رۆژنامەی ھەولێر

٨٠ ساڵ خەبات؛ پەیمانێکە بۆ قۆناغێکی نوێ

‎هاودەنگ فارووق
هەشت دەیە لە خەبات، هەشت دەیە لە مێژوو، هەشت دەیە لە گەڕان بەدوای داهاتوویەکی باشتر بۆ کوردستان. دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا، تەنها دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی کورد، وێستگەیەکی گرنگ بوو لە مێژووی نوێی کوردستاندا.
لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، مێژووی کوردستان بە چەندین قۆناغی سەخت و پڕ لە ئاڵنگاریدا تێپەڕیوە؛ لە شۆڕش و پێشمەرگایەتییەوە بۆ خەباتی سیاسی، لە سەرکوت و ئاوارەبوونەوە بۆ قۆناغی دامەزراندنی ئەزموونێکی نوێی سیاسی و حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. لە هەموو ئەو قۆناغانەدا، پارتی بە شێوە و ئاستی جیاواز بەشدار بووە و توانای ئەوەی هەبووە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەدا بگونجێنێت.
پارتی لە ماوەی هەشت دەیەی ژیانی سیاسیی خۆیدا، بەشێک لە ڕووداوە جومگەییەکانی مێژووی کوردستانی خوڵقاندووە و خەرمانێکی گەورەی لە ئەزموونی حوكمڕانی و تاقیکردنەوەی سیاسی کۆکردووەتەوە. لەگەڵ سەردەمە تاڵەکان، شکستەکان و هەستانەوەکاندا دەستوپەنجەی نەرم کردووە، زۆرجار بەگژ ئەستەمدا چووەتەوە و لە قووڵایی تاریکی و بێ‌ئومێدیشدا، جارێکی دی ئاوازی سەرکەوتنی چڕیوەتەوە.
ئەوەی ئەم مێژووە دەیڵێت تەنها داستانی خەبات و نەبەزین و گیانفیدایی نییە؛ بەڵکوو سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە گەلی کورد، کاتێک ئیرادە و باوەڕی بە مافە نەتەوەییەکانی هەبێت، ئەستەم بە کۆتایی ڕێگا ناژمێرێت. ئەوەی لای داگیرکەر خەیاڵ و نامومکینە، لای ئەو کەسانەی باوەڕیان بە ئیرادەی نەتەوەیی هەیە، دەکرێت ببێتە ئامانجێکی گەورە و دەستپێگەیشتوو.
بەڵام دوای ٨٠ ساڵ لە خەبات، بەرخۆدان و كۆڵنەدان، پێویستە هەڵوێستێکی قووڵتر و ڕاستگۆیانەتر لە خۆمان بنوێنین: ئێمە بۆ ئەو مێژووە چیمان کردووە؟ بۆ بەهێزکردنی پارتی و ڕێبازی بارزانی و پاراستنی لە لووتکەمانەوەی خەباتی نەتەوەییدا چی دەکەین؟ و بۆ ئەوەی ئەم ڕێبازە لە داهاتوودا بەهێزتر و کاریگەرتر بێت، چی دەبێت بکەین؟
لەوەش گرنگتر، چۆن دەتوانین هەموو داستانەکانی نەبەزین و سەركەوتنەكان، ئەو ڕووبارەی خوێن و ئارەقی پاک، ئەو قوربانییانەی لە پێناوی ماف و سەروەریی کورددا دراون، وەک پەیامێکی زیندوو بگەیەنینە نەوەکانی داهاتوو؟ چۆن دەتوانین هەر وێستگەیەکی ئەو خەباتە ئەفسانەییە بە زمانی سەردەم بۆ نەوەی نوێ بگێڕینەوە، بە شێوەیەک کە تەنها بیستەری مێژوو نەبن، بەڵکوو هەست بکەن خۆیان بەشێکن لە بەردەوامیی ئەو مێژووە؟