عومەر چنگیانی
هەشت ساڵ و شەش مانگ و چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، ئەم بابەتەم لە ڕۆژنامەی هەولێری ژمارە ٢٧٨٧ لاپەڕە ١٤، سێشەممە رێکەوتی ١٣/٢/٢٠١٨ـدا بۆ بڵاو كرایەوە، بۆیە ئەم پێشەكییەیش دەنووسم تا كەس نەڵیت مەبەستێكی تایبەتیت هەیە بەدەر لە ڕوونكردنەوەی شەرع، ئەوكات نووسیومە: (پشتیوان بەخوا گوڵخەرمانی ئەمڕۆمان تایبەت دەكەین بە حوكمی بەشێكی هەستیار لە جۆرەكانی لەكەداركردن.
دەستەواژەی “لەكەداركردن” كە بە زمانی عەرەبی پێی دەگوترێت “رمی؛ قذف”، بە شێوەیەكی گشتی بەوە دەگوترێت كەسێك بە كەسێكی تر بڵێت “ئەو” لە فڵانە تاوانەوە گلاوە، یان بەوە لەكەداری بكات كە لە فڵان نەتەوە، یان تیرە نیە، یان لەو ڕچەڵەكە نیە، یان لەو باوك و دایكە نیە، یاخود هەر تاوانێكی تر بداتە پاڵی، یان بڵێ: فڵانكەس داوێنی دۆڕاندووە، وەك ئەوەی لە كوردەواریدا زۆر بە ئاسانی لە كاتی جوێنداندا زۆر باوە كە وشەی حیزێتی یان قەحبایەتی دەدەنە پاڵ یەكتری، یان ئێستا و جیهانی “سۆشیالمیدیا” كە پڕیەتی لە ئەوپەڕی سنووربەزاندن و لەكەداركردن و بەدناوكردن و ناوزڕاندن!
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە تیشكی بخەمە سەر، گەڕانەیەوە بۆ ڕوونكردنەوەی جۆرێكیان و بەس، ئەویش داوێندۆڕاندن دانەپاڵ كەسێكی پاكە، كە لە چەندین ئایەتی سورەتی “نور”دا حوكمە دنیاییەكەی هاتووە:
یەكەم: لە چوارەم ئایەتدا حوكمە دنیاییەكەی بەم شێوە باس كراوە و دەفەرمێت:
“ئەو كەسانەی داوێنپاكان لەكەدار دەكەن بە تاوانی زینا و لەسەر قسەکەیان چوار شایەتیش ناهێنن هەتا پشتیگیری لە قسەكەیان بكەن، ئەوا هەشتا “جەڵدە” داریان لێ بدەن.
هەرگیز شایەتییان لێ وەرمەگرنەوە.
ئەو جۆرە كەسانە لەوانەن كە تاوانی گەورە دەکەن و فاسقن.”
دەرەنجامی ئەمە، ئەم حوكمانە دەچەسپن:
1. پێویستیبوونی چوارشایەت دەنا هەشتا دار دەدرێ لە پشتی كەسەكەی جوێنەكەی داوە.
2. ئەو لەكەداركار، یان جوێندەرە، بۆ هەتا هەتایە – مەگەر تەوبە بكات؛ دەنا كەسایەتییەكەی دەڕووشێ و تەنانەت بایی ئەوەندەی پێوە نامێنێ كە بە شایەت وەربگیرێت.
3. ئەگەر تەوبە نەكات بەو كارەی حوكمی فاسقێتیی دەدرێت بەسەردا، فاسقیش واتە ئەو كەسەی تاوانی گەورەگەورە دەکات و زۆریش بە ئاسایی وەری دەگرێت و بگرە شانازییشی پێوە دەكات؛ نموونەی ئەمە هەر زۆرە لە پێشچاومان.
دووەم: لەكەداركردنی مێرد بۆ ژنەكەی خۆی، كە ئەمڕۆ بە زمانی هاوچەرخ پێی دەڵێن ناپاكی (خیانەت) دانەپاڵ.
