یاسین قادر بەرزنجی
لە سەرەتای هەشتاکانەوە بینینی کارە هونەرییەکانی کاک وەهبی ڕەسوڵ کاریگەرییان لەسەرم هەبووەو بەردەوام لە پیشانگاکانیدا هەستم بە گەشەکردنی هونەرییانەی کردووە.
ئەم شێوەکارە یەک لەوانەیە بە قەڵەمەکەشی دیسانەوە خزمەتی هونەرەکەی کردووە، چ لە گۆڤاری (شاکار)دا کە پێکەوە کارمان تێدا دەکرد، چ لە گۆڤارو بڵاوکراوەی دیکەدا.
کاک وەهبی هونەرمەندێکی دیارو نووسەرێکی سەنگینە،
ئەو لەسەر دەستی مامۆستا بەتواناکانیدا لە بەشی شێوەکاریی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی زانکۆی بەغدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووەو پاشان لە زانکۆی سلێمانی بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوەو لە ئێستادا مامۆستای کۆلیژی هونەرو پەیمانگای هونەرە جوانەکانە لە سلێمانی، خاوەنی ٨ پیشانگای تاکە کەسییەو بەشداریی ژمارەیەکی زۆری پیشانگا هاوبەشەکانی کردووەو هاوکات
بەشداریی لە ڕووداوە هونەرییەکانیشدا کردووە، وەکو:
*بیتاڵەی لانگکاو لە مالیزیا ٢٠١٤
*بیتاڵەی تۆکیۆ لە ژاپۆن ٢٠١٨
*بیستەمین دیداری نێودەوڵەتیی نیگارکێشان لە پۆڵەندا ٢٠٢٤
د.دڵشاد مستەفا سەبارەت کارەکانی ئەم هونەرمەندە وتوویەتی:
(لەبەردەم هێڵ و ڕەنگەکانی وەهبی ڕەسوڵ دا جۆرێک لە سەرسامی داتدەگرێت، هەستێک بە نێوتدا لە جەریاندا دەبێت، کە هیچ لەوانەی تر ناچێت، ئەمە یەکەم ساتەکانی جیابوونەوەی وەهبی یە لەوانی تر).
لە دامەزرێنەرانی پڕۆژەی باڵندە بارانی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخە لە سلێمانی،
ئەندامی دامەزرێنەرە لە رێکخراوی Art Role و ئەندامی شانازیی گروپی Sul Yon بۆ کارکردن لە کایەی بینەیی هونەری پۆست مۆدێرنەدا.
گالێری تایبەتی خۆی هەیە بەناوی گالێری هێساو بەردەوام میوان و خوێندکارانی هونەر سەردانی دەکەن.
مامۆستا وەهبی خاوەنی ١٤ کتێبی نووسراوو وەرگێڕراوە لە بوارەکانی: میتۆد بۆ خوێندنی خوێندکاران، مێژووی نیگارکێشانی کورد، ڕەخنەی هونەری، هونەری ئەوروپی، پەیڤەکانی ڕەنگ.
کارە هونەرییەکانی وەهبی، وەک خۆی دەڵێت (بە گەڕانێکی بەردەوام دەناسرێت بۆ دۆزینەوەی جۆرێک لە توانای دەربڕینی ئەبستراکتییانە، لە جوڵەو بیرەوەری و زمانی وێنەسازیی، یان زمانی خەون).
بەهیوای بەردەوامی و سەرفرازی و بەخششی زیاترم بۆ هاوڕێمان کاک وەهبی ڕەسوڵ، کە بە حەق ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نێو ئەستێرەکانی هونەری شێوەکاریی کوردییە.

