رۆژنامەی ھەولێر

بەرنامەی ڕاهێنانی پەروەردەیی؛ نەخشەڕێگای گەشەپێدان و چاکسازیی بەردەوام

بەکر کەریم حەسەن*
(پیتەر دراكەر) نوسەری بەناوبانگی نەمسایی و باوكی زانستە هاوچەرخەکەی بەڕێوەبردن، دەڵێ “پلانداڕشتنی درێژخایەن مامەڵەكردن نییە لەگەڵ بڕیارەكانی داهاتوودا، بەڵكو مامەڵەكردنە لەگەڵ ئاییندەی بڕیارەكانی سەردەمی ئێستا”.

بێگومان گۆڕانكاری ڕاستەقینە و بەردەوام لە سیستەمی پەروەردەدا بە خواست و دروشمی گشتی بەدی نایەت، بەڵكو پێویستی بە تەلارسازییەكی زانستی و ڕێكخراو هەیە. ئەگەر مامۆستا بڕبڕەی پشتی پەروەردە بێت و ڕاهێنەریش ئەندازیار و ئاراستەكار بێت ئەوا (بەرنامەی ڕاهێنان) ئەو نەخشە ڕێگا و هەناسە بەردەوامەیە كە تەواوی پرۆسەكە بە زیندوویی و گەشەپێدراوی دەهێڵێتەوە. بەرنامەیەكی ڕاهێنانی بەهێز جیاكەرەوە و خاڵی وەرچەرخانی نێوان (خولی ڕۆتینی بێسوود و بێ ئەنجام) و (چاكسازی بنەڕەتی بەرهەمدارە).
بێگومان هەر بەرنامەیەكی ڕاهێنانی سەركەوتوو كۆمەڵێ پایە و تایبەتمەندی هەیە كە گرنگترینیان پشتبەستنە بە دیاریكردنی پێویستە ڕاستەقینەكان، نەك ڕاهێنان لە پێناو ڕاهێنانێكی سادە و ساكار. چونكە بەرنامەی ڕاهێنانی كاریگەر لە بۆشایی و لەسەر بنەما و ئارەزووی هیچ كەس داناڕژێت، بەڵكو لە ڕێگەی لێكۆڵینەوەی مەیدانی شیكاركردنی ئاسی قوتابیان و دیاریكردنی كەلێنە پێویستییەكانی مامۆستایان لە پۆڵەكاندا دیاری دەكرێت و بە گشتی بەرنامەكە وەڵامی ڕاستەوخۆی ئەو بەربەست و ئالنگاریانە دەداتەوە كە مامۆستا ڕۆژانە ڕووبەروویان دەبێتەوە.
بێگومان گەورەترین كەموكوڕی بەرنامە تەقلیدییەكان، زۆری وتاردان و تیۆرییە. بەرنامەی ڕاهێنانی تۆكمە زیاتر لە سەدا ٧٠ـی كاتەكەی بۆ كاركردنی بە كۆمەڵ و جێبەجێكردنی كرداری تەرخان دەكات، تاوەكو مامۆستا كارامەییەكە بەدەستەكانی خۆی تاقی بكاتەوە پێش ئەوەی بباتە ناو پۆڵەكەی، ئەوەش پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان زانیاری تیۆری و ڕاهێنانی كرداری.
بێگومان بەرنامەی ڕاهێنانی سەركەوتوو بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ (ئاستی سەرەتایی، ناوەند، پێشكەوتوو)دادەڕێژرێت كە تێیدا هەر قۆناغێك تەواوكەر و داڕێژەری قۆناغی دوای خۆیەتی. نەك ڕاهێنانێك ئەنجام بدرێت (ڕوداوێك)ـی یەكجارە یان خولێكی دوو تا سێ ڕۆژە بێت، بەڵكو دەبێت پرۆسەیەكی بەردەوام بێت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا باشترین و تۆكمەترین بەرنامەكانیش بێسوود و بێبایەخ دەبن ئەگەر بەدواداچوونیان بۆ نەكرێت.
بەرنامەی ڕاهێنانی هاوچەرخ میكانیزمی ڕوونی هەیە بۆ چاودێریكردنی ڕەنگدانەوەی ڕاهێنانەكە لەسەر كار و ئەدای مامۆستا لە ناو پۆڵدا. هەروەها دروستكردنی كەناڵی فیدباك بۆ باشتركردنی ناوەڕۆكی خولەكانی داهاتوو. هەروەها بەرنامەی ڕاهێنان دەبێت بەردەوام لە نوێبوونەوەدا بێت. تێكەڵكردنی كارامەییەكانی نووسینی قووڵ. بیركردنەوەی پەروەردەییانەی ژیرانە.
ڕێكخستنی ژینگەی پۆڵ و بەكارهێنانی ئامرازە هاوچەرخەكان دەبێتە بەشێكی بنەڕەتی لە پێكهاتەكەی كە ئەوەش گونجاندنە لەگەڵ ڕەوتی نوێی پەروەردە و كارگێڕیی.
لە كۆتاییدا داڕشتنی بەرنامەیەكی ڕاهێنانی پەروەردەیی تۆكمە وەبەرهێنانێكی ستراتیژی و دوورمەودایە لە سەرمایەی مرۆییدا، كاتێك سیستەمی پەروەردە خاوەنی بەرنامەیەكی ڕاهێنانی زانستی و بەردەوام بێت. نەك تەنها ئاستی مامۆستایان بەرز دەبێتەوە، بەڵكو كولتووری (فێربوونی هەتاهەتایێ) لە تەواوی دامەزراوە پەروەردەییەكاندا ڕەنگ دەداتەوە.
ئەوەی سەرەوە بە گشتی هەمووی دەمانگەیەنێتە ئەو واقیعەی كە بەرنامەی ڕاهێنان ئەو پردە بەهێزەیە كە واقیعی پەروەردەیی ئەمرۆ بە ئایندەیەكی گەش، پێشكەوتوو و شایستە بۆ نەوەكان دەبەستێتەوە.

* ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی