دەقی بەرەنگاری و تێپەڕاندن
نووسین: ڕەخنەگری مەغریبی (عبدالعزیز الخشبی)
وەرگێڕان:
مامۆستا بەندى عهلى
دەقی شيعرى (من دێم بۆ لات)ـەکەی خانمی شاعیر کەژاڵ ئیبراهیم و، وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی (نەسرین محەمەد غوڵام) دەقێکە لێوڕێژه لە هەست و سۆز و هێماسازی و دەربڕینی خەم و لەدەستدان. پرسەگێڕییە و بەڵام ئەوەش تێدەپەڕێنێت بۆ هەوڵدانێك بەرەو ساڕێژکردنەوەی زامەکان و پەخشکردنەوەی هیوا بۆ گیانە زامدارەکان.
ئەم دەقە بریتییە له گوتارێکی گفتوگۆ، ئاسایە لەنێوان شاعیر و خانمە هاوڕێ دڵزامدارەکەی، لێ تێڕوانینێکی قووڵیشە لە ژیان و مردن. لە ئەوین و لەدەستدان و ئەو هێزە شاراوەیەش کە بەرپرسە لە تێپەڕاندنی خەمۆکی.
زمان لەم دەقەدا، بارگەدارە بە هەستێكی فرە ناسك، وێنە شیعرییەکان لێزانانە چێکراون لە جیهانی بینین و سۆزداریدا کە پڕاوپڕە لە ڕەنگەکان و دژبەیەکەکانیش، کە سەرەتا بە دڵخۆشیدانەوە دەست پێ دەکات لە ڕێگەی وێنە سروشتییەکانەوە (بە گەردانەیەك لە گیای سەوز). (وەك جۆگەیەك گوڵەکانی کۆڵمت ئاو ئەدەم). لێرەدا هەستی لەباوەشنان و سۆز دەدات بە خوێنەر. لێرەدا بەکارهێنانی سروشت هەر لەخۆوە نییە، بەڵکو بنیادێکی تەواو هێماییە کە سروشت وەك کاردانەوەیەکی هەستی مرۆڤ و ئاڵوگۆڕەکانی نیشان دەدات، وەك چۆن گوڵەکان سیس دەبن، خەمەکانیش دەسڕێنەوە. وەكچۆن بەهار ژیان بۆ زەوی دەگێڕێتەوە، هەروەها ئەوینيش مانا دەبەخشێتەوە بە ژیان.
لۆژیکی ئەم دەقەش دەڕوانێتە خەمدا وەك بەشێکی دانەبڕاو لە ئەزموونی مرۆڤ، بەڵام کۆتایی نییە، بەڵکو وێستگەیەکە دەبێت تێپەڕ بکرێت. ئەمەش لەو بەشەدا دەردەکەوێت کە دەنگی شیعری داوا لە هاوڕێکەی دەکات ئاوڕ لە دوا نەداتەوە تاوەکو (چرۆکانی لاولاوی دڵت سیس نەبن).
لێرەدا مەودای لۆژیکی دەردەکەوێت کە ڕابردوو بە بەردەوام بوونەوە گرێ دەدات، لە بانگەوازێکدا بۆ ڕزگاربوون لە یادەوەری و ئەمەش بە مانای نکۆڵی نییە لە ئازار، بەڵکو تێپەڕاندنێتی، کە ئەمەش دیدگایەکی پێشکەوتنخوازییە بۆ ژیان کە خۆی نەدات بەدەستەوە بۆ ئازارەکانی، بەڵکو هەوڵ دەدات بۆ ئاییندەیەکی باشتر.
لەسەر ئاستی دەروونیش، ئەم دەقە دەست دەبات بۆ رۆحێکی داخدار و ئەوە نیشان دەدات کە چۆن لەدەستدان کاریگەریی دەبێت لەسەر هەست و جەستە، کاتێ ئەو وێنەیە دەبینین (کە خوێن دەڕژێت، چاوەکانت پڕ دەبن لە فرمێسکی سوور). کە ئەمەش بریتییە لە تێکەڵ بوونی لەدەستدان و ژیان، کە تییدا خەم دەبێت بە بەشێکی ئەندامیی لە چوارچێوەی مرۆیی. لێرەشدا توندوتیژیی هێمایی باڵا دەبێت کە ڕۆژگار و کۆمەڵگە دژ بە ژن پیادەی دەکەن، بەجۆرێ کە لەدەستدانی خۆشەویست هەر ئەزموونێکی کەسی نابێت بەڵکو وەك دژبوونەوەی ڕیاڵێکی پیاوسالاریی سەخت، کە وەك ڕستەی دەستپێك نیشانی دەدات (ڕۆژگارێکی نێرینە بوو، مرد)، لە ڕاگەیاندنێکی ڕزگاریبەخشدا دژ بە سستەمی لەدەستدانی پەیوەست بە قەڵەمڕەو نێرینەیی بە چارەنووسی سۆزداریی ژن.
لە بنیادی ئەم دەقەشدا، ڕیتمێکی هێمن دەبینرێت بەڵام هەڵقوڵاو، خەم تێکەڵاو بە هیوا دەکات، بە بەکارهێنانی پێکهاتەی نەرمی دووبارە کە ڕیتمێك دەبەخشن وەك مۆسیقای لاوانەوە کە وردورد دەگۆڕدرێت بۆ سەمفۆنیایەکی بەرەنگاری و تێپەڕاندنی ئازار.
وێنە شیعرییەکانیش تەنها زەخرەفەیەك نین بەڵکو ئەرکێکی هزری و دەروونی هاوبەش بەچێ دێنن، کەوا لەم دەقە دەکەن وەك ڕێوڕەسمێکی تایبەت دەرکەون بۆ ساڕێژکردنی زامێکی سۆزداری.
لێرەدا ڕەهەندێکی بوونگەراییش هەیە لە دوا کۆپلەی دەقەکه دا دەردەکەوێت، وەك پانتاییەك نیشان دەدات لەنێوان دابڕان و ئەشکەنجەدا، لەنێوان دیدارو هیوادا.. لێرەدا شاعیر لە مانای ژیان دەپرسێت، کە لە ئاڵوگۆڕەکانیداو پێویستی تێپەڕبوون بە لەدەستداندا لەپێناوی نرخاندنی دیدا، دەبینرێت و کەئەمەش وا دەکات ئەم دەقە دەقێکی تێڕامان بێت بە پلەی نایاب و تێگەیشتنێکی پێگەیشتوو نیشان دەدات بۆ ئەزموونی مرۆیی.. کە ئەمەش ئەم دەقە جیادەکاتەوە لە دەقە یاساییەکان، بەوەی لێرەدا شاعیر لە ئاستی لاوانەوەدا ناوەستێت، بەڵکو خەم بەزمانێك دەدرکێنێت ڕوو لە ئاسۆ و ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی خۆبەدەستەوەدان. ئەم ڕەهەندە ڕزگارییەش لەوەدا دەردەکه وێت کاتێ کە هاوڕێکەی هان دەدات کە نەوەستێت لەبەردەم (دەرگەکانی دادگاکان چاوەڕێی سزا بکات).. ئەمەش وادەردەخات کە ژن لەهەندێ کۆمەڵگەدا سزا دەدرێت لەسەر خەمەکانی و دواکردنی بە تێپەڕاندنی لەدەستدان.. کەواتە ئەم دەقە تەنها هەر پرسەو سەرەخۆشی نییە، بەڵکو گوتارێکی هاندانە و هەڵوێستێکی ڕەخنەیی لە ڕاستیی کۆمەڵایەتی هەڵگرتووە لە وحاڵەتەی ژن دەکاتە قوربانیی خەم و شاعیر ئەوین دەبەستێتەوە بە ئازارەکان، بەڵام هاوکات ئەم دەقەش دەقێکی ئەوینە، نەك تەنها بۆ خۆشەویستە کۆچکردووەکەی، بەڵکو بۆ خودی ژیان، کە شاعیر تێیدا داوا لە هاوڕێکەی دەکات باوەش بۆ ژیان بگرێتەوە سەرەڕای لەدەستدانەکانیش. بەم پێیەش ئەم دەقە وەك دەقێکی بەرەنگاری دەخوێندرێتەوە، نەك تەنها خەم و وەك دژیش بۆ ئەوەی کە ژن قەدەری بێت لە سێبەرەکانی ڕابردوودا بژیێت.
ئەمەش داوایەکە بۆ پێناسەکردنەوەی خود دوای لەدەستدان و سەرکەوتن بەسەر ئازاردا نەك نکۆڵیلێکردنی بەڵکو گۆڕینی بە هێزێکی پاڵنەر بەرەو ژیان.
ئەمەش شيعری “من دێم بۆ لات”ـەکەی كەژاڵ ئیبراهيم خدر کە ساڵی ٢٠١٧ نووسيویەتی؛ پێشکەشە بە هاوڕێی ئازيز و خۆشەويستم “مامۆستا نەسرين” كە ئازارەکانی وەک خۆم وابوون.
من دێم بۆ لات
من دێم بۆ لات، تۆ هاوڕێم بە
تا بە پەلکەگیای ملوانکەی پەنجەکانم
فرمێسکەكانت بسڕم
وەک كانياوێک گوڵی ڕوومەتە ئاڵەکانت
بە شنەی شەماڵی بەیانیان تێرئاو بكەم
تۆ گوڵێکی باخچەی
پڕی لە تریفەی مانگ و
پەلکەزێڕینەی بەهار
بۆ داهاتوویەکی گەش بڕوانە
ئاوڕ لە هەڵوەرینی گوڵە پەمەییەکانی
رابردوو مەدەوە
بۆ ئەوەی خونچەی لاولاوی دڵەکەت نەژاکێ
گوڵەنێرگزە جوانەکەی بەهاری ژین
لە پەنجەرەی دڵمەوە
دەتوانم ڕۆحی فریشتەت
بخەمە بەهەشتەوە
من دەتوانم ساباتێک بۆ خەمەکانت
دروست بكەم
تا لە ڕێژنەی باران و
خۆرەتاوی ئەوین بتپارێزێ
تۆ ڕۆحی کیژۆڵەیەكى وڵاتی بەفر و خوێنت
كە خوێن دەڕژێ
چاوەکانت پڕ دەبێ لە فرمێسکی سوور
كە بەفریش دەبارێ
كوڵمەکانت سووراويان تيا نامێنێ و
سپیپۆش دەبێ
ئەی گوڵی ناو باخچەی خۆشەویستی
مەرگی ئازیزێک، کە هەمیشە چاوەکانت
دەکات بە پەڵەهەورێکی ڕەش و
دادەبارن بەسەر ڕوخساری ماتەمدا
ئەمە ڕابردووە بیر مەکەوە
ئەمە دەسەڵاتی باوکسالارى بوو
تاوانی کرد
تۆی ڕۆحسپی
لە بەردەم دادگایەکدا مەبەستە
چاوەڕوانی سزادان بی
تۆ بڕوانە بۆ ئایندە
ئازيزانت گۆرانیەکی پڕ لە نەغمە و
ئاوازت بۆ دەچڕن
مناڵەکان خەندەت
لەگەڵ جوانی تۆدا ئاڵوگۆڕ دەکەن
مەپرسە بۆ چارەنووسم نادیارە
ئەمە قەدەری ژیانە
هەندێ جار دابڕان و ئازاردانە
هەندێ جاریش گەیشتن بە خەندە و
بزە و باوەشی ئەوینی یارە؟

