رۆژنامەی ھەولێر

بە قەڵەمی عەزیزی مەلای ڕەش…خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی؛ هۆزی باجەڵان

ئاری ئاغۆک
کاتێ نووسەرێک خۆی تەرخان دەکات بۆ نووسینەوەی مێژووی هۆزێک، ئەمە تەنیا لە چوار چێوەی بابەتێکی سادەو ساکار و تۆمارکردنی ناو و ڕووداو و پیا هەڵدانی ئەم و ئەو خۆی نادۆزێتەوە، بەڵکو وەک کەلتوور و میراتی نەتەوەیی و شووناسی هۆزێک دیاری دەکرێت، چونکە هەموو دەستکەوتەکان تەنیا بۆ هۆزێک ناگەڕێتەوە، بەڵکو مێژوو و دەستکەوت و شانازی گەل و نەتەوەیەک دەخرێتە سەرکاغەز و دواتر لە دووتوێی کتێبێک دا لە کتێبخانەکان خۆی دەدۆزێتەوە، لەوێوەش وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی ئەرشیفی و زانستی و بڕوا پێکراو لە ناوەندە ئەکادیمی و توێژینەوەکان مامەڵەی دروستی لەگەڵ دەکرێ، بۆیە نوسینەوەی مێژوو بەشێوەیەکی گشتی و مێژووی هۆزەکان بەتایبەتی ئەمانەتێکی مێژووییە دەبێ خاوەن کتێب زۆر بە ووردی و ووریایی ئەم ئەرکە جێ بەجێ بکات، چونکە مێژووی هەر هۆزێک دەبێتە یارمەتیدەرێکی زۆر باش بۆ پاراستنی ناسنامەی لایەنەکانی ئاینی و کەلتوور و کۆمەڵایەتی و سیاسی و … هتد. کە هەر یەکێک لەم بوارانە دەمانباتەوە بۆ سەر ڕەگ و ڕیشەی سەرەتا و ماڵبات و خێزان و هۆز و سەرهەڵدانی، بەڵام لێرەدا بابەتە گرنگەکە ئەوەیە ئایا نووسەر تا چەند پشتبەستوو دەبێ زانیاری و سەرچاوەی باوەڕپێکراو و ڕووداوی حەقیقی، نەک گێرانەوە لەسەر زاری ئەم و ئەو بێ هیچ بەڵگەیەکی نزیک!.
بۆیە گرنگی نووسینەوە و ئامادەکردنی کتێبێک لەسەر هۆزەکانی کوردستان بەر لە هەموو شتێک ئاشنابوونە بە مێژووی جوگرافیا و سەرچاوەی پەرەپێدان و گەشەسەندنی لە دەڤەری سەرەتاوە بۆ ناوچە و شوێنەکانی دیکە، هەروەها لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە وەک درەختی بنەماڵە هەر کەسێک شانازی بە هۆزی خۆی دەکات، ئەمەش دەبێتە بناغەیەکی پتەوی کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە.
نابێ ئەوەش لەیاد بکەین کە ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە دەبێتە هۆی هەستی بەهێزبوونی خاک و نەتەوە و نیشتیمان کە هەر هۆزێک لەو بناغەیەوە خۆشەویستی بۆ هۆز و گەلەکەی دووپات دەکاتەوە، کەواتە هەر خەمخۆرێکی نیشتیمان کار لەسەر نووسینەووی مێژووی هۆزەکەی بکات، ئەوا جێگەی شانازی و دڵخۆشییە، چونکە مێژووی باب و باپیرانمان وەک یادگەیەکی شیرینی پڕ شانازی بۆ نەوەکان دەبێتە ڕۆحی هاندان و بەردەوامی بۆ ئێستا و ئایندەی.
لەم ڕوانگەیەوە ماوەیەکە هەست بەو کارە پیرۆزە دەکەین کە مێژووی هۆزەکانی کورد لەلایەن خەمخۆرانی نیشتیمانەوە دەنووسرێتەوە و دواتر دەبێتە کتێب، بۆیە هەر کارێکی لەم جۆرە جێگەی دەستخۆشییە.
کتێبی هۆزی باجەڵان یەکێکە لەو کتێبانەی کە خۆی لەو پێناسەیە دەدۆزێتەوە کە باسم کردوە.
جا لەبەر ئەوەی ئەم کتێبە دەچێتە خانەی کتێبێکی زانستی- ئەکادیمی ، ئەوا پێویستە شرۆڤە و خوێندنەوەی بۆ بکەین، لێرەدا بەشێوەیەکی خێرا گەشتێک بە نێو ناوەڕۆکی کتێب دەکەین.
-کتێبی: هۆزی باجەڵان، لەسەدەی پازدەهەم هەتاکو سەدەی بیست و یەکەم، نووسینی: محەمەد حاجی ڕەشید باجەڵان، وەرگێڕانی لە زمانی عەرەبیەوە: ئەحمەد زەردەشت، پێشەکی و پێداچوونەوەی: پ. د. جەمال باجەڵان.
وەک لە پێشەکی ئاماژەم پێکرد، نووسین و ئامادەکردن کتێبێک ئەمانەتێکی مێژووییە پێویسیە بەبێ لایەنانە کاری لەسەر بکرێ، بۆیە منیش لەم ڕوانگەیەوە بێ ئەوەی خاوەن کتێب بناسم، کاتێ ناوەڕۆکی کتێبەکەم خوێندەوە، ئینجا بڕیارم دا خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ بابەتی پەیوەندار بکەم، نەک لەبەر خاتری ئەم و ئەو.
جا بۆ ئەوەی ئاشنایەتیەکی فراوان لەسەر ناوەڕۆکی کتێبی هۆزی باجەڵان بۆ خوێنەران بخەینەڕوو، لێرەدا تەوەر و ناونیشانی بابەتەکانی نێو ئەم کتێبە ئامژە پێ دەکەین ئەمەشیان هەم وەک ئاشنابونێک، هەم بۆ ئەو توێژەرانەی پێویستیان بەسەرچاوە و زانیاری هەیە دەتوانن بە ئاسانی سوودی لێوەربگرن.
-ئەم کتێبە لە ٢٢٤ لاپەڕە پێکهاتوە لەم تەوەر و بابەت و ناونیشانانە:
ناوی هۆزی باجەڵان، شوێنی نیشتەجێبوونی هۆزی باجەڵان، ئاین باجەڵان، مەقام باجەڵان، نازناو بەلای هۆزی باجەڵان، سەرۆکایەتی هۆزی باجەڵان، زاراوەی گۆران و ماچۆی باجەڵان، بڵاوبوونەوەی هۆزی باجەڵان بە ناوچە و ووڵاتاندا، تیرەکانی هۆزی باجەڵان، میرنشینەکانی باجەڵان.
-میرنشینەکانی باشوور( ١- سەنجەقیە قەزانیە، ٢- ئەیالەتی باجوان، ٣- میرنشینی قەراج، ٤- لیوای خانەقی).
-میرنشینەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات( ١- میرنشینی حەلوان، ٢- میرنشینی قوای خان،٣- میرنشینی دەرتەنگ، ٤- میرنشینی دەرنە، ٥- میرنشینی زەهاو). ئەحمەد پاشاو و نادر شا، چارەنووسی ئەحمەد پاشا، کاردانەوەی شکستی ئەحمەد پاشا لەبەرانبەر نادر شا، عەبدوڵا پاشا و زەند.
-بابەتە کۆمەڵایەتیەکان
( ١-ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری بەلای هۆزی باجەڵان و هۆزەکانی دیکە،٢- ڕێوڕەسمی پرسە بەلای هۆزی باجەڵان و هۆزەکانی دیکە).
کاری هەرەوەزی( ١- دروێنە، ٢- ڕاماڵینی چەم و جۆگەکان، ٣-پاککردنەوەی کونە کارێز، ٤- مەڕ بڕینەوە، ٥-دووسواغەی سەربان) خۆراکی کەلەپووری کورد و باجەڵان.
-ناوی چەند کەسایەتیەکی بە ناوبانگی هۆزی باجەڵان : مستەفا پاشا باجەڵان، ڕەشید باجەڵان، فازڵ ئاغا باجەڵان، حەمەی ئاغای باجەڵان، کوێخا خدر کاڕەسوڵ باجەڵان، کوێخا حەمەڕەش کوێخا خدر باجەڵان، حەسەن حەلیم باجەڵان، مەلا ڕەشید حەسەن باجەڵان، شیرخان ئاغا باجەڵان، ئەسفەهان و گرد شێران، ئەحمەد مەلا محەمەد مەلائەمین بیروت باجەڵان، ئەحمەد شەڕەقە باجەڵان، عەلی عەوڵا زەینەب باجەڵان.

-بۆ برایم یوسف بەیان باجەڵانقیمقامی کفری کوشت؟
-هۆزی باجەڵان لە گوند و شار و شارۆچکەکانی کوردستانی باشوور لەسەدەی بیست و بیست و یەکەم:( دەشتی بن کووڕە، دەشتی نەینەوا، دەشتی قەراج، پارێزگای هەولێر، پارێزگای سلێمانی، پارێزگای کەرکوک، پارێزگای دیالە، پارێزگای دهۆک، پارێزگای سەلاحەدین)
-باجەڵان و شۆرشی بیست، ڕوسیای قەیسەری، عەشیرەتی جمور، نامەی مەجید خان، سەرۆکەکانی جمولی بان، سەرۆکەکانی جموری خوار، بەشێک لە ناودارانی عەشیرەتی جمور، دەربەندی باجەڵان، خانەقای عومەر گۆمەت، چەند ناودارێکی دەربەندی، کاروان و خانەکان.
بێگومان ئەم ناونیشانانە زۆر بەووردی باسی لە ناوەڕۆکی بابەتە پەیوەندارەکان کردووە، لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە نووسەر هەوڵی داوە زۆر بە ووردی و فراوانی و هەمەچەشنی سەرجەم لایەن و کایەکانی هۆزی باجەڵان بخاتەڕوو، ئەم مێژوو و باسکردنەش وەک سەرچاوە ئاماژەی پێکردوە کە بریتین لە:
( چاوپێکەوتن، سەرچاوەی عەرەبی، سەرچاوەی کوردی، سەرچاوەی فارسی).
لەژێر ڕۆشنایی ئەم سەرچاوە گرنگانە ئەم کتێبە چۆتە فۆڕمی ( زانستی، دەوڵەمەندی، متمانە پێکراوی زیاتر)
لێرەدا کرۆکی مەبەستی و ئامانجی ئەم کتێبە لە زۆر لایەنەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێ، بەڵام سەرەکیتیرینیان ئەو هێڵە گشتییەیە کە وویستراوە هەڵەکان و بابەتە لاوەکی و لابەلاکان وەلا بنرێن ئەویش بۆ یەک مەبەست کە بریتیە لە ساغکردنەوەی ڕاستیەکان و دووپاتکردنەوەی کتێبێکی سپی بۆ ئێستا و ئایندەی هۆز و نەتەوە و ئەرشیف و مێژووی گەلی کورد.

هەروەک لە دەسپێکی ئەم کتێبەدا هاتووە:
بێگومان دانانی ئەم پەرتوکە لە چەندین ڕووەوە سەرچاوە دەگرێ، لەوانەش خستنە ڕووی یەکەم پەرتوک لە هۆزی باجەڵان بدوێ، لەوەو پێش هەوڵێکی وا نەدراوە تەنانەت ئەوەی نووسراوە سەبارەت بەم هۆزە کاڵ و کرچ و زانیاریەکی پەرش و بڵاو و کەمە، پشت بەستراوە بە جۆرەها ڕاوبۆچوونی جیاواز، کە هەرگیر ڕاست و دروست نین ئەمانە هاندەرم بوون بۆ ئەنجام دانی ئەم کارە، مەبەستمان بە دواداچوونی ڕاستیەکان بووە خوێندنەوەیەکی زانستیانەی بەر فراوانی مێژوویی لە ئاست ئەم هۆزەدا ئەنجام بدەین و پشت بەسەرچاوەی متمانە پێکراو ببەستین لە پێناو خستنەنەڕووی ڕاستیەکان.