فازڵ میرانی
لە سەرەتادا پیرۆزبایی یادکردنەوەی هەشتا ساڵەی تەمەنی حیزبەکەمان لە سەرجەم ئەندامان و دۆستان دەکەم. بە دڵکەچی و شکۆوە یادی ڕووحی شەهیدانمان، ڕووحی بارزانیی باوکی کورد، ئیدریسی برای سەرجەم تێکۆشەران ڕادەگرم، ماچی ناوچەوانی سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە ڕێگای ئازادکردنی کوردستان و پاراستن و سەربەرزیی گەلەکەیان هەڵبژارد.
پەیڤەکان دەستەوەستانن لە ئامێزگرتنی مێژووی حیزبەکەمان، ئاخر چۆن دەستەوەستان نەبن لە دەربڕینی مەزنیی قوربانییەکان و ئەو کار و دەستکەوتە گەورانەی بۆ نەتەوەکەی ئەنجامی داون. مێژوو لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان، هەروەها لە وڵاتانی پەنابەری و جێگیربوون، و سەرجەم ئەو ناوچانەی ڕاگواستن کە نەتەوەکەمان لەپێناو رزگاربووندا پێیدا تێپەڕی، شایەدیی لەسەر پێگە و دەستپێشخەریی سەربەرزانەمان دەدات لە نەهێشتنی زوڵم و ستەم لەسەر گەلەکەمان، بەو مەشخەڵانەی ڕووناکی، کە سەرکەوتنە سەر چیاکان و بۆ ڕۆشنکردنەوەی دەشتاییەکان هاتنە خوارێ .حیزبەکەتان، خوشک و براکانم، کچ و کوڕانم، ئەو ڕێکخستنەیە کە بە ئامادەیی ئێوە ئاڵاکانی بەرزکردەوە؛ بە عەقڵ، هەڵبژاردن، سووربوون، ئیرادە و خۆڕاگری، بە قوربانیدان و لەخۆبوردوویی بۆ گەلەکەتان، بە بەخشینی ڕەنج و خوێن لەو پێناوەدا.
مستەفا بارزانی و حیزبەکەمان، پێشتر و ئێستاش بڕیاردەری سەرەکیی نەتەوەیی و نیشتمانی بوون، ڕێگر بوون لە سەپاندنی زوڵم و بەردەوامبوونی. تەنانەت پێش یەکەمین کۆنگرەشی لە هەشتا ساڵ بەرەوژوور، ڕووحی دەستپێکردنی حیزبەکەمان گەشەی دەکرد بۆ ئەوەی ببێتە قەوارەیەکی ڕێکخراوەیی کە هاوشانی ڕەوتی دروستکردنی ڕووداوە سیاسییەکان بێت لەسەر ئاستی دەوڵەت و لەسەر ئاستی دۆزەکانی ڕزگاریخوازیی جیهانی.
فکر و تێکۆشانی مستەفا بارزانی کاریگەرترین هۆکار بوو لە ڕاکێشانی سەرنجی ئەو دەسەڵاتانەی فەرمانڕەوایی کۆمەڵگە و خاکەکەمانیان دەکرد بەرامبەر بەو هەڵانەی ئەنجامیان دا، بەرامبەر بەوەی ڕووبەڕووی دەبنەوە ئەگەر ڕێگەی کوێرانە هەڵبژێرن. ئەگەر نەخشە و بەڵگەنامە وێنەیی و فیلمییەکانی کوردستان لەنێوان دوو ڕۆژی دوو ساڵدا دەربهێنین کە هەشت دەیە لەنێوانیاندایە، جیاوازییە گەورەکە لە دەستکەوتەکاندا بە ڕەنگی ئاڵای کوردستان و حیزبەکەمان، بە ڕەنگی ئەو خوێنە بەردەوامە دەردەکەوێت. ئەگەر بەدوادەچوون بۆ ئەدای کۆمەڵگەکەمان بکەین کە زیاتر شارستانی بووە و ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی قووڵتر بووەتەوە، هاندان و هۆشیارکردنەوەی بارزانی و حیزبەکەمان بە ڕوونی لە گەشەپێدانی ئەم ئەدایەدا دەبینینەوە.
ئەگەر ڕووبکەینە دڵنەواییکردنی بنەماڵەی قوربانییان، نە کات بەشمان دەکات و نە دەستمان دەگاتە تەواوی ئامادەیی جوگرافییان. ئەگەر سەرجەم ئەو قوربانییانە تۆمار بکەین کە گەلەکەمان و حیزبەکەمان لەپێناو ئازادیدا بەخشیویانە، خەڵکی لە مەزنیی قەبارەکەی سەرسام دەبوون.ئەگەر خاکەکەمان بدوایە دەربارەی هەر تێکۆشەرێکی گەلەکەمان و حیزبەکەمان کە پێی لێنابێت، سەنگەری هەڵکەندبێت، پەنای بۆ ئەشکەوتێک بردبێت، یان شەهید و بریندار بووبێت، قەرەباڵغییەکی بێپایان دەردەکەوت و سەرانسەری دەشت و کێوی دەپۆشی. هەر جووتیارێک و شوانێک، هەر مامۆستا و پزیشکێک، هەر ژنێک کە نان و دۆی دابێتە پێشمەرگەکانمان، هەر بەندکراوێکی زیندان و سەرکەوتوویەکی پەتی سێدارە لەپێناو نەتەوەکەماندا، هەر منداڵێک کە لەنێوان ئاوارەیی و بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا گیانی سپاردبێت؛ هەموویان بەشێک لە فێنکایی ڕووحی بارزانییان تێدایە و خەزێنەی بەخشینن بۆ کوردستان.تەواوی ئەم بەخشینە کە هاوشانی قەبارەی ژان و ئازارەکانە، سەرچاوەکەی بۆ ئەو عەقڵییەتە دەسەڵاتدارە دەگەڕێتەوە کە دادپەروەری بە شایستەی پەیڕەوکردن نەبینیوە.
