیی. لە هەردوو دۆخەکەدا ئیرەم دەبێتە قوربانی و ناتوانێت ببێتە خاوەنی سەربەخۆی جەستەی خۆی.

ڕاکردن بەرەو ڕۆژئاوا و بەردەوامیی دۆزەخ
ڕۆمانەکە ئەو تێڕوانینە هەڵدەوەشێنێتەوە، کە کۆچکردن بۆ ئەوروپا چارەسەری کۆتایی هەموو گرێ دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانە. ئەمستردام لە دەقەکەدا نابێتە بەهەشتی ئازادی، بەڵکو دەبێتە شوێنی پووکانەوەی مرۆڤ، تەنیایی، هێرۆین و سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ مەرگ.
کوشتنی ئیرەم لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا هەڕەمەکی نییە، بەڵکو دووبارەکردنەوەی ئەو دیمەنە تراژیدییەیە، کە نیگارکێشەکە لە تەمەنی منداڵیدا لە ژووری دایک و باوکیدا بینیویەتی. ئەو ناتوانێت لەو تراومایە دەربازی بێت، بۆیە لە کۆتاییدا لە ڕێگەی دەمانچەکەیەوە هەمان تابلۆی منداڵیی خۆی بە خوێنی ئیرەم تەواو دەکات.
ڕۆمانی ئیرەم، دەقێکی ڕاشکاو و تراژیدییە بە شێوازێکی مۆدێرن و ڕەمزی، شکستی پڕۆسەی ڕزگاربوونی تاکی ڕۆژهەڵاتی لە تراوما و کۆتوبەندە مێژووییەکان پێشان دەدات. نووسەر لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هونەری شێوەکاری، مۆسیقای زمان و گێڕانەوەی دەروونی، مەرگی ئیرەمی کردووەتە هاوارێکی نەبڕاوە لە ڕووی ئەو سیستەمەی، کە مرۆڤ دەکاتە قوربانی.

سەرچاوە:
خەلیل، زانا، ٢٠٠٧، ئیرەم، دەزگای ئاراس، هەولێر