لە شەشەم و حەوتەم ئایەتی سوورەتی “نور”دا دەفەرمێت:
“ئەو _ كەس _ مێردانەی ژنەكانی خۆیان بە داوێندۆڕاندن لەكەدار دەكەن و هەرخۆیان وا دەردەبڕن كە دەیزانن و شایەتی لەسەر شتەكە دەدەن و بەدەر لە خۆیان شایەتی تریان لەگەڵ نیە، ئەوكات چوارجار شایەتیدانی مێردەكە لەگەڵ سوێنددا كە بڵێت سوێند بەخوا ئەو لە ڕاستگۆیانە و لە جاری پێنجەمیشدا بڵێ نەفرینی خوای لێ بێت ئەگەر درۆی کردبێت.”
دوای ئەمە نافەرمێت بەم تاكلایەنیی لەكەداركردنە حوكمەكە دەچەسپێ و تەوقی لەعنەت دەكرێتە ملی ژنەكە و پیاوەكەیش ئافەرمی لێ دەكرێت، یان ڕێگای پێ دەدرێت بە یاسای خێڵەكی، یان وەك دەڵێن یاسای جەنگەڵستان و ئاژەڵ، بڕیاری لەناوبردنی خانمەكە بدرێت! نەخێر هەرگیز لە ئیسلامدا حوكمێك نیە وا و شتێك نیە بە ناوی كوشتن بە پاساوی شەرەفپارێزی ـ غسل عار ـ بەڵكو چەمكی بابەتەكە دەچێتەوە ژێر دەستی ژنەكە و لە دوو ئایەتەی دواتردا دەفەرمێت:
“ژنەكە تۆڵەی زینا لەسەر جێیبەجێكردن لە خۆی دوور دەخاتەوە بەوەی ئەویش چوار جاران شایەتی لەسەر داوێن و پەرێزپاكیی خۆی بدات بەوەی كە بڵێ: سوێند بە خوا پیاوەكەی درۆ دەکات و، لە جاری پێنجەمیشدا بڵێ: خەشمی خوا لەسەر ئەم بێت ئەگەر پیاوەكەی راستی گوتبێت.”
دوای ئەمە هیچ حوكمێك نیە لەسەر ژنەكە بەدەر لە جیاكردنەوەیان لە یەكتری، بە مانا بە قسەكانی پیاوەكە حوكمەكە نەچەسپی و تەنها سوودی ئەوە بوو هەشتا دارەكەی لە خۆی دوور خستەوە.
ژنەكەیش پەرێزپاك دەرچوو و هیچ حوكمێكی لەسەر جێبەجێ نەكرا بەدەر لە تێكدانی باری ژیانی هاوسەرگیرییان و ئیتر ئەگەر لەو كاتەدا دادوەریش لێكیان جیا نەكاتەوە “تاڵ بوو بەشیان” و بۆ هەتاهەتایە لێك حەرام بوون.
تێبینی: جێبەجێكردنی ئەم “لیعان”ـە لە شوێنێكی گشتی و لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەر و بە پێی هەندێ یاسا دەبێت نەك هەڕەمەكی هەركەس بۆی هەبێت جێبەجێی بكات.
دوا وشە: كاتێك ئەم حوكمە توندانە لە ئیسلامدا دەبینین، تێدەگەین تا چەند بەهەندوەرنەگرتنی ئەم حوكمە و بەئاسانی لەكەداركردنی خەڵكی بۆ یەكتر چەند كارێكی مەترسیدار و تاوانە و، لە هەمان كاتیشدا زۆر بە بەربڵاوی هەیە و خەڵك وەك بنێشتەخۆشە باسی یەكتری دەكەن و زیاتر لەوە تێدەگەین داخۆ ئێمە كۆمەڵگایەكی ئیمانداری مسوڵمانمان هەیە، یاخود كۆمەڵگایەكی پڕ لە لاساییكردنەوە و دابونەریتپەرست و خێڵپەروەر؟!