لەگەڵ تەواوی ئەوەی بەسەرماندا هاتووە، ئێمە هەمیشە و تا ئێستاش خۆڕاگرتر و بەئیرادەتر بووین، سوورترینین لەسەر بەردەوامبوون لە ڕێگاکەمان. ئێوە ڕۆڵەی مستەفا بارزانین، ئەو کەسەی لە هەر بەشێکدا مەشخەڵێکی ڕووناکی داگیرساند کە تا ئەمڕۆش ڕووناکییەکەی پێمان دەگات، بە حیزبەکەمان ڕێگەی بۆ خۆشکردن، دوژمنی تێکشکاند، وای لە میراتگرانی دوژمن کرد پێش ئەوەی بوێریی پەلاماردانمان بکەن، سەدان حیساب بۆ بڕیارەکانیان بکەن. ئێوە ڕۆڵەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵانن، ئێوە ڕۆڵەی ڕاپەڕین و سەرکەوتنەکانن، برای وەفاداری هەموو ئەو کەسانەن کە دووچاری ئاگری دەستدرێژی و ترساندن، برسیکردن و پەراوێزخستن بوونەتەوە. ئێوە بیناتنەری ئەم سەردەمەن، ئێوە ئەو کەسانەن کە شانازی بەوەوە دەکەن حیزبەکەتان نەیارانی ناچار کرد بە دانانی کۆنترین دەستوورەکان کە بوون و مافەکانمان دەسەلمێنن. ئێوە میراتگری ڕێککەوتننامەی ئاداری ١٩٧٠ و بەیاننامەکانی پێشترن کە ددان بە مافەکانماندا دەنێن، بە ئارامی و خۆڕاگریی ئێوە تەواوی زریانەکان تێپەڕین و نەیانتوانی بڕیار و ئیرادەی سەربەخۆمان لەڕەگەوە دەربێنن.حیزبەکەتان بووەتە دروستکەری هاوکێشە ڕاستەقینەکە، نەک تەنها ژمارەیەک تا نەزانێک یان مەبەستدارێک بسڕێتەوە یان کورتی بکاتەوە.ڕەگە ڕێکخستنییەکانی لە قووڵایی خاکدان و چڵەکانی لە ئاسماندا بەرز دەبنەوە.
کوردستان بە ئێوە و بە تەواوی دڵسۆزان، ڕێگاکانی ئاوەدانکردنەوەی مرۆڤ و خاک تەواو دەکات؛ وەفادار بۆ ئەرکەکان، نیشانەی بەخشین، بلیمەتی و چاکەخوازیین لە هەر شوێنێک بن.ئێوە نوێنەرایەتی یەکێک لە مەزنترین کەسایەتییەکانی مرۆڤایەتی دەکەن؛ نوێنەرایەتی مستەفا بارزانی دەکەن، ئەو مرۆڤەی لەپێناو نەتەوە و گەلەکەیدا ژیا و ماڵئاوایی کرد.
پیرۆزبێت لە سەرجەم ڕێکخستنەکانی حیزبەکەمان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم دەستە و ئۆرگانەکانی. سەرجەم خۆشەویستی و شانازییەکانمان بۆ دۆستانی حیزبەکەمان – کە زۆرن – بۆ سەرجەم پشتیوان و هاوسۆزانی نەتەوەکەمان.
پیرۆزبێت ئەو هەوڵانەی هەشتا ساڵ لەمەوبەر دەستیان پێکرد و کادیرانێکی پێگەیاند کە کارەکانیان لە ڕووی سیاسی، سەربازی، ڕێکخستن، ڕاگەیاندن، یاسایی، ئیداری، ئاسایش، هۆشیاری، هونەری و پەیوەندییەکانەوە بەهێز کرد.
پیرۆزبێت لە ئێوە ئەم جەژنەی کە شایستەی ڕێزلێنان و ئاهەنگگێڕانە؛ ئاهەنگێک کە نوێکردنەوەی پەیمانی کارکردنە بە دڵسۆزی و دانایی، تاوەکو ئاڵاکانمان بە ڕابەرایەتیی سەرۆکەکەمان، مسعود بارزانی، بە سەربەرزی لە کوردستانە خۆشەویستەکەماندا بشەکێتەوە؛ کوردستانی ئازاد، دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

