رۆژنامەی ھەولێر

بە هۆی تاڵیەکانی ژیان و غەدری زەمانە چیتر شیرین تەشی نارێسێ!

ئاری ئاغۆک
لە پێشهات و گۆڕانە کۆمەڵایەتیەکانی سەردەم، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەشدارن لە هەر ئەگەرێکی ( باش یا خراپ )، چونکە پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە ئامێزی واقیعێک دا لە دایک دەبن، کە هەمووان لەو وێستگەیەکدا هەستی پێ دەکەین، بۆیە لەم کاروانە دوور و درێژەدا هەر تاکێکی کۆمەڵگە بە ڕوانین و هەست و بیرکردنەوەی لە دیمەنەکانی ژیان دەڕوانێت، جا ئەم دیمەنانە چێژ بەخش بن یا ئازار بەخش، بەپێی تێڕوانین و ڕووبەری دیدگاکانی قسەی بۆ پرسە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت.
یەکێک لەو کەسە دیار و بەرچاوانەی کۆمەڵگە، بریتین لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسان کە بەهزر و قەڵەمیان وەک خەمخۆری و پەرۆشییان بۆ هاونیشتیمانیان لە ئەگەری هەر پێشهات وگۆڕانی پرسە کۆمەڵایەتیەکان بۆچوونی خۆیان دەبێت، چونکە زۆر جار کێشەیەک یا داخوازییەک یا بابەتێک دێتە پێش، ڕەنگە هاوڵاتی ئاسایی نەتوانێ بە پەیڤ و دەنگ و قسە بیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست، بەڵام نووسەر وەک خاوەن ئایدیایەکی فراوان لە ڕێگەی قەڵەمەکەیەوە هاوار و ناڵە و ئێش و ئازار و ڕەخنە و پێشنیاری ( من، تۆ، ئەو، ئەوان ) بە ریتمێکی نەرم دەگەیەنێتە سەنتەری داخوازیەکان و لەبەرانبەر دا پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوونی بۆ بکەن تا ئەو کاتەی دەگاتە بازنەی چارەسەر.
بۆیە بەشێوەیەکی گشتی نووسەری خاوەن ئایدیای ئازاد، بە هارمۆنیەتێکی ئازادانە خەمی سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان دەگەیەنێت، بێ هیچ پاڵەپەستۆیەکی کۆمەڵایەتی و شەخسی و لایەنداری، بەڵکو ئەوەی نووسەر دەیکات بریتییە لە ( ویژدان ئاسودەیی ) ئەمەش ئەرکێکە بەرانبەر بە خودا و خاک و نیشتیمان و هاوڵاتی دا دەبێ بەرپرسیارانە بە پاکی و ڕاستگۆییانە دەریببڕێ.
لەم ڕوانگەیەوە چەندین نووسەرمان هەیە خۆی لە فۆڕمی ئەم پێناسە گشتییەی سەرەوە دەدۆزێتەوە، بۆیە ئێستا بوونەتە ناوێکی درەوشاوەی دنیای ڕۆشنبیریی، پەیام و نووسینەکانیان بەهەند وەردەگیرێ و بەسەنگ و بەهادارەوە لێی دەڕوانرێت.
یەکێک لەو نووسەرانە (حەیدەر مەنتک) ە، کە لەکاروانی ڕۆژنامەنووسی دا شوێن و پێگەی دیارە، لەم ماوەیەدا کتێبێکی بە چاپگەیاندوە بە ناونیشانی (شیرین تەشی ناڕێسێ) لێرەدا هەوڵدەدەین ڕوانینێک و شرۆڤەیەک بەدیدی خۆمان بۆ ناوەڕۆک و پەیامی ئەم کتێبە بکەین.

*ناسنامەی کتێب
ناوی کتێب: شیرین تەشی ناڕێسێ
نووسەر: حەیدەر مەنتک
دیزاینەر: دکتۆر ئەکرەم فەرەیدون
پێداچوونەوە: مامۆستا هۆگر جەمال
چاپ: چاپی دووەم ٢٠٢٦

*گەشتێک بەنێو بەشێک لە بابەتەکان
ئەم کتێبەی نووسەر ١٠١ ووتاری (کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، کەلتووری، تەنزئامێز، پرسە هەنووکەییەکانی ڕۆژ) لەخۆ دەگرێ، کە هەر ووتارە و بەپێی ڕووداوەکانی سەردەم، یا پرسە کۆمەڵایەتییەکان، یا بابەتێکی چەقبەستوو لەکات و ساتی جیا جیا دا نووسراوە، کە هەمووی لە بۆکسێکی دەردەدڵ دا هاتۆتە چاپ و بڵاوکردنەوە، دوای خوێندنەوەی هەر سەدو یەک بابەت، لێرەدا روانین و شرۆڤە بۆ ٦ بابەت دەکەین.

*باچیتر (خدر) وەگەڕ نەبین، ل ٢٧
لەم بابەتەدا نووسەر لەفۆڕمێکی گلەیی دا لەخۆناسین و جورئەت و بڕیاردانی بەشێک لە مرۆڤەکان ناڕازیە بۆیە حەز دەکات هەمووان بەیەک ڕوانینی ڕۆشنبیرییەوە لە ئێستاو ئاییندە بڕوانن، هەر وەک لەدەسپێک دا دەڵێت:
(بەڕای من هێشتا درەنگ نیە، هەرتاکێک لە ئێمە مانان خاوەن ڕاو بۆچوون و بڕیاری تەندروستی خۆی بێت لەسەر بچوکترین ماف، یان ئەو کارانەی دەتەوێ بەدروستی ئەنجامی بدەی بۆ ئەوەی لە ئەنجام ئەنجامەکەی بپێکێ، ئەمەش بەئاستی هۆشیاری و تەندروستی و جورئەت دەکرێ).
ئەو هۆشیارییەی نووسەر ئاماژەی پێ دەکات، بە بۆ چوونی من کلیلی دەسپێک و کۆتایی بریتییە لە (متمانەبوون) گەر لای هەرکەسێک متمانەی باش دروست بێ، ئەوا دیواری ترس و ڕاڕایی و مافخوراوی دەتوانی بڕوخێنرێ و بەدەنگێکی بەرز بڵێ (منیش هەم).
ئەو (هەم) ە، جورئەتی دەوێ، بەڵام لەدەرەنجام ویژدان ئاسودە دەبێ، گەر ویژدانیش ئاسودەبوو، ئەوا (خدر وەگەرنابین). بۆیە کاتی بڕیاردانە بەڕوانینێکی هۆشیارانە.

*ژینگەی دەوروبەر. ل ٤١
ڕوانین و باسکردن لەسەر ژینگەی پەروەردە و خێزان، زۆر قسە هەڵدەگرێ، سەرەکیترینیان بریتییە لە مامەڵەکردنێکی دروست لە تەمەنی منداڵی، چونکە ئەو تەمەن و قۆناغە هەوێنی دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤە، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئایا ژینگەی دەوروبەر چ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر بناغە و بەردەوامی ئەم قۆناغە؟
لەوەڵامدا دەڵێین: بێگومان ژینگەی دەوروبەر کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی لەسەر داهاتووی منداڵ هەیە، بۆیە نووسەر لەسەرەتای ووتارەکەی بەناونیشانی (ژینگەی دەوروبەر) دەڵێت:
(ئەگەر بتوانم مەبەست و پەیامەکەم بەدروستی بگەیەنم دەمەوێ چەند وشە گەلێک ڕیز بکەم لە سەر ژینگەی پێگەیاندنی منداڵ تاقۆناغی هەرزەکار، بە بۆچوونی من دیارە لە سێ وێستگە کاریگەری بنیاتنانی منداڵ بۆ پەروەردەکردنی ئاکار و تایبەتمەندییەکانی ڕەنگدانەوەی ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەدەر دەکەوێ:
١-قوتابخانە.
٢-دایک و باوک.
٣-ژینگەی دەوروبەر).
دەستنیشانکردنی ئەم سێ خاڵە کڕۆکی پرس و بابەتەکە دەخاتەڕوو، بۆیە پسپۆڕانی دەروونی هەمیشە ئەم سێ شوێنە گرنگە دووپاتدەکەنەوە لە پەروەردەی تەندروست و کەسایەتی بەهێز و دروستکردنی تاکێکی هۆشیار و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە.

*خۆ بەزلزان + پیاوی بچوک = جیاوای. ل ٥٠
کاتێ (ویڵهێم ڕایش) لە کتێبی؛ گوێبگرە پیاوی بچووک لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە باس لە خەسلەتی پیاوە بچووکەکان دەکات، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە (گرێی دەروونی و بۆشایی کۆمەڵایەتی) وای لە بەعزە مرۆڤێک کردوە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە دەروونییە، کاری لەخۆیان گەورەتر بکەن، بەڵام لە نزیک یا لە دوور هەر بە بچووکی دەبینرێن!.
لەم کتێبەدا نووسەر لە خەمی (شیرین تەشێ نارێسێ)وە ئەم جارە هاتۆتە سەر باسی پیاوە بچوکەکان و لەدەسپێکی ئەم ستونەدا دەڵێت:
(بەپێی ئەو بەدواداچوونەی چەندین ساڵە من بەدوای وێڵم، ئەو کەسانەی لە بنەڕەتدا هیچیان لەبار نیە، واتە لەسرکێتەوە کوژاینەوە کەچی لە بۆنە و شوێنە گشتییەکانی گفتوگۆی لێ ئەنجام دەدرێت کەسانی بچوک و خۆ بەزلزان هەمیشە دەیانەوێ کۆنتڕۆڵی دانیشتنەکان بکەن ڕای خۆشیان بچەسپێنن، کە دەچنە شوێنێکیش ئەو کەسانە دەبێ هەرخۆیان سەری مەجلیس بگرن و زۆرترین قسە قسەی ئەو بێت).
بێگومان ئەم دیاردەیە لە چەندین گۆشەی دیکەی ژیان دا هەستی پێ دەکەین، هەموو حالەتەکان خۆیان لە یەک بازنە دەدۆزنەوە ئەویش بەداخەوە ئەو جۆرە مرۆڤانە بە بچووکی لەدایک بوونەوەو دواجاریش هەر بەبچووکی دەمرن.

*هەوڵ بدە ماسی بگری، نەک ماسی بکڕی. ل ٧٢
ئەم دەربڕینە پێمان دەڵێت مرۆڤ لە هەموو کات و سەردەمێکدا پێویستە پشت بە توانای خۆی ببەستێ، نەک دەستەواستان بوەستێ و تەنیا وەک کڕیار و تەماشاکەر سەیری بابەتەکانی دەوروبەر بکات، چونکە ئەمە هۆکارگەلێکە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەمبەڵ و بێ بەرهەم، لە فۆڕمی ئەم کتێبەدا نووسەر ئەم ووتەیەی کردۆتە هەوێنی نووسینی ووتارێکی و لە گۆشەی سەرەتادا دەڵێت:
(ئەو مانشێتەی سەرەوە ئەوەمان فێر دەکات، کە ئەو دەوڵەتە زلهێز و پێشکەوتوانەی ئێستای گۆڕەپانی تەکنەلۆژیا و خاوەن هەموو شتێک لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و داهێنانی بازرگانی، وەبەرهێنان کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردە و فێرکردنی بنەڕەتی ئەو وڵاتانە کە لەوێ خوێندن زیاتر پیشەییە (نەک) ئەدەبی و زانستی و بوارەکانی تر).
ئەم دەردەدڵەی نووسەر لەو واقیعەی ئێستا سەرچاوەدەگرێ کە پەروەردەی باش و تەندروست وا لە مرۆڤ دەکات بە خوڵقەوە لە کایەکانی ژیان بڕوانێت، لەوێوەش بۆ دروستکردنی کەشێکی باش و لەبار لەگەڵ دیدگا و بیرکردنەوەی بگونجێ، تا بگاتە ئەو قۆناغەی کە پێی دەڵێن داهێنان، بۆیە وروژاندنی ئەو بابەتە پێوستی بە هەڵوەستەی زیاتر و جموجۆڵی بەردەوام هەیە، نەک دانیشتن و تەماشاکردن و تەمبەڵی!.

*پڕۆسەی هاوسەرگیری + تێگەیشتن = نیوەی بەهەشت
پڕۆسەی هاوسەرگیری + جیاوازی نامەنتقی = جەهەنەم. ل ٨٩
پڕۆسەی هاوسەرگیری بریتییە لەو هاوبەشە کۆمەڵایەتی و یاساییەی کە لەنێوان ڕەگەزی نێر و مێ پێکدێت بۆ دروستکردنی ژیانێکی بەیەکەوەبوون، کە بەرپرسیاریەتی و ئەرک و ماف لە نێوانیان دروست دەبێ.
یەکێک لە خاڵە سەرکەوتووەکانی پڕۆسەی هاوسەرگیری بریتیە لە ڕێز و وەفا و خۆشەویستی و متمانە، دواتر شۆڕدەبێتەوە بۆ کایەکانی دیکەی ژیان بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکەوە لە پێناو پڕۆسەیەکی سەرکەوتو و بەردەوامی و لە ژیانی بەیەکەوە بووندا چەمکی پشوو درێژی ڕەنگبداتەوە.
لەم کتێبەدا حەیدەر مەنتک، بە لێکبەستانەوەی دوو دیو، وێنە گەورەکەی پڕۆسەی هاوسەرگیریمان نیشان دەدات، ئەگەر لێکحاڵی بوون و تێگەیشتن لە نێوان ئەم دوو هاوسەرە هەبێت، ئەوا نیوەی بەهەشت بەدەست دێنێ، وەک کوردەواری دەڵێ (ژنهێنان نیوەی ئیمانە)، بۆیە نووسەر ئەو نیوە ئیمانەی کردۆتە پارچەیەک لە بەهەشت، بەڵام
ئەگەر ئەم ناحالی بوون و ئەو بنەمایانە نەبێت ئەوا ئەو ژیانە دەبێتە دۆزەخی ئەبەدی.
ئەوەتا لە پێشەکی ئەم ووتارەی دا نووسیویەتی:
(ئەگەر وەک ڕۆژنامەنووسێکی پڕۆفیشناڵ و وردبین لە ڕووی بەدەستهێنانی زانیاری دروست لە دادگاکانی کوردستان لەسەر کەیستی ( تەڵاق ) و جیابوونەوە کاربکەیت، دەبینین ڕێژەیەکی بەرچاو ڕۆژانە حالەتی تەڵاق و جیابوونەوە بڕیاری کۆتایی لێ دەدرێ، زیادبوونی ئەم ڕێژەیە لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، کە گرنگترینیان نەبوونی ئاستی هۆشیاری ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانمانە لەهەردوو ڕەگەز).
ئەوەی نووسەر باسی دەکات بریتییە لە وێنە خراپەکە، ئەویش جیابوونەوەی هاوسەرانە، ئەمەش بۆ ئەو هۆکارانە دەگەڕێتەوە کە لەو پێشەکیدا ئاماژەم پێکردوە، بۆیە دەبێت شۆڕشێکی هۆشیاری کۆمەڵایەتی سەر لەنوێ دروست بکەین، تا ئەو ڕێژەیە بەرە و خراپتر و زیادتر نەچووە، چونکە ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەمووان.

*ئەی نیشتیمان چیتر،،،،، ل ١٧١
لە ستونێکی دیکە و لە بابەتێکی دیکەی کۆمەڵایەتی و لەفۆڕمێکی تەنز ئامێزی خەماوی دا، نووسەر لەو ١٠١ بابەتەی دا، کۆمەڵە ڕازێکی دەربڕیوە بە ناونیشانی( ئەی نیشتیمان چیتر،،،،،) کە چەند تایتلێکی بە (چیتر) دەربڕیوە، کە هەر یەکێکیان هەڵگری چەند خەم و کێشەیەکی سەردەمن، لە دوو دێردا دەڵێ:
(-چیتر فاتیمە دوو چاوی مەست نیە،
-چیتر دارا دوو دار نابینی،،،،،،هتد).
ئەو دوو دێرە هەریەکەیان لە ئاقارێک دا خۆیان دۆزنەوە، بەڵام لەڕەهەندێکی قوڵی خەمگین دا لە دایکبوون، چونکە کاتێ فاتیمەکان چاو مەست بوون، ئەوا (دڵ و ئەڤین و جوانی) خۆیان لەباوەشی عەشقێکی پاکی گەوهەردار دەدۆزیەوە، نەک سۆشیال میدیای ڕەش و سناپی دۆریین و ئینستگرای وەهمدار!.
ئەوکات فاتیمەکان بە چاوی مەستەوە لە خەمی نیشتیمان و پێشمەرگە و خاک و وڵاتیان دەڕوانی، نەک لە ئێستای بێ بەهای مرۆڤایەتی و خاک غەریبی و ململانێی ئەم و ئەو!.
بۆیە ناچار هەموومان هاوار دەکەین، ئەسەف چیتر فاتیمە پاکیزەکانی نیشتیمان چاویان مەست نیە،،،،،، نا!!!.
لە نیگایەکی دیکەوە نووسەر دەڵێت:
(چیتر دارا دوو دار نابینی)-
ئەو دارایەی نووستالیژیایانە وێنەی لە یادگەی زۆربەمان بەجێماوە، ئەو دارایەی مامۆستا ئەفەندیەکانی ئەوێ رۆژێ بە لوتفی شیرین و پەروەردەی جوان پێیان دەگوتین دارا دوو داری دی!.
ئێستا دارا بزر بوە، رەنگە گەورە بوبێت و نیشتیمانی جێهێشتبێت، یا گۆرغەریب بووبێت، حەیف،،،، ئەمێستاکەش لە بڕی دوو دار، چەندەها مرۆڤی دوو ڕوو دەبینین!!!.

*دواپەیڤ.
ماوەبڵێین ئەم ستوونە رۆژنامەوانیانەی نووسەر (حەیدەر مەنتک) بۆ هەموو تەمەن و چین و توێژەکانە، ئەو شیرینەی کە جاران تەشی دەڕێست، بەدیدی نووسەر بەهۆی گۆڕانکارییە خێرایەکانی ژیان، بەهۆی کێشە لابەلاکانی (ئەم و ئەو) تازە تەشی ناڕێسێ! دەشێ بێزاربوبێ لەتەشی ڕێستن، دەشێ ماندوو ببێ! یا پێی عەیب بێ، لە بڕی ئەو تەکنەلۆژیا سەرقاڵی کردبێ، یا بەهۆی کاری نەشیاوی کچە مۆدێلەکان ئەویش وەرس ببێ و شەرم لە ژن بوونی خۆی بکات، ڕەنگە بەهۆی تاڵییەکانی ژیان و غەدری زەمانە وازی لە تەشی ڕێستن هێنابێ و کڕ و بێ دەنگ دانیشتبێ!.