رۆژنامەی ھەولێر

(دڕنــــــــــــــــدەیی) مرۆڤ وەک کەرەستەیەکی خاو بــــــــــــــــــــۆ تاڵانکردن

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
لە فکری هاوچەرخدا، ڕێكخستنەوەی چەمكی “دڕندەیی” بە ڕووخانی سیستەمە ئەخلاقییە گەورەکان و گۆڕانی مرۆڤ بۆ ئامێرێکی وێرانکەر بەستراوەتەوە. بۆ شیکردنەوەی ئەم “تێزە” دەکرێت لە دوو ڕەهەندی سەرەکییەوە (فەلسەفی-سیاسی) و (دەروونناسی)یەوە قسەی لێبكەین.
لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا، ئەو سیستەمە ئەخلاقی و فەلسەفییانەی کە بەڵێنی رزگارکردنی مرۆڤییان بڵاو دەكردەوە (وێناکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی عەقڵانی، مافەکانی مرۆڤ، پێشکەوتنی مۆدێرنیتە)، تەواوی مرۆڤایەتییان دووچاری شۆک كرد؛ چونكە نەك هەر نەیانتوانی “دڕندەیی” لە بیركردنەوەی مرۆڤایەتی بكەنەوە، بەڵكو هاتن دڕندەییان لەڕێگای تەکنیکی (نەخۆشخانە، بەندیخانە، کەمپی لەناوبردن، چەکی ناوەکی) ڕێکخستەوە!. لێرەوە كاتێكـ ئەخلاق لە بنەمایەکی گەردوونیی ڕەهاوە دەبێتە «ئامرازێک» کە دووبارە دەسەڵات پێناسەی دەکاتەوە، ئیتر بەهاکانی وەک بەزەیی، دادپەروەری و هاوسۆزی لە مرۆڤبوون دادەمالرێن و دەبنە شتی ڕێژەیی، واتە کاتێک مرۆڤ دەبێتە ئامێری کوشتن یان وێرانکاری، ئیتر لەڕووی (فەلسەفی-سیاسی) وەک کردەوەیەکی ئەخلاقی یان تاوانکاری پێوانەی بۆ ناكرێت، بەڵکو وەک «سەرکەوتنی تەکنیکی یان ئەرکێکی کارگێڕی» سەیر دەکرێت.
بەڵام لەڕووی دەروونناسیی هاوچەرخەوە بە تایبەت لای دەروونناسی ناوداری کەنەدی-ئەمریکی (ئەلبێرت بەندورا ١٩٢٥- ٢٠٢١)، کاتێک مرۆڤ دەبێتە ئامێری وێرانکەر، كە پرۆسەی دابڕانی دەروونی لە ئەنجامی کردەوەکانی ڕوودەدات. بەندورا وەكـ زیگمۆند فرۆید دڕندەیی بۆ غەریزە شاراوەكانی دەروونی مرۆڤ ناگەڕێنێتەوە. بەڵكو بڕوای وایە کە دڕندەیی و توندوتیژی ڕەفتارێکە لەڕێگای فێربوونی دەرەکیی و میکانیزمی مەعرفیكردنەوە (ناساندنەوە) ڕەوایەتی وەردەگرێت. مەبەستی ئەوەیە كە لەڕێگای فێربوونی کۆمەڵایەتییەوە تاک لە ناو کۆمەڵگە، خێزان، یان میدیادا فێری دەبێت و ئیتر توندوتیژی و دڕندەیی بەرامبەر گرووپێک دەگرێتەبەر یان وەک «کاردانەوەیەکی قارەمانانە» لەخۆیدا نیشانی دەدات. بەو مانایە فێربوون تەنها لە لەڕێگای بەهێزکردن و سزادانەوە دروست نابێت، بەڵکو لەڕێگای چاولێکردن، مەشق‌كردن و کارلێکی ناسینیشەوە ڕوودەدات؛ لەڕێگای میکانیزمی ناساندن و ناسینەوە، كە بە یەکێک لە بەناوبانگترین تاقیکردنەوەکانی دەروونناسی باندۆرا ناسراوە؛ واتە كاتێكـ منداڵەكان سەیری ڤیدیۆیەکی گەورەساڵان دەكەن کە بە توندوتیژی لە بووکەڵەیەک دەدەن، هەمان ئاکاری شەڕەنگێزانە لە گەمەكانی خۆیاندا دووبارە دەكەنەوە. لەڕێگای ئەم تاقیکردنەوەیە كە بە تاقیکردنەوەی بەناوبانگی “بووکەڵەی بۆبۆ” ناسراوە، كۆمەڵێ بەڵگەی بەهێزی لە دژی تیۆرییەکانی ڕەفتارگەرایی پێشکەش کرد و ڕۆڵی فێربوونی‌ لاساییکردنەوەی لە گەشەکردنی ئاکاردا پشتڕاستکردەوە. لێرەدا دەشێ پرسیار ئەوە بێ: چۆن مرۆڤێک کە پێوەری ئەخلاقیی هەیە، دەتوانێت تاوانی تۆقێنەر و دڕندانە ئەنجام بدات، بێ ئەوەی هەست بە گوناح بکات؟! هەڵبەتە چەمكی «دابڕانی ئەخلاقی»ی ئەلبێرت باندۆرا، واتە کوژاندنەوەی سیستماتیکیی خود-کۆنتڕۆڵی ئەخلاقی، كە بنەمای میکانیزمی مەعرفیكردن دیاری دەکات. بەمجۆرە بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی چالاکانەی مرۆڤ لە فێربووندا، باندۆرا هەنگاوێکی دیكە لە دەروونی مرۆڤ نزیک دەبێتەوە.
بەكورتی ئەلبێرت بەندورا، پێی وایە دڕندەیی حاڵەتێکی نەخۆشیی دەروونی یان نەزانراوی ناوەکی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی تەواو مەعرفیكردن و ڕێکخراوە. واتە ئەگەرچی مرۆڤ بە سیستەمێکی ئەخلاقییەوە ڕاهێنراوە، بەڵام لەڕێگای فێربوونی دەرەكی و میکانیزمی مەعریفیكردنەوە دەتوانێت سیستەمە ئەخلاقییە ڕاهێنراوەكەی “بکوژێنێتەوە” یان بە شێوەیەكی کاتیی هەڵیپەسێرێت، بێ ئەوەی هەست بە گوناح یان شەرمەزاری بکات، وەكـ ئامێرێکی وێرانکەر و دڕندە بەرامبەر بە هاوجۆرەکانی خۆی ڕابێتەوە.
كەواتە ئەو “تێزە”ی سەرەوە پێمان دەڵێت، کە دڕندەیی مۆدێرن بەهۆی “گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ سەردەمی کێوی و بەربەریەت” ڕوونادات، بەڵکو بە بەپێچەوانەوە، بەهۆی “سەرکەوتنی ساردی تەکنەلۆژیا و داڕمانی ڕەوشتی گەردوونی” ڕوودەدات. مرۆڤ کاتێک دەبێتە ئامێری وێرانکەر، شێت یان یاخی نییە، بەڵکو کەسێکی بەركارە و بە سیستمێکەوە بەستراوەتەوە.
(ئاشیل مبێمبێ)
كتێبی «دڕندەیی: لەدەستدانی ناسنامەی مرۆیی» نووسەر ئاشیل مبێمبێ بیرمەندی دیاری کامیرۆنیی، مامۆستای توێژەر لە مێژوو و سیاسەت لە پەیمانگای “ویتس” بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە جۆهانسبرگ لە باشووری ئەفریقیا. لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئەو كتێبەی بە زمانی فەرەنسی نووسیوە و نوسخە عەرەبییەکەی لە ساڵی ٢٠٢١دا بە وەرگێڕانی “نادرە سنوسی”ی تونسی و بە هاوكاری «دار ابن الندیم» و «دار الروافد الثقافیة» بڵاوبۆتەوە. ئاشیل مبێمبێ لە ساڵی ٢٠١٨دا خەڵاتی ئەکادیمی “ئێرنست بلۆخ”ی بەدەستهێناوە و لە هەمان ساڵدا خەڵاتی دامەزراوەی “جێردا هێنکل”یشی وەرگرتووە.
كتێبی «دڕندەیی: لەدەستدانی ناسنامەی مرۆیی» یەکێکە لە قووڵترین شیکارییە فەلسەفی و کۆمەڵناسییەکانی بۆ دیاریدەی مۆدێرنەی تاڵانکار!. مبێمبێ زاراوەی «دڕندەیی» تەنها وەک ئاماژەیەک بۆ توندوتیژی فیزیکی (جەنگ و کوشتار) بەکارناهێنێت، بەڵکو وەک لۆژیکی گشتیی بەڕێوەبردنی مۆدێرنەی تەكنەلۆژی بەكاری دەهێنێت. بەو مانایەش دڕندەیی داڕنینی جیهانە لە هەموو بەهایەکی ڕۆحی و “بە بەیاركردنی کۆمەڵگا”یە، تا جەستەی مرۆڤ وەک زەوییەک بۆ تاڵانکردن (دەرهێنانی داتا، هێزی کار، و کڕیار) بەكار بهێنێت؛ یان تا لە لەڕێگای ئەلگۆریتم و ژیریی دەستکردەوە سیمای ڕەسەنی لێبسێنێتەوە.
كەواتە توندوتیژیی هاوچەرخ تەنها توندوتیژیی دەوڵەت لە کاتی جەنگدا نییە، بەڵکو سیاسەتێکە بۆ دابەشکردنی مرۆڤەکان بۆ دوو بەش: ئەوانەی شایستەی ژیان و داڵدەدانن (دەستەبژێری جیهانی). ئەوانەی دەشێ بخرێنە پەراوێزەوە: کۆچبەران، بێماڵان، و دانیشتووانی باشووری جیهانی کە سیستەم وەک «پاشەڕۆی زیادە» سەیریان دەکات.

ئاشیل مبێمبێ داخورانی مرۆڤ بە داخورانی سروشت و ژینگەوە دەبەستێتەوە؛ پێی وایە لۆژیکی تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان (کەوتنی دارستانەکان، ژەهراویبوونی ئاووهەوا) هەمان لۆژیکە کە ژیانی مرۆڤ تاڵان دەکات. لێرەوە مۆدێرنەی تاڵانکار مرۆڤایەتی تووشی سڕبوون، بێهەستی، و لەدەستدانی ناسنامەی ڕەسەن كردووە و ڕۆژانە ئەو توندوتیژییە، لە سنوورەکان، بازاڕەکان، و شاشە دیجیتاڵییەکاندا بەرامبەر مرۆڤبوون بەبێدەنگی جێبەجێ دەکات و بە جۆرێک ئامانجی بووەتە خێراکردنی ئەو جێبەجێكردنە و فرەڕەهەندی لە جێبەجێكردندا؛ لەسەر ئەو بنەمایەش بوونی مرۆیی بۆ بوونێکی پلاستیکیی دەستکرد گۆڕیووە، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردن و دەستکاری کردنی لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە ئاسان بكەوێتەوە.
بەمجۆرە چەمکی دڕندەیی وەک هۆکارێکی بنچینەیی بۆ دەسەڵات و تۆپۆگرافیای کەلتووریی، پرۆسەکانی شکان و لێکدابڕان سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە؛ لێرەوە دەسەڵات و تۆپۆگرافیای کەلتووریی دەبێتە هۆی نکۆڵیكردن لە مرۆڤبوون! هەڵبەتە لەڕێگای سەیرکردنی مرۆڤەکان وەک بوونەوەرێکی ماددیی ملکەچ. بەوەش مبێمبێ پێی وایە دەسەڵات لە بنچینە و دروستبوونیدا بریتییە لە تەکنیکێک بۆ بەکارهێنانی ئامراز و دروستکردنی ئامراز، واتە کاتێک ڕژێمێک یان ئایدۆلۆژیایەک جەستەی قوربانییەکان ناخاتە خانەی “مرۆڤ”، بەڵکو وەک ڕاگری قورسایی لە بواری کۆنکرێتی و بونیادنانی باڵەخانەسازیدا بەكاری دەهێنێ و جەستە دەکاتە شتێکی فیزیکیی ڕووت. خودی ئەو بەکارهێنانە ڕێک دەچێتەوە خانەی «داماڵینی سیفەتی مرۆڤبوون» کە ئەلبێرت بەندورا باسی دەكات.
لێرەوە کوشتن یان لەناوبردنی ئەو جەستەیە وەک “کوشتنی مرۆڤێک” سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک لادان یان تێکدانی کەرەستەیەکی بیناسازی بەرچاو دەکەوێت. ئەگەرچی ئەم ڕێکخستنە هاوشێوەی هاوشێوەکردنی دروستبوونی فەلسەفیی بوون دیارە، بەڵام بە ماددییەکی زۆر هەڵخەڵەتێنەر و کاریگەر؛ بە مانایەکی تر مرۆڤێک کە بووەتە بەشێک لە کۆمەڵە ئامرازێک (كەرەستەیەكـ) کە دەبێت دەسەڵات سوودی لێ وەربگرێت، و بە مەبەستی هێشتنەوەی بوونی خۆی، بێگوێدانە بەهاكانی- شتەکان وێران دەکات..
كەواتە پرۆسەی سڕینەوەی مرۆڤ بەهۆی ئەو شێتگیریی تەكنەلۆژییە دێتە ئاراوە، ئەو شێتگیرییەش وەكـ بەدیهێنانی پێشكەوتن تەماشا دەكرێت! بەمەش ئەم پرۆسەیە لە پێناسەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئۆڕگانی کە لە گۆشت، مێشک، و دەمار پێکدێت، تێدەپەڕێت. واتە مۆدێرنەی تاڵانکار تاووتوێی چەمکی «ئامێر-مرۆڤ» یان «مرۆڤی ئامێر» دەکات، لەسەر دوو ئاست: مانای ڕاستەقینەی و ئاماژەییەکەی.
بەڵام بیرمەندە کامیرۆنییەکە لە داماڵینی سیفەتی مرۆڤبوون لەڕێگای تەكنەلۆژیاوە ئاماژە بە ڕۆڵی زمان لە چەسپاندنی ئەم چەمکسازییەدا دەکات. لێرەدا ئەگەرچی زمان، مرۆڤی وەک گەشەسەندووترین بوونەوەر خستۆتە لووتکەی هەرەمەکەوە، ئەگەرچی زمان بەرزترین ناسنامەی مرۆڤە كە بەهۆی پەڕگیربوون و هێماداری بۆ مرۆڤ بەشداری لە داھێنانی چەمک و بونیادنانی مرۆیی دەكات. كەچی ئەمڕۆ تەکنەلۆژیاش وەكـ دیارترین دەرکەوتە مامەڵەی لەگەڵدا دەكات كە توانیویەتی چەمکی ئۆنتۆلۆجیی نوێی پێ زیاد بكات؛ لە کاتێکدا زمان ڕەهەندی دەروونی و کەسیی تێدایە و سنوور بۆ جیهانی مرۆیی دەکێشێت، كەچی تەکنەلۆژیا زوو دەستی کرد بە قووتدانی هەموو ئەوانە و قووتدانی بوونی مرۆڤ و بەکارهێنانی وەک سوتەمەنی، بەمەش تەکنەلۆژیا تەنها توخمێک نییە بۆ لێكجیاكردنەوەی زمان لە مرۆڤ، بەڵکو زمان لە تەكنەلۆژیادا بووە بە ئامانج.
وێنەکانی دڕندەیی
ئاشیل مبێمبێ پێی وایە دڕندەیی بە مانای وێنەکانی کوشتن و جەنگ نایەت، بەڵکو وەكـ هاوبەش لەگەڵ تفەنگ یان تۆپ دەبێتە هۆی تەقاندنەوەی کۆمەڵێک ڕووداوی کوژەر، ئەوەش بەهۆی دەسەڵاتێکەوەیە کە کۆتایی بە چەمکی مرۆڤی مەدەنی دەهێنێت. جگە لەوەش دڕندەیی وەكـ وتەگەلێک لەڕووی زمانەوە تێکەڵی ڕەهەندی نێرینەییی دەسەڵات دەبێ، نێرینەییی دەسەڵات هاوشێوەی ڤالوسێكی ڕەپ کە بەدەست برسییەتییەکی بەردەوامی سێكسییەوە دەناڵێنێت، بەردەوام بەدوای تێربووندا دەگەڕێت. بەو مانایەش هێمای دەسەڵات سەرباری بڵاوبوونەوەی بەهاکانی دەستکاریکردن، شاردنەوە، و ڕێکخستن، کێشەگەلێکی وەكـ: ڕەگەزپەرستی، زەوتکردنی مافی ژنان، کۆیلایەتی و هی تریش دەخاتەوە، كە ناشێ تەنها وەک بابەتگەلێکی ئابووری بازاڕی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین!.
كەواتە ژیانی تەکنیکی ئاقڵتری نەکردین و لە پێشوو مەنتیقیتر نەبوو.. ئەگەرچی زانست نەزانیی دووردەخاتەوە، بەڵام بەهاکانی دەمارگیری، سادەیی، و گەمژەیی زێتر كردووە! چونكە وەكـ دکتۆر (رامی ئەبو شەهاب)ی ڕەخنەگر و شاعیر و توێژەری ئەکادیمیی ئوردنی-فەلەستینی لە (القودس العربی- الإثنين، 3 أغسطس، 2026) لەسەر زاری مبێمبێ دەڵێ: مرۆڤ پێویستی بە بڕێک ئیمان هەیە، پێویستی بە ئەفسانە و هێماکان هەیە، بەتایبەتی لە جەنجاڵیی بڵاوبوونەوەی شاشەکان و ونبوونی پەیوەندییە مرۆییەکاندا، کە وامان لێدەکات بپرسین لە واقیعی زمانێکدا کە کورتکراوەتەوە بۆ وێنە، و دواتر بۆ جەستەیەک کە مانای چێژ دەدات، چی بە ڕۆح و دەروونمان دەبەخشێت؟!. مبێمبێ پێی وایە جیهانی دیجیتاڵی هاوشێوەی خەونی ئایینی خاوەنی شاراوەیەک یان مەرجەعێتێکە، بەڵام لە جیهانی دیجیتاڵیدا بیرباوەڕەکان هاوشێوەی بەها ئەلیکترۆنییەکان وەڵامی بەهاکانی بازاڕ، خستنەڕوو، داواکاری، بەکارهێنان، و بەکاربردن.. دەدەنەوە؛ نەكـ دەروون، خەون و خەیاڵ و ڕۆح.
(رامی ئەبو شەهاب) لە نمایشكردنی ئەو كتێبەی ئاشیل مبێمبێدا جەخت لەوە دەكاتەوە، كە بیرمەندە کامیرۆنییەکە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئەو چەمکانەی کە حکومەتە لیبراڵەکان بەرهەمیان هێناوە و ئێمەی پەراوێزیی والێكردووە بڕوا بەوە بهێنین کە بوونمان تەنها لەڕێگای کشانەوە بۆ ناو چوارچێوەیەكی دیاریكراو و نەتەوەییەک بەدی دێت، واتە هەموو کەسێک دەبێ بۆ نیشتمانەكەی خۆی بگەڕێتەوە، نەكـ بۆ بەهرە و توانا جیاواز و داهێنانەكانی.. بەمجۆرە جەنگ دژ بە توانای داهێنان و جیاوازییەكانی کۆچبەران و ئاوارەکان دادەگیرسێنێ. جگە لەوەش بەهاکانی ئازادیی ڕەهای سێكسی وەک پەرچەکردارێک بۆ گوتارە ئایینییەکان کە سێکس وەک بەهایەکی قەدەغەکراو دەبینن، دەبزوێنێ؛ بەوەش دەستی بە بەتاڵکردنەوەی «ئەوی تر» لە توانا و ناوەڕۆکەکەی دەكات.
بێگومان بەهاکانی وەرچەرخان لە چەسپاندنی دڕندەیی هاوچەرخدا گوتارگەلێکی تر دەگرێتە بەر کە بە دەستکاریی هۆرمۆنی و نەشتەرگەریی جوانكارییەوە پەیوەستە؛ سەرباری بەهێزکردنی ئەو کەرەستانەی تێکەڵی بوونی دەستکردییان دەكات، کە مانای فرەیی جەستەکان و هەستەکان دەبەخشێت!. بەمجۆرە هاوشانی كێشە نانەوە بۆ كۆچبەر و ئاوارەكان، بە دژی بەهاکانی لادان و دیاریكردنی سنوورەکان، كێشە بۆ دانیشتووانی باشووری جیهانیش دەنێتەوە؛ ئەوەی لەو كێشانەدا دەكەوێتەوە دابیننەکردنی خۆراک و هەژاریی و سەرگەردانی و نەخۆشییە.. سەرباری جیاوازی ژمارەی دانیشتووان، وڵاتانێک هەن دانیشتووان بەرهەم دەهێنن و ئەوانی تر تووشی کەمی دەبنەوە؛ ئەوەش گوزارشت لە شێوانی مانای ژیانی مرۆیی دەكات.
دواجار ئەگەر دەیڤد لیڤینگستۆن سمیس لە كتێبی (دروستکردنی دڕندەکان) پرسیاری ئەوە بكات كە مێشکی مرۆڤ چۆن لەڕووی دەروونییەوە وەڵامی توندوتیژی دەداتەوە، بۆ ئەوەی ئەوانی تر وەک دڕندە ببینێ؛ ئەوا ئاشیل مبێمبێ لە كتێبی (دڕندەیی: لەدەستدانی ناسنامەی مرۆیی) وەڵامی ئەوە دەداتەوە كە: سیستەمی هاوچەرخ چۆن لەڕووی پێکهاتەیی و تەکنەلۆژییەوە شارستانییەت تووشی دڕندەیی دەکات. سمیس، باس لە «دروستکردنی دڕندە لە هۆشیاریدا» دەکات. مبێمبێ، باس لە «دروستکردنی دڕندەیی لە واقیعدا» دەكات.
هەولێر 3/8/2